کولتوری گەندەڵی، بیست میلیارەکەی پایتەختی ڕۆشنبیری

زامۆئا داراغا
  2019-09-10     1077


لە هەموو ولاتێکی پێشکەوتی فرە کولتوری ساڵانە بە ملیۆن دۆلار بودجە تەرخان دەکەن بۆ هونەر و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی کولتوری وڵاتەکە, ئەم بودجەیە بەپێی سیاسەتی کولتوری و ستراتیجیەتی وڵاتەکە بەرێوەدەبرێت بۆ بەرەو پێشەوە چوونی کولتور بە گشتی و بەرزبوونەوەی ئاستی کولتوری تاک لە ناو کۆمەڵگەکەدا. 


بەڵام ئەوەی لێرە ڕوودەدات لەهیچ شوێنێکی ئەم جیهانە ڕوونادان, پێش حەوت ساڵ بەر لەئێستا حکومەت بیست میلیار دیناری تەرخان کرد بۆ پایتەختی ڕۆشنبیری وە بەتایبەتی بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کولتوری و هونەری و ڕۆشنبیری ئەم شارە وە بڕیارەکە وابوو کە ساڵانە بیست ملیار خرج کرێت بۆشاری سلێمانی, بەڵام ئەم بڕە پارەیە یەکەم و ئەخیر جاربوو کە خرج بکرێت,
وە لە دوای حەوت ساڵ واتا لە دوای خرج کرنی ئەو بڕە پارەیە ئێستا حکومەت هاتۆتە سەر خەت و داوای لێکۆڵینەوە دەکات لە چۆنێتی و چەندێتی خەرج کردنی ئەو بڕە پارەیە,
لە مانگی حەوتدا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ( ئاڤان جمال ) داوای لێکۆڵینەوەی کرد لە چۆنێتی خەرج کردنی ئەم بڕە پارەیە .
هەروەها پەرلەمانتار ( شیرین ئەمین ) سەرۆکی لیژنەی دەست پاکی داوای زانیاری دەکات لە چۆنێتی خرج کردنی ئەوم بڕە پارەیە .
بە هەمان شێوە پەرلەمانتار ( سەعید هەرکی ) جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ,  داوای بەدواچون دەکات لەسەر ئەم کەیسەوە و دەلێت:- لە بیست ملیار تەنها 450 ملیۆن دینار دیارە و ئەوەی دیکە هەمووی بەهەدەر دراوە و دیار نییە.
لێرەوە چیمان بۆ دەردەکەوێت!! لە بنە ڕەتدا دەبوو هەموو ساڵێک بڕی بیست ملیار دینار خرج بکرایە بۆ پایتەختی ڕۆشنبیری واتا ( 140 ) ملیار دیناری دەکرد بۆ ئەم حەوت ساڵە وە دەبوو پارێزگای سڵێمانی و شارەوانی سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان داوای لێکۆڵینەوەیان لە حکومەت و پەرلەمانی هەرێم بکردایە کە بۆ تا ئێستا شایستە دارایەکانی پایتەختی ڕۆشنبیری نەدراو و بۆ هونەر و ڕۆشنبیری و کولتورتان پشت گوێ خستووە, کە بۆتە هۆی ئەوەی کە لەم حەوت ساڵەدا هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیجی گرنگ نەکرێت بۆ هونەر و ڕۆشنبیری و کولتور لە شارەکەدا. وە بە تەواوی پایتەختی ڕۆشنبیری پشت گوێ بخرێت.
ئەوەی تێبینی دەکرێت ڕوون نییە تێکەڵ بوونێکی نامۆ لە سیاسەتێکی نادیارە بۆ ناو ئەم بابەتە, کە لە ژێرەوە شتێک ئامادەدەکرێت کە هیچ پەیوەندیەکی نییە بە بابەتە سەرەکیەکەیە, ئەویش لێپرسینەوەیە لەو گەندەڵیانەی کە کراوە لەو حەوت ساڵەدا,
بەڵکو بە ڕوونی دیارە کە ئەم سیاسەتە بەلاڕێ بردنی بابەتەکەیە بۆ بابەتێکی لاوەکی و شاردنەوەی نهێنیەکانە و پەردەپۆشکردنی ئەو گەندەڵێانەیە کە کراون لەڕێگەی هونەر و ڕۆشنبیری و کولتورەوە نەک چارەسەرکردنی بابەتەکەبێت بە شێوەیەکی یاساری و شەفافانە.
لەگەڵ وروژاندنی ئەم بابەتە هەندێ پرسیار دێتە پێشەوە کە لە ئیستادا زۆر گرنگە بکرێت؟
گەر لێپرسینەوە و بەدواچون بۆ ئەم کەیسە لە بەرژەوەندی هونەر و ڕۆشنبیری و کولتوردابێت, بۆ ئەم بابەتە لە دوای حەوت ساڵ دەوروژێندرێت؟ بۆ بەتەنها پەنچەی تاوان ڕادەکێشرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری گشتی سلێمانی؟ ئەی بۆردی پایتەختی ڕۆشنبیری چی لێهات بۆ ئەم بۆردە نەما؟ بۆچی هەڵوەشایەوە؟ کەواتە ئەم بۆردە دەوریان چی بووە لە بەڕێوەبردنی پایتەختی ڕۆشنبیری؟ وەک هەموومان دەزانین ئەم بۆردی زۆربەی زۆری ئەندامەکانی بەرپرسی حکومی وناحکومیەکانی شاریان بەدەستەوەیە و پۆستی گرنگیان هەیە؟ ئەی دەوری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان چی بوو لەم کەیسەدا؟
کەهەندێک لەو بڕە پارەکە بە فەرمانی وەزیری ڕۆشنبیری خرج کراوە بۆ هەندێ لە پڕۆژە و چالاکی کە ئایا ئەمە بەپێی یاسا وەزیر بۆی هەیە دەسکاری بودجەی پایتەختی رۆشنیری بکات ؟ کە خۆی وەک وەزیر بودجەی هەیە و دەتوانێت لە بودجەی وەزارەتەکەی خرج بکات؟ هەروەها بۆ دەزگای چاودێری دارای هیچ هەڵوێستێکی نەبووە لەم حەوت ساڵەی ڕابووردودا؟ 
ئایا کە بڕیار دەرکرا لە پەرلەمانەوە بۆ دابین کردنی ئەم بودجەیە هیچ ڕێنمای یەکی ڕوون نییە یاسا و ڕێسایەکی لەگەڵ نەبووە؟ یان هیچ پلانێکیان بۆ دانرابوو کە ئەم بڕە پارەیە چۆن خەرج بکرێت؟ یان کێ ئەتوانێت ئەم بڕە پارەیە خەرج بکات,
بە لیژنە یان کەسێک دەتوانێت بە تەنها دەسەڵاتی خەرج کردنی هەیە؟ ئەی بۆ لە گەل دەرکردنی فەرمانەکە بۆ لیژنەی بەدواچونیان بۆ دروست نەکرد؟ بۆ لە سەرەتاوە لیژنەی دەست پاکی نوێنەری خۆی دانەنا بۆ ئەم کارە؟ ئەی کاری چاودێری و وردبینی بۆ بۆی نەکرا لە هەموو لایەکەوە لەگەڵ دەستێکی پارەدانەکەدا, بۆ نموونە فرمانگەی چاودێری لە پارێزگای سلێمانی یان بەشی وردبینی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ هەڵنەستان بەم کارە. 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری لە ڕێکەوتە 2019/9/1 ئاگاداریەکی بڵاو کردۆتەوە کە داوالەو هونەرمەندانە دەکات کە سودمەند بوون لە پارەی پایتەختی ڕۆشنبیری وە تا ئێستا کارە هونەریەکانیان نەکردووە لەم مانگەدا کارەکانیان تەواو بکەن گەر نا ئەوە لە ڕێگەی بەشی یاساوە لێپرسینەوە دەکرێت. 
بەڵام لە کاتی خۆیدا لەسەر یودجەی پایتەختی ڕۆشنبیری بە بڕی 25,000,000 بیست و پێنج ملیۆن تەرخان کرا بۆ نۆژەن کردنەوەی گەلەری سەردەم, وە لە دوای شەش مانگ دەزگای سەردەم هەستا بە داخستنی گەلەری سەردەم و بەکرێدانی بە کۆمپانیایەک بۆ کاری ئۆتۆمبێل, هیچ کەسێک و هیچ دامودەزگایەکی حکومی وە هیچ پەرلەمانتارێک وە هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا هەروەها بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی وە لیژنەی دەست پاکی نەهاتنە دەنگ, کە ئەم پارەی پارەی میللەت لە بودجەی پایتەختی ڕۆشنبیری خەرج کراوە و ئەم گەلەریە نۆژەنکردۆتەوە ئێوە چۆن دەتوان دایبخەن یان داوای ئەو بڕە پارەیە بکەنەوە کە خەرج کراوە لە نۆژەنکردنەوەی لە دەزگای پەخش و چاپی سەردەم, کە لە کاتێکدا ئەم گەلەریە داخرا تاکە گەلەری بوو لە سلێمانیدا وەک چەندێتی و چۆنێتی لە کارەکانیدا, کەس پرسیاری نەکرد ئەم بڕە پارەیە بۆ ژێرخانی کولتوری دانراوە کەچی دێن دوای نۆژەنکردنەوە دایدەخەن کە ئەمە دژی ئەو پڕۆژەیەیە کە سلێمانی ببێت بە پایتەختی ڕۆشنبیری,لە کاتێکدا لە هەموو دونیا کە کاریکی کەورە و دوور خایەند ئەنجام دەدرێت پێشتر بەدواچوونی بۆ دەکرێت و خەمڵاندنی پێویستی بۆ ئەنجام دەدرێت و خاڵە لاوازەکانی دیاری دەکرێت و چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە وە ساڵانە ئەم پرۆژەیە ئەپدەیتی بۆ دەکرێت و لەگەڵ گۆرانکاریەکانی کایەی کولتوری کۆمەڵگەکە پلان و سترانیجیەتی دەستکاری دەکرێت و گۆرانکاری بەسەردا دێت بۆئەوەی بتوانرێت ئەو پڕۆژەیە سەرکەوتووبیت لە هەموو ڕوویەکەوە.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە بنەڕەتدا هیچ کەسێک هەستی بە گرنگی ئەم کەیسە نەداوە, بابەتی کردنی شارێک بە پایتەختی ڕۆشنبیری کارێکی زۆر گەورەیە ئەمە گۆڕانکاری و کاریگەری دەبێت لەسەر کۆمەڵگەکە بەگشتی و بە تایبەتی لەسەر ئاستی تاک کە لەناو ئەم شارەدا دەژی, بە پایتەخت بوونی شارێک تەنها گۆرینی ناوێک نییە یان پێدانی نازناوێک نییە لەسەر بنەمای حیزبایەتی تەسک و دابەشکردنی نازناوەکان لە نێوان ئیمارەتی سەوز و ئیمارەتی زەرددا, بەڵکو سیاسەتێکی کولتوری گەورەیە بۆ پێشخستنی کایەی کولتوری لە ناو کۆمەڵگەدا, وە خاڵێکی گرنگە بۆ ئاڵوگۆر کردنی کولتورەکان لە رێگەی هێنانی کولتوری جیاواز بۆ ناو ئەم شارە وە ببێت بە شارێکە موڵتی کولتور و پێکەوە ژیان. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×