لەکۆتاییدا قارەمانەکە نایەوێ بمرێت!

هیوا سەعید
  2019-01-04     2773

ئەو پوچگەراییەی مرۆڤ نەناسراوانە لەناویدا دەژی، بە ژیانی فەلسەفەکاری و گەڕان بەدوای ڕاستیدا، هەرچەندە پوچییەکە بناسێ و بە داهێنان هەوڵی ڕزگاربون لێی بدا، گشت جارێک بە کۆتاهاتنی ژیانە داهێنەرییەکە، دەکەوێتەوە ناو یەکێتی بونێک (پانتیزم)، وەک پوچییەکی تری کوشندە.



لە شانۆگەری هەبونەبودا، ڕەجەب مرۆڤێکی ئەوەندە تەوەزەڵ و بێئاگایە، لە بن دارهەنجیرێک لەسەر پشت بە دەمکراوەیی ڕاکشاوە، لە چاوەڕوانی هەنجیرێک بەربێتەوە ناودەمی. دواتر ئەم مرۆڤە تەوەزەڵە، بەهۆی گیرۆدەبونی بە خۆشەویستی ناسکە و لەدەستچونی وەک ستەمێک، بەسەر پایەکانی هۆشیاریدا دەکەوێ و دواجار فەلسەفەکارانە، بە زانین خۆشەویستەکەی دەدۆزێتەوە و یەکدەگرنەوە.

لێرەدا گریمانەکە ئەوەیە، ڕەجەبی فەیلەسوف جارێکی تر ناسکە بزر بکاتەوە، بە شوێنیدا قۆناغەکانی زانین ببڕێتەوە و ببێتەوە بە چی، لەکاتێکدا ئەزمونی فەلسەفەکاری بۆ ئەم زانراو و بەکۆتا هاتوە، یان دور لە بڕینەوەی ئەم قۆناغە ئەزمونکراوە، لە بن دارهەنجیرەکە وەک دەستبەردارییەک لە ژیان ڕابکشێتەوە!

لە کۆتایی ڕۆمانی هاوزێدا*، قارەمانەکە بە پێچەوانەی ئۆدیب، لەبری کوشتنی باوک، بە پاساوی دەستتێکەڵاوی لەگەڵ پیاوانی دەسەڵاتدا، بە بڕیاری شۆڕش دایکی خۆی دەکوژێ. بە مانای شۆڕش و کوشتنی دایک، بەرانبەربونەوەی لۆژیک دژ بە شیعرییەت و پەشیمانبونەوەیەکی ئۆدیبیە، بۆ ئەوەی کوڕەکان لە کوڕی دایکییانەوە ببنەوە بە کوڕی باوکیان. لەبەرئەوەی کاتێک ئۆدیب باوکی خۆی دەکوژێ و دایکی لەخۆی مارە دەکاتەوە، ئەم هەست و سۆزە دایکانەیە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەخلاق و لۆژیکی باوکانەی باڵادەست، هەڵگەڕانەوەیەکی شیعرییانەی دژەباوە. بۆ ئەوەشی ئۆدیب لەم هەست و سۆزە دایکانە و شیعرییەتە، ببێتەوە کوڕی لۆژیک و باوکەکان، پێویستە پەشیمان ببێتەوە، ئەویش بە خۆکوێرکردن پەشیمانییەکە دەردەبڕێت.



بە هەمان شێوە قارەمانەکەی هاوزێ، دوای کوشتنی دایکی، بۆ درێژکردنەوەی ئەم کوشتنە و گوێڕایەڵی لە لۆژیکی باوکە شۆڕشگێرەکان و ڕاگرتنی چەک بەڕوی شیعردا، بەشداری شۆڕش دەکات. کەچی لەوێ کوشتنی بە ناڕەوای دایکی بۆ ڕون دەبێتەوە، بەوەی ئەم دەستتێکەڵییەی دایکی و پیاوانی دەسەڵات، بە فەرمانی شۆڕش بوە. بۆیە ئەمجارە کوڕەکە، هەتا لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییەی پێیگەیشت، بە لۆژیکێکی تر دژ بە لۆژیکەکەی ئەوان نەوەستێتەوە، بە بێهودەیی دەڵێ: تازە من چ بکەم، گۆڕەکە (بە نیازی زیندوکردنەوەی مردوییەک) هەڵدەمەوە، یان خۆم بکوژم! 



ئەم بێچارەییە لە نەگەڕانەوەی ڕابردو، سەرەڕای پەشیمانی لە کوڕایەتی باوکە شۆڕشگێرەکان، نایەوێ بە دژوەستانەوەشیان ببێتەوە کوڕی دایکی. بەڵکو بۆ هەڵاتن لە تەواونەبونی ئەم ناکۆکییەی تێز و ئەنتی تێز، خۆی بخاتە نێوان هەڵبژاردنی مانەوەیەکی بێئامانج لە ژیان و خۆکوشتندا، چونکە دوابڕیار یەکەمیان لەسەر بنەمای گەیشتن بە ڕاستەقینە هەڵدەبژێرێ و چەکەکەی فڕێدەدا.


بەو مانایەی شۆڕشگێڕێک لەبەر بێزاربون، چالاکی دوبارە ئەزمونکردنەوەی یەکجۆر خەباتی شۆڕشگێڕی تێدا نییە، ڕەجەبی فەیلەسوفیش لە ئەگەری لەدەستدانەوەی، ئیتر بەشوێن هەمان ناسکەدا ناگەڕێ. هەروەها ژیانی پاش ڕونبونەوەی ڕاستەقینەیەک، بێهەوڵ بۆ ئامانجێکی تر پوچ دەبێ، ئەم مانەوەیە بە پوچییەش سزای خۆنەکوشتنەکەیە، وەکئەوەی قارەمانەکە لە دوای فڕێدانی چەکەکەیی و بەجێهێشتنی شۆڕش، کە لە ڕێگا توشی کاروانێک دێ، فەردەپیازەکەی بەرەو لوتکەی چیاکە پێ باردەکەن، بە سزادانەوەیەکی سیزیفانەی، یەکسانکردنەوەی پانتیزم بە ئەبسێرد، لێی بار بکەن.



بەڵام ئەم تیکەڵبونەوەیە بە کاروان، وەک تێکهەڵکێشی دو ئەزمون (سێنتێز)، تێکەڵبونەوەی بەئاگایەکی ڕاستیناسە (ئەنتی تێز)، بە ژیانی بێئاگایی (تێز) و ڕاکشانەوەی ڕەجەبێکە ئەمجارە بە فەیلەسوفی لە بن دار هەنجیرەکە. لە بەردەوامی ژیانیشدا، دابڕان هەر بۆ ئەوە نییە، بە هەڵگری ناوەڕۆکێکی تر، بۆ دیسان باوەشکردن بەوەی لێی هەڵگەڕاینەوە. ناکۆکی و ململانێیەکی تر سەرهەڵدەداتەوە.



کەواتە باری بە شانهەڵگرتنی ژیان، بەهیوای گەیشتنە لوتکەیەک، هەرجارێک بکەوێ و خلۆر ببێتەوە و سەرلەنوێ بار بکرێتەوە، ئەم پوچییەیان لە نائاگایی لوتکەیەکی نەبینراوە. پوچییەکەی تر، دوای گەیشتن بە لوتکەکە، بزانرێ لوتکەیەکی دیکە بۆ بینین و ناسینی ڕاستەقینەیەکی تر بونی نییە، بارەکە لەپێناو یەکسانبونەوەی پانتیزم بە ئەبسێرد، بۆ سەرخستن بە شاندا بدرێ. دەبێتە خۆکوشتن.


*ڕۆمانی هاوزێ، نوسینی دلاوەر ڕەحیمی، چاپی یەکەم ۲٠۱۸.


                                                     


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×