عێراق پاش سێ مانگ لە خۆپیشاندان

یاسین ته‌ها
  2019-12-26     602

خۆپیشاندانەكانی بەغداو پارێزگاكانی باشوور بەرەو مانگی سێیەم دەچن و ژمارەی كوژراوەكان بۆ 500 كەس و بریندارەكان بۆ نزیكەی 22 هەزار هەڵكشاون، كەچی هێشتا دەسكەوتە سیاسییەكانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتییەكان جێگەی گومان و مشتومڕن، بەپێچەوانەی دەسكەوتە كۆمەڵایەتییەكانەوە كە خۆی لە گەڵاڵەكردنی گوتارێكی ڕەخنەگرانەی نا تایفی و كاری پێكەوەیی گەنجان و ژیانەوەی هەستی عێراقچێتیدا دەبینێتەوە بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر.
خۆپیشاندانەكان حكومەتی عادل عەبدولمەهدییان ڕووخاند، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان گۆڕی، یاسای خانەنشینی یەكگرتوویان هەمواركردەوە و سێ ساڵ خانەنشین بوونیان هێنایە پێش، هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازانی بەرپرسانیشیان بەئاكام گەیاند. لەكۆی ئەم پێشهاتانەش دوو هەنگاوی یەكەم هەڵگری بۆچوونی جۆراوجۆرن و تاڕادەیەكیش دوو یاساكەیتر بەدەسكەوتی جوزئی و مەعنەوی بچوك دەدرێنە قەڵەم.
ئەگەرچی خودی عەبدولمەهدی و حكومەتەكەشی سەبەبكاری دۆخی ئێستای عێراق نین و مەسەلەكە كەڵەكە بوونی شكستەكانی 15 ساڵی حوكمڕانییە، بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت لەژێر گوشاری خەڵك و پاشان مەرجەعیەت حاڵەتێكی بێ پێشینەیە لە عێراقی دوای 2003 و دەشێت بۆ داهاتوو ببێتە نەریت، سەرباری ئەو دەسكەوتەش هێشتا خۆپیشاندەران لەگەڵ پایەكانی "سیستمی 2003" لە چنگەكرێدان ڕوون نییە جێگرەوەی عەبدولمەهدی چۆن دەبێت و ڕەوشی حوكمڕانی لەپاش عەبدولمەهدی بەچ ئاقارێكدا دەڕوات.
سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردنیش كە وەك دەسكەوت وێنا دەكرێت هاوتای ئەو خۆشبینییەی لەبارەی بە بازنەكردنی قەزاكانەوە هەیە (100 هەزار دەنگدەر و بازنەیەك و كورسییەك)، هێندەش ترس و نیگەرانی لە باڵادەستی زیاتری حیزبە گەورەكان و عەشیرەت و خەڵكانی پارەدار و چەكدار و پۆپۆلیست و پەراوێزخستنی كەمایەتییەكان هەیە و بابەتێكی جێ مشتومڕی نێوان شارەزایانی سیستمەكانی هەڵبژاردنە و تا بازنەكانیش بە پاشكۆیەكی یاساكە پەسەند نەكرێن نازانرێت هیڵە گشتییەكانی پەڕلەمانی داهاتوو كتومت چۆن دەبێت، چونكە ئەو دابەشكارییە هێڵراوەتەوە بۆ وەزارەتی پلاندانان و لیژنەی یاسایی و دەنگدانێكیتر.
بڕیار وەهایە ئەو حكومەتەی كە لەجێگەی عەبدولمەهدی دەستبەكاربێت كاتیی بێت و ئامادەكاریی بكات بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، بەڵام ئەو شەڕە سوورەی هێزە شیعە گەورەو كاریگەرەكان و لەپشت ئەوانیشەوە سوپای پاسداران دەیكەن لەسەر پاڵێوراوەكانی سەرۆك وەزیران وەها ناڵێت، وەك ئەوەی مەبەستیان تەواوكردنی سێ ساڵەكەی پاش عەبدولمەهدی بێت، ئەمەش پێچەوانەی خواستی خۆپیشاندەران و سیستانییە كە لەدوا وتاری هەینی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد.
هەموو ئەو ناوانەی تا ئێستا لەلایەن هاوپەیمانێتی بیناوە (شیعەو سوننە پاشكۆكانیان) پێشكەشكراون تا ئێستا (ئیبراهیم علوم و قوسەی سوهەیل و ئەسعەد عیدانی)، هەر كۆنەو كوتەكانی ناو سندوقی نوخبە سیاسەتوانە شیعییە تاقیكراوەكانن، ئەمەش دژی خواستی خۆپیشاندەرانە كە چاویان لەسەر ناوێكە تا ئێستا پۆستی وەرنەگرتبێت و لەقوڕاوی گەندەڵی تێوە نەگلابێت و ئازاو جەربەزە بێت، ئەمەش بەشێكی خۆشبینی سیاسییە لە دۆخێكدا كە وڵاتەكە هەر چوارچمكی بەدەستی ئێران و نفوزی ئیقلیمی و دەرەكییەوەیە. لەبارەی باكگراوەند و سیمای سەرۆك وەزیرانەوە كەلێنی نێوان هێزە شیعییە حوكمڕانەكان و خەڵك زۆر قووڵ و بەرینەو سازشی هەرلایەكیان بۆ ئەویتر لەمبارەیەوە وەك جۆرێك لە خۆكوژی دێتە پێش چاو بۆیە ئەگەری زاڵ ئەوەیە ململانێكە تا دوا وێستگە بڕوات و لەو نێوانەشدا بەرێژەیەكی زۆر موقتەدا سەدر هێلكەی قەپانەكە دەبێت چونكە پێیەكی لەناو ماڵی شیعی و پێیەكەیتری لە شەقامە بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت ئەگەر ئەو ڕازی بوو ئیتر ناڕەزایەتی كۆتایی بێت و دوور نییە سەرۆك وەزیرانی نوێ یەكەم كاری بەكوشتنی خۆپیشاندەران دەست پێ نەكات چونكە بەزۆر پێوەر گەڕانەوەی عێراق بۆ پێش 1 تشرینى 2019 ئاسان نییە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت.

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×