هاوسه‌رگیریی هاوڕێیانه‌

هیوا سەعید
  2019-07-12     588
"لیۆ شتڕاوس لەکتێبی دەربارەی ستەمکاریی، سێ جۆر ژیانی پێکەوەیی لەسەر بنەمای تێگەیشتنی زینۆفۆن دیاری دەکات:
پێکەوەبونی لەترسان،
پێکەوەبونی بەناچاریی،
پێکەوەبونی هاوڕێیانە.

لەنێوان ئەم سێ پێکەوەبونەدا، تەنیا پێکەوەبونی هاوڕێیانە بەتەندروست‌و ئەخلاقییانە دەزانێ، کە پێکەوەبونێکی ڕەزامەندانەیە. بەپێچەوانەوە پێکەوەبونی لەترسان‌و بەناچاریی، پێکەوەبونی باڵادەست (سەردار) و ژێردەستە (کۆیلە)یەکە ستەم و ناعەدالەتی وەک بێئەخلاقییەک لێدەکەوێتەوە. لە داهاتوی نزیک و دوریش ئەم پێکەوەبونەیان هەر بە هۆکاری بێئەخلاقی (بۆ درزتێخستنی ستەمکارییە بێئەخلاقییەکە)، ستەم بە ستەم درز دەبا و هەڵدەوەشێتەوە."

کاتێک ژن لەناوەوە بە تەواوەتی مێ و پڕ ژنانە دەبێ، دەرونی ئەم ژنبونە لە ڕێی زمان و هه‌ڵسوکه‌وتییه‌وه‌ بۆشاییەک پیشان ده‌دا، هەوڵی ئەوەیەتی بە قوتکردن و بڕینی ئەندامی نێرینە لەخۆیدا پڕی بکاتەوە. ئەوانی تری پیاویش، به‌ ده‌ربڕینه‌کانی زمان و جه‌سته‌یه‌وه‌ هەست بە بۆشایی ئەم جۆرە لە ژن دەکەن و بە مەبەستی پڕکردنەوەی چاوی تێدەبڕن.

بۆیە لە کۆمەڵگاکانی پابەند بە ئەخلاقی هۆشەکی میتافیزیکی، کە مێرد پیاوبونی لەسەر بنەمای مێکردنی ژنەهاوسەرەکەی دەبینێتەوە و دواتر ئەم مێبونە لێی دەبێتە گرفتێک و پێی پڕ ناکرێتەوە، له‌ کۆتایی ژیانێکی تەواو لە گومان و دڵپیسی و هاوسەرگیریان لێ دەبێ بە دۆزەخ. لەم ڕوانگەیەوەیە مێردەکان بیریان بۆ زۆر ڕێگری نمونەی دراوسێیەتی کەس و کارە نزیکەکانی خۆیان دەچێ، بەڵکو ژنەهاوسەرەکانیان بەوان داپۆشن و هیچ پیاوێکی تر دەستی پێیان نەگات.

وەک دیارە ئەم شێوەیە لە ژنبون، خۆیشی به‌شداره‌ لەم بەقوربانیبون (بەکاڵابون) و بەسترانەوەیەی لە ماڵەوە. بۆ ئەوەی ژن بەم شێوەیە کورت نەبێتەوە لەناوگەڵ، پێویستە به‌شه‌ دایکانه‌که‌ی ناوخۆی به‌ یه‌کجاری نه‌کوژێت.

له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ زیندوڕاگرتنی دایکایەتیش بێ گرفت نییه‌ و دایکایه‌تی جۆرێکە لە باڵادەستی و ئەم باڵادەستییەش بە پێچەوانەی ناسکی و نەرمی ژنانە، ڕەقبونێکی پیاوانەی ڕۆژهەڵاتیانه‌یه‌ و ئەگەری نەزۆکی هه‌یه‌. وەک فریدریک نیچە لەبارەی ئایینی مەسیحییەوە پێیوایە، لە ئایینی مەسیحیدا لاوازییەکی مێیانەی ڕۆژهەڵاتییانە ده‌بینرێت. بە مانای ئەو وتەیەی عیسا دەڵێ: زلەیەکیان لەلا ڕومەتێکتدا، لاکەیتریشیان بۆ ڕابگرە. ئەوە بە مێیانەی ڕۆژهەڵاتی لێکدەداتەوە. چونکه‌ بە تێگەیشتنی نیچە مێبون، ناسکبون و نەرمبونە، لە دەرەوەی ململانێ دەرونییەکانی وەک ڕقلێبونەوە و بەرەنگاربونەوەی ئەوانیتره‌.

لێرەدایە ئەو ژنانەی بە ڕقکردنەوە و ململانێی نەیارەکانیان، دەماری ژنانەیان وەردەگەڕێ بۆ دەمارێکی توندوتیژی (سادیستی) پیاوانەی ڕۆژهەڵاتییانەوە. واتا ئەو ژنانەی بە لێخۆشبونێکی عیسایانە (مازۆخییانە) دان بە لاوازی خۆیاندا نانێن و شەڕە دەرونییەکەیان بە ڕقهەڵەگرتن درێژدەکەنەوە، ئەم دەمارگرژییە نێرانەیان بەشێوەی سیمبولی بۆ پانتایی خەیاڵی مێردەکانیشیان دەگوازنەوە. ئەم واقیعەش جارێکی تر بەشێوەی سیمبولی لە پانتایی خەیاڵی مێردەکانیاندا، ئەوان بە پیاو دەچوێنێت. دواجار بەهۆی ئەم ڕق و دەمارە نێرینەیە و لەدەستدانی ناسکی و نەرمی ژنانە، وەک سترێسێک دەبێتە گرێیەکی دەرونی و نەزۆکییەک لە بەردەم منداڵخستنەوەدا، له‌ هه‌مان کات تێکشکانی دەرونی مێردەکان و توانای باڵادەستییان بەسەر ژنەهاوسەرەکانیانەوە نەمێنێت.
کەواتە بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، بە ڕه‌چاوکردنی گرێی ئۆدیب و ئەلێکترا* و هەردو چێژی سادی و مازۆخی (لەناو هەموپیاوێک باوکێک(گورگێک) و منداڵێک، لەناو هەموژنێکیش دایکێک و منداڵێک هەبێ)، ئەوا پێکەوەژیانی تەندروست ئەوەیە، ژن بە بەردەوامی لەپێناو چێژی ژێردەستەیی و مێبوندا (چێژکردنی مازۆخی)، ئیش لەسەر بەئاگاهێنانی گورگەکەی ناو پیاو نەکات و پیاویش لە ترسی ئەخلاقی هۆشەکی میتافیزیکی و نەریتی ترادسیۆنی (چێژکردن لە باڵادەستی)، ئەوە بە تێکشکان نه‌زانێ ببێتەوە بە منداڵێکی ژێردەستی ژنە هاوسەرەکەی، وەک دایکێک. 

لێره‌وه‌یه‌ هەتا ئەوکاتەی ئارەزوەکان لەم پێکەوەییە بە تێرخواردن لە یەکتریدا ئەزمونکراو و ناسراو (بێزار) دەبن، پێکەوەبونییان دور لە ترس و ناچاری، هاوڕێیانە و بە ڕەزامەندی هەردولا دەبێت.

* گرێی ئۆدیب ئه‌و گرێیه‌یه‌، فالیکی کوڕ له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا بە خەساوی دایکی یەکسان بۆتەوە، ئه‌م چه‌پاندنه‌ش‌ هۆکارێکە لە داهاتو ڕۆڵی خەساوییەکەی دایک بەشێوەیەکی سیمبولی له‌ به‌رده‌م باوکدا بگێڕێته‌وه‌‌. گرێی ئه‌لێکتراش، ئه‌و مه‌یله‌ی کچ به‌لای باوک و نیگه‌رانی له‌ دایکی، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ دایکەکە خۆی خەساوە (فالۆس) و ئەویشی بە خەساوی هێناوه‌ته‌ بون.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×