ئیفلاسی عەقڵیەتی سونەتی لەبەرێوەبردنی سیاسەتی کولتوریدا.. پارێزگاری سلێمانی بەنمونە

زامۆئا داراغا
  2020-02-15     854
بە بڕیاری پارێزگاری سلێمانی ماڵی (حاجی ڕەشید وەسمان چاوەش) کە وەختی خۆی  لەکاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کرابووە بە نەخۆشخانەی هێزەکانی ئینگلیز لە شاری سلێمانی, دەکرێت بە کتێبخانەیەکی نێودەوڵەتیی مۆدێرن لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی (شاری داهێنەری ئەدەبی)... 
گەر ئەم بڕیارەی پارێزگاری سلێمانی شی بکەینەوە وە لە ناوەڕۆکی لەم جۆرە لە بڕیارانە سەرنج بدەین, دەبینین ئەمە جۆریکە لە ئیفلاسی و چووینەوە و خوڵانەوە لە ناو بازنەیەکی داخراوی سونەتی کە هیچیان پێ نییە ئیتر دەڵێن با بکەین بە ( کتێبخانە ) 
لێرەوە با شیکاری بۆ ئەم بڕیارە بکەین کە ئایا دروست کردنی کتیبخانەیەکی نێودەوڵەتیی مۆدێرن لەو شوێنەدا گونجاوە؟ 
کە بە هەموو زمانە زیندووەکانی دونیا بەرهەم و توێژینەوە ئەدەبیەکانی لەخۆی گرتبێت, واتا بە هەزاران کتێب وە بە زمانی جیاواز و بابەتی جیاواز کتێب لەو ماڵە بوونی هەبێت. بۆ ئەوەی شیکاریەکە بە تەواوی بگاتە ئێوە پێوستی بە پرسیارکردنە لە سەر ئەم پڕۆژەیە,
کە ئایا ئەم ماڵە گونجاوە بۆ ئەم جۆرە لە پڕۆژەیە کە لە توانایدا بێت ئەم هەموو کتێبە لە خۆ بگرێت وە لەگەڵ ستافی بەڕیوەبردن و هەروەها سەردان کردنی میوان بۆ خوێندنەوەی کتێبەکان لەناو کتێبخانەکەدا و سود وەرگرت لەو شوێنە وەک ماڵێکی کۆنی شاری سلێمانی.
هەروەها دروست کردنی ڕەفە و کورسی و مێز و ژووری بە ڕێوەبەر و ژووری کارگوزارەکان هۆڵی سیمینار و کۆبوونەوە وە زۆر شتی تر کە زۆر گرنگە هەبێت لە هەموو کتێبخانەیەکدا یان لە کتێبخانەیەکی نێودەوڵەتیی مۆدێرندا بوونی هەیە, 
ئایا ئەم هەموو شتانە لە ماڵێکی وەک ماڵی (حاجی ڕەشید وەسمان چاوەش) جێی دەبێتەوە کە لە دوو نهۆم پێکهاتووە وە ژوورەکانی هەمووی بجوکن.
پرسیارە کە زۆر سادەیە... بەڵام بۆمان ئاشکرا دەکات کە ئەم کەسانە جۆن بیر دەکەنەوە بە چ عەقڵیەتێک سیاسەتی کولتوری ئەم شارە بەڕێوەدەبەن, ئەم عەقڵیەتە سەتحیە کە نایەوێت خۆی هیلاک بکات وە بە قوڵی بیر لە کایەی کولتوری شار بکاتەوە وە بیەوێت بە جدی شار پێشکەوێت لە ڕووی کولتوری و ڕۆشنبیری و هونەریدا بە بێ ئەوەی ڕاوێژ بەکەس بکات دێت ئەم ماڵە دەکات بە کتێبخانی نێودەوڵەتی مۆدێرن بە بێ پلان و دانانی سیتڕاجی و دیراسەکردنی وردەکاریەکان بڕیار دەدات. 
لێرەدا بە گرنگی دەزانم ئەم چەند پرسیارەش ئاراستەی پاریزگای سلێمانی بکەم کە پەیوەندی بە پڕۆژەی ( کتێبخانەی نێودەوڵەتیی مۆدێرن ) هەیە... 
ئایا دەزانن چەند کتێبخانە هەیە لە ناو شاری سلێمانیدابە داتا تا ئێوە ئەم بڕیارەتان داوە بە کردنەوەی کتێبخانەی نێودەوڵەتیی مۆدێرنی تر؟ 
ئایا کتێبخانەکانی تر پیوستیان بە نۆژەنکرنەوە و گەورە کردن و فراوان کردن نییە؟
وە لە هیچ شتێکیان کەم نییە بۆ نموونە ( کتێبخانەی گشتی سلێمانی )  
ئایا ناکرێت ئەم پڕۆژەیە بکرێت بە بەشێک لە کتێبخانەی گشتی وە لە هەمان باڵەخانەدا شوێنێکی بۆ دابنرێت؟ 
یان لە پشتی کتێبخانەی گشتی کە کارگەی جگەرە هەیە وە شوێێکی زۆر هەیە ئەم پڕۆژەیە ئەنجام بدەن؟ 
ئایا شوێنێکی ترتان نەبوو بۆ ئەم پڕۆژەیە بێجگە لە ماڵی (حاجی ڕەشید وەسمان چاوەش) کە گونجاو تر بێت بۆ ئەو پڕۆژەیە؟ یان بۆ ئەم ماڵە بە تابەتی دەبێت ببێت بە کتێبخانە 
ئایا پارێزگای سلێمانی راوێژکاری هونەری کولتوری نییە تا ڕاوێژیان پێبکەن؟ 
ئایا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و بەڕیوەبەرایەتی کتێبخانەکان ئاگاداری کراونەتەوە کە ئەم پڕۆژەیە لەو شوێنەدا دروست دەکرێت؟   
ئایا گەڕەکی سابون کەران وە بەتایبەتی ئەو گەڕەکەی کە ماڵی (حاجی ڕەشید وەسمان چاوەش) لێیە شوێنێکی گونجاوە؟ 
ئەو کۆڵانە تەسکانە نەبوونی پارک بۆ ئۆتۆمبێل توانای هەیە ئەو میوانانەی کە سەردانی دەکەن بە بی کێشە بگەنە ئەو کتێبخانە نێودەوڵەتیی مۆدێرنە؟ 
ئایا ڕاوێژتان کردووە بە بەڕیوەبەرایەتی پلان دانان و شارەوانی سلێمانیەوە؟
ئایا بڕیاری تاکڕەوانە خزمەت بە کایەی کولتوری و هونەری شارەکە دەدات؟
ئەوەی دەردەکەوێت لە ئەنجامدا ئەوەیە کە ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە و بەڕیوەبردنی سیاسەتی کولتوری توشی حاڵەتێکی نەزۆکی بووە کە ناتوانێت بیر لە پڕۆژەی گرنگ بکاتەوە بۆ شارەکە, فۆرمێکی هەیە لە شێوەی خانووی دەیەوێت بەرگێکی بە بەردا دەکات کە بە هیچ جۆرێک بۆ ئەو فۆرمە نابێت وە دێت ناوێکی زل و گرانی بە بەرگدا دەکات و ناوەڕۆکەکەی بۆشە وە هەروەها جێبەجێکردنی مەحاڵە لەو جێگەیەدا. 
ئاسانترین بیرکردنەوە کە لە ئێستادا باوە با بیکەین بە ( کتێبخانە ) بۆ ئەوان جیە چەند کتێبێک و چەند ڕەفەیەک و دوو سی وێنەی شاعرانی کوردی ناوبانگ بە کوالیتی خراپ و ناشرین هەڵدەواسن, بە ستافێکی نەشارەزا و بێ زانیاری و بێ سەلیقە ئیتر تەواو ئەو شوێنە بوو بە کتێبخانەی نێودەوڵەتیی مۆدێرن . 
بەڵام نازانن  یان دەزانن و خۆیان لە گێلی دەدەن کە ( کتێبخانەی نێودەوڵەتیی مۆدێرن ) پێوستی بە شوێنێکی گەورە هەیە و دیزاینێکی تابەت بە کتێبخانە هەیە وە لە ئێستادا کتێبخانەی مۆدێرن  بریتی نییە لە دانای کتێب لە ناو ڕەفەیەکی ئاسندا بەڵکو زۆر لقی لێ بووەتەوە بووە بە شوێنێکی ئەکتپڤی چالاک بۆ هەموو کایەکانی کولتر لە ناو کۆمەڵگەدا وە بگرە بەشی تەکنەلۆژیا و فلم و موزیک و شێوەکاری هاوچەرخ تێکەڵاو بووە, بەم عەقڵیەتەی ئێوە ناتوانرێت کتێبخانەی نێودەوڵەتیی مۆدێرن دروست بکرێت وە بەتایبەتی لەو شوێنەدا.   
من پێشنیار دەکەم ئەو شوێنە بکرێت بە سەنتەرێکی کولتوری هونەری لۆکاڵی بۆ کەرەکی سابون کەران کە چەندین چالاکی لە خۆ بگرێت وە منداڵان و گەنجان و ژنان و پیاوانی بەتەمەنی گەرەکی سابون کران ڕاستەوخۆ بەژدار بن لەم سەنتەرەدا, لە ژێر چاودێری پارێزگادا وە بە دابین کردنی هونەرمەند و ڕۆشنبیر و کەسانی شارەزا لە بواری کولتوریدا و کۆمەڵناسیدا,
ئەم مۆدێلە لە هەموو گەڕەکەکانی شار دروست بکرێت وە لەڕێی ئەم سەنتەرانەوە بتوانرێت ئاستی وشیار و ڕۆشنبیری و کولتوری بەرزبکرێتەوە وە کۆمەڵگە لە مرحەلەیەکەوە بگوێزینەوە بۆ مەرحەلەیەکتری پێشکەوتوو کە توانای گۆرانکاری هەبێت. زامۆئا داراغا 2020
تێبینی:- بە دڵنیایەوە من وەک خۆم کێشەم نییە لە گەڵ کتێبخانەدا بە گشتی  وە دروست کردنی کتێبخانە شتێکی زۆر گرنگە نەک تەنها بۆ ئەمڕۆ بەڵکو گرنگە بۆ هەموو سەردەمێک, بەڵام چ جۆرە کتێبخانەیەک کە توانای ئەوەی هەبێت پێداویستیەکانی سەردەمەکەی خۆی پڕبکاتەوە وە ببێت بە بەشێکی چالاک لە نێو کۆمەڵگەدا.
پێویستە ئەم پڕۆژەیە ڕاگیرێت وە گرنگی بدرێت بەو کتێبخانانەی کە ئێستا بوونی هەیە لە ناو شاری سلێمانیدا, هەروەها هەوڵ بدرێت کتێبخانەی گشتی سلێمانی بکرێت بە   کتێبخانەی نێودەوڵەتیی مۆدێرن. 
وێنەی یەکەم هەواڵی دروست کردنی کتێبخانەی نێودەوڵەتیی مۆدێرن لە پەیجی پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە. 
وێنەی دووهەم   کتێبخانەی گشتی شاری شتوتکارتە لە وڵاتی ئەڵمانیا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×