کاروانی فرمێسک، تراجیدیای جینۆسایدی هیندییە سوورەکانی ئەمریکا
  2023-12-28       780       

خێڵی  چێرۆکی:  دوو نیشتمان و یەک میللەت

 

 لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

ئێمە ئێستا لەگەشتێکداین لە نێو کۆمەڵگەیەکدا کە پێیدەوترێت لۆست سیتی Lost City لە هەرێمی چێرۆکیدا لە ویلایەتی ئۆکڵاهۆما. پیاوێکی چێرۆکی دەمبات بۆ جێگایەک کە پڕە لە یادگاریی گەنجێتیی خۆی و هێند هەست بە یادگارییەکان دەکات کەوا لەگوێیدا دەزرنگێتەوە و دەڵێ "گوێم لە خوڕە و گۆرانیی ئاوە، دەمەوێت لەسەر بەردێکی ئەو گوێ چەمە دانیشم و گوێ هەڵخەم بۆ بڵقی ئاوی ئەو جۆگەلەیە و بەردەوام گوێم لە گۆرانی ئاوەکەی بێت". تەواوی ئەم وڵاتە شوێنی چەم و ڕووباری بەخوڕە کەوا کانیاوەکان و دۆڵ و شیوەکانی ڕێگەی خۆیان لە ڕوومەتی بەردە گەچۆڕەکانی هەردە و هەڵەتەکانی ئۆکڵاهۆمادا هەڵکۆڵیوە. ئەم شوێنە هێجگار پانوپۆڕە و بە دەشتاییە سەوزەکانیدا ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخ بڵاوبوونەتەوە. قەدپاڵی گرد و تەپۆڵکەکانیش یەکپارچە دارستانی داربەڕوو، دارکەوت، سوورەچنار و گوێزن و لە هەموو لایەکیشەوە هەروا خانووچکەی سادە و ساکاری ئەم کۆمەڵگەیەن.

ئەمەیە وڵاتی هیندییە سوورەکان، بەڵام نەک بەو واتایەی کە وەک پاوان و پارێزێک Reservation تەماشا بکرێت. ئەمە وڵاتی گەلی چێرۆکییە Cherokee Nation کە نیشتمانی سەربەخۆی دانپێدانراو بوو، بەپێی ڕێککەوتنامەیەک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بۆ ماوەیەکی زۆری سەدەی نۆزدە. پاشانیش، بەر لەوەی ئەم ناوچانە بکرێن بە ویلایەت ئۆکڵاهۆما بوو بە پەناگەی زیاد لە شەست خێڵیان، لەمانە میللەت یان خێڵی بە ژمارە و بە قەبارە گەورەیان چێرۆکی بوو کە باڵادەستترین و زۆرترینی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا بوون و تا ئێستاش هەر ژمارەیان لەوانیتر زۆرترە. ئێستا لەو چواردە ناوچەیەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکڵاهۆما ١٦٥ هەزار چێرۆکی خۆیان بە ئەندامی ئەو گەلە دەزانن کە هیچکام لە تیرە و خێڵە ڕەسەنەکانی ئەمریکا لە ئاستی ئەواندا نین بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی خۆیان. ژمارەی دە   هەزار و پێنجسەد کەسی تریان لە ئۆکڵاهۆما نین، بەڵکوو لە چێرۆکییەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکان، لە پاوانێکی پەنجا و شەش هەزار هێکتاریدا لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور نیشتەجێن و پێکهاتەیەکی پتەوی خێڵەکییان دروستکردووە.

ئەم پیاوەی لەگەڵمایە نەوەی پێنجەم و پتر لە سەد و پەنجا ساڵی دابڕانە لە زێدی خۆی و ئێستا لە یادەوەریی خێزانیشدا ئەوە دەرناکەوێت کەوا کام لە باوباپیرانی هەوەڵ جاری گەیشتوونەتە ئەم هەردە و تەپۆڵکە سەوزانەی ڕۆژئاوای پان و بەرین لە دەمی ڕاپەڕینیاندا لە ناوچەکانی ئەپەڵاشیای دووری دوورەوە و کەم دەربازبووی ڕۆح بەئازاریان بووە لە کاروانی فرمێسکدا Trail of Tears. هاستینگ شەیسی بەڕەگەز چێرۆکی ئۆتۆمبێلەکەی وەرچەرخاندە     لاڕێ و وتی "ئەمە شوێنی باپیرە گەورەمە و من لە چلەکانەوە لێرە گەورەبووم"، ئەوجا لە پشتی پەرژینێکی تەلدڕکەوە کێڵگە و مێرگێک دەکەوتە بەرچاو و ڕیزێک دارستان بەرەو چەم و ئاوێکی بەخوڕ شۆڕدەبووەوە. یادەوەرییەکان بارێکی قورسن بەسەر چێرۆکی و زۆربەی خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکاوە کاتێ کە دەیانەوێت ناسنامەی فەرهەنگییان بسەلمێنن لە جیهانێکی تەکنەلۆجیا بەرزدا. چێرۆکی، بەپێچەوانەی تیرە و خێڵەکانی ڕۆژئاواوە وەک ناڤاجۆ  Navajo و سیوکسSioux  لە نیشتمانی خۆیاندا لە ڕۆژهەڵات قاڵبوون لە پێناسەی ڕەچەڵەکیاندا کاتێ کە خۆ ڕادەهێنن لەسەر شێوازی ژیانی سپیپێستەکان. کەواتە بەپێی ئەو بارودۆخە، چێرۆکییە ڕاگوێزراوەکان بۆ ئۆکڵاهۆما لە نێو تەواوی کۆمەڵ و گرووپەکانی هیندییە سوورەکانی باکووری ئەمریکادا، پێدەچێت باشترین سەرکەوتنیان بەدەستهێنابێت لە بەیەکەوە گرێدانی ئەو دوو جیهانە جیاوازەدا، چاک بێت یان خراپ، لە ژیان و گوزەرانی سەدەی بیستەمی هیندییەکاندا. لەڕاستیدا ئەمڕۆ گەلی چێرۆکی وا دێتە بەرچاو کە ەتوانن بچنە هەر شوێنێک یان هەر شتێک بکەن چەشنی پەڕەکەی هاستینگ شەیس.

ڕۆژگارێک بوو ئەوان لە دیدی خەڵکی ترەوە بە میری چیاکانی باشوور دەناسران، بەڵام لەناو خۆیاندا خۆیان بە خەڵکی دەمڕاست دەزانی. شوێنەوارناسان پاش لێکۆڵینەوە و کنە و پشکنین گەیشتوونەتە ئەوەی کە دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش لە باشووری ئەپەڵاشیادا ژیاون. لەو ڕۆژەوە کە بۆ یەکەمجار بەرەنگاری ئەوروپاییەکان بوونەوە، کە ساڵی 1540 بوو لەگەڵ هێرناندۆ دی سۆتۆ  چێرۆکی جێپێی خۆیان لە هەرێمێکدا چەسپاندبوو کەوا سێ جاران لە ویلایەتی ئەمڕۆی ڤێرجینیا گەورەتر بوو، کە لە ڕووباری ئۆهایۆ لە باکوورەوە درێژ دەبووەوە بۆ ڕووباری چاراهووچی لە جۆرجیای ئەمڕۆدا و لە دۆڵی تەنەسییەوە لە ڕۆژهەڵات بەسەر زنجیرە چیای سمۆکیی گەورەدا  بۆ قەدپاڵەکانی هەردوو کارۆلاینا. لە سەردەمی دڕندەیی و شەڕوشۆڕدا چێرۆکی بەردەوام شەڕیان بە چۆکتاو و کریکی دراوسێیان دەفرۆشت و لە شەڕدا پشتگیریی ئینگلیزیان دەکرد دژ بە فەرەنسییەکانی جیهانی نوێ (لێرەدا مەبەست ئەمریکایە کە پاش دۆزینەوەی ئەم ناوەشی بەسەردا بڕابوو - وەرگێڕ) دژ بە ئەمریکییە پاڵتۆ شینەکان، بەڵام لە جەنگی ساڵی 1812دا دایانە پاڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان. شێرەکوڕانی چێرۆکی لە ژێر ئاڵای ئەندرو جاکسۆن لە شەڕی (هۆرسشوو بێند Horseshoe Bend)دا لە ئەلەباما بەشدارییان کرد و یەکێک لە سەرکردەکانیان جاکسۆنی دەربازکرد لە تۆماهۆکێکی کریکەکان (تۆماهۆک چەکێک بووە لە شێوەی پاچدا کە هیندییە سوورەکان بەکاریان هێناوە - وەرگێڕ). ئەندرو جاکسۆن کە خێڵەکان ناویان لێنابوو "کوتەکە کۆن" یان "چەقۆی تیژ"، بوو بە سەرۆکی حەوتەمی ویلایەتە یەکگرتووەکان و زۆر سپڵە و بێئەمەک دەرچوو بەرانبەریان و یاسای ڕاگواستنی ساڵی ١٨٣٠ خێڵە هیندییەکانی ئیمزا کرد و بەم یاسایە چێرۆکی و خێڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕاگواست بۆ ئەودیو ڕووباری مسیسیپی.

هەرچەندە چێرۆکی بەپێی ڕاوێژی تۆماس جێفەرسن نوێنەری خۆیان هەبوو، هەرچەندەش حکوومەتی دەستووریی خۆیان پێکهێنابوو بە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران و بە سەرۆکێکی هەڵبژێردراوەوە و بەم پێیە قوتابخانەی خۆیان هەبوو و زمانێکی نووسینیان هەبوو کە لە ئەلفبێی بڕگەیی خێڵەکانەوە داڕێژرابوو، بە ناوی (سێکۆیاه Sequoyah)، بەڵام لە دید و بۆچوونی جاکسۆنییەکانەوە، هیندییەکان دەبوو بڕۆن و ئەو وڵاتەی خۆیان بەجێبێڵن. ئاڵتوون لە جۆرجیا دۆزرایەوە و (نیو سەدە لەوەوپاشیش لە ناوچەی بلاک هیڵی سیوکسەکانیش دۆزرایەوە و داگیرکەرە سپیپێستەکان بەپەرۆش بوون بۆ زەویوزاری نوێ و ئاغا و خاوەن مڵکەکانی مەملەکەتی لۆکە چاویان بڕیبووە کێڵگەی گەنمەشامیی هیندییەکان و تەماحی ئەوەیان تێکردبوو بیکەنە مەزرای لۆکە چاندن.

بەم جۆرە 'هیندییە سوورەکان' ڕۆیشتن و یەکەمجار خێڵی چۆکتاو لە زستانێکی تۆف و کڕێوەدا بە پێی پەتی و کەمیی پۆشاک و خۆراک لە ناوچەی مسیسیپی دەرکران و دوای ئەوان خێڵی کریک لە ویلایەتی ئەلەباماوە و هەندێکیان بە کۆت و پێوەندەوە. کەشتییەکی هەڵم لە ڕێگایەکی ئاویی ئەو گەشتە زۆرەملێیەدا وەرگەڕا و سێسەد کەسیان لێ خنکا. پاشانیش خێڵی چیکاساو لە ناوچەکانی ئارکانسۆ و مسیسیپییەوە و خێڵی سێمینۆڵیش لە فلۆریداوە. دوای ئەمان سەردەمی ڕاگواستن و پەڕەوازەبوونی چێرۆکی هاتەپێشەوە کەوا بوێرانە داکۆکییان لەخۆیان دەکرد لە دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکاندا و کارێکیان کرد کە سەرۆکی دادگا جۆن مارشاڵ دان بنێت بە بارودۆخی سەربەخۆییان و مافی مانەوەیان لە جۆرجیادا، کەچی کاتێکیان زانی سەربازەکانی جاکسۆن ئابڵووقەیان دان و لە کەمپی کۆکردنەوەی بەندیخانە ئاسادا دەسبەسەریان کردن و بە پیادەڕەوی ماوەی نۆسەد میلی پێچاوپێچیان پێبڕین بۆ ڕۆژهەڵاتی ئۆکڵاهۆما و نزیکەی پانزە هەزار کەس لە چێرۆکی لە کاروانی فرمێسکدا بەرەو ڕۆژاوا ڕۆیشتن لە هەردوو ساڵی 1838 و 1839دا و بە تاقم تاقم و دەستە دەستەی گەورە و بچووک ڕووبەڕووی دەرد و مەینەتییەکی ئەوپەڕی سەخت و تاڵ بوونەوە و هەر لە دیزانترییەوە تا گرانەتا و هەر لە ئاوڵەوە تا کۆکەڕەشیان تووش بوو. ئەمە وایکرد کە زنجیرەیەک گۆڕ تاوەکوو ڕۆژئاوا درێژ ببێتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەمپەکان و لە کاروانەکەدا مردن بە زیاد لە چوار هەزار دەخەمڵێنرێت،  واتە چواریەکی ئەو خەڵکەی کە ڕاپێچ کرابوون.

لانیکەم هەزار کەسی تری چێرۆکی "بەخت" یاوەریان بوو و لە ڕاپێچکردنەکە دەربازبوون بە هۆی خۆدزینەوە یان بەخشینی تایبەتی و دایانە شاخی  سمۆکیی مەزن Great Smoky و بوون بە بناغەی باندەکەی ڕۆژهەڵات و هێرشیان دەکردە سەر دەسەڵاتی سپیپێستەکان. ئێستا چێرۆکییەکانی کارۆلاینای باکوور، 165 ساڵ لە پاش ڕەوکردن 7500 کەسیان لێماوەتەوە، لە شوێنێکدان پەنجا میل لە شاری ئاشڤیڵەوە دوورە و لە نزیک ناشناڵ پارکی سمۆکیی مەزنەوە.        (بۆ ئاگاداریی خوێنەر گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافیک ئەم ڕیپۆرتاجەی لە ساڵی ١٩٩٥دا بڵاوکردووەتەوە - وەرگێڕ). ناوجەرگەی مۆڵگەی پارێزگاری reservation یان مەحمییەی چێرۆکی، کە بە (کوالا باوندری Qualla Boundry)  دەناسرێت و بنکەی سەرەکیی باند یان تاقمەکەی ڕۆژهەڵاتە، شارەکەی چێرۆکییە کە بە زنجیرە شاخی قەشەنگ و دڵڕفێن دەوردراوە و شوێنێکی کەموێنەیە لە جوانیداو گەشت و گوزارێکی پڕبرەوی تێدایە.

ڕەنگە مایەی گاڵتەجاڕی بێت کە باس لە ڕوخساری بازرگانیی چێرۆکییەکانی کارۆلینای باکوور بکرێت، چونکە لە پاش یەک سەدەی تەواو ژیان و گوزەرانی هەژاری و برسێتیی چێرۆکییەکانی کوالا لە ساڵی 1934دا دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ ڕەخسا کاتێک کە مام سام Uncle Sam  (مەبەست ئەمریکایە - و) پارکیکی نیشتمانیی نوێی لە چیاکانی سمۆکیدا دروستکرد (ناشناڵ پارک) بەتەنیشت مۆڵگەی پارێزگارییەکەیانەوە (محمیة). لە ماوەی چەندین ساڵدا بەهۆی   گەشت و گوزارەوە ژیانیان بەرقەرار بوو. خۆ ئەگەر هەندێ گەشتیاری بێئاگا بیانویستایە وێنەی فۆتۆگرافیی سەرۆکە جەنگاوەرەکان بگرن (بە پارە) و بەتەنیشت خێوەتە چەرمەکانیانەوە (ئەم خێوەتە چەرمانە شێوەیەکی قووچەکیان هەیە و پێیان دەوترێت تەپی Tepee بە زمانی خۆیان - و)،  ئەوە خێڵی چێرۆکی ئەوەیان قبووڵ نەکرد و باش دەیانزانی بۆچی و لەبەرچی وا دەکەن. یاریی بینگۆ سەرچاوەیەکی باشی داهاتیان بوو و لە پاش هۆڵەکانی بینگۆ و تەپی و تۆماهۆک لە شاری چێرۆکیدا ویستم ئەو کۆڕ و کۆمەڵە بچووکەی هونەرمەندانی کوالا ببینم، کە لەسەر شێوازی کۆن کاریان دەکرد و شتی سادە و ساکاریان دروستدەکرد، وەک سەبەتەی  لقە داربەڕووی چنراو، نەخش و نیگاری هەڵکۆڵراو لە سەر دار یان بەرد، بێجگە لە ئیکۆنەکانی تر کە مۆرک و کولتووری چێرۆکیی پێوەبێت. هەندێک لەم کەرەستانە لە گەلەری و مۆزەخانەی کەلەپووریی چێرۆکیدا نیشان دەەدرێت و من لەوێ چاوم بە هونەرمەند ڕۆبەرت ئەممۆنس مەنی کەوت، کەوا کوڕێکی گەنجی شەرمن بوو پانتۆڵێکی جینزی شینی لەپێدابوو و پارچە بەردێکی سەوزی سابوونیی بچووکی هێنابوو و ڕوخساری باڵندەیەکی پەپووی زۆر بەڕوونی لەسەر هەڵکۆڵیبوو. شتێکی    نادیار و تەمومژاوی لە دەموچاوی پەپووەکەدا دەخوێنرایەوە. مەنی پێیوتم: "من لە ناوچەی بیگ کۆڤ دەژیم، کە نزیکەی دە میلێک لێرەوە دوورە و لە ناو ئەو شاخانەدا دەگەڕێم و بەدوای بەرددا وێڵم و بۆ خۆم تەنها گوێ دەگرم و من زۆربەی ئامۆژگارییەکانی باپیرمم لەگوێ گرتووە".

کاتێ کە لێمپرسی چۆن دەتوانێ ئەو ئیشانە بەو وردییە و بەو جوانییە بکات لە وەڵامدا وتی "من چەقۆ بەکاردێنم و هیچ ئامێرێکی کارەبایی بەکارناهێنم، چونکە هیچ وردەکارییەکی پێناکرێت و هەڵەی زۆر دەکەیت. هەموو شتێک لە بەرد دروست دەکرێت و دەبێت گوێی لێبگریت بزانیت داوای چیت لێدەکات و کاتێ کە ئیش لەسەر بەرد دەکەم وا هەست دەکەم قسەم لەگەڵدا دەکات و یەکتر دەدوێنین و زیاتر ئەم هەستەم لە شەودا بۆ دێت. من لە کاتژمێر دوانزەی شەوەوە کار دەکەم تا ئیشەکە تەواو دەکەم، هەندێجار بە سەعاتێک دووان و گەلێجاریش تا دەمەوبەیانی.

 

ناوچەی تاهلێکوا - ئۆکڵاهۆما

ژمارەی دانیشتوان: دە هەزار و چوارسەد کەس.

شوێن: 66 میل لە باشووری ڕۆژهەڵاتی توسلاوە و لە ڕۆژئاوای کاروانی فرمێسک Trial of Tears  نزیک بە زێب و سکراپەر و لۆست سیتی. ئێرە پایتەختی نیشتمانی چێرۆکییە و سەرەڕای گەلێ ڕوخساری ئیجابیی ئەم گەلە تا ئێستاش ڕووبەڕووی چەندین گرفتی بنەڕەتی بووەتەوە. زۆربەی کۆمیونیتی یان کۆمەڵگەی ئەمریکییە ڕەسەنەکان ڕێژەی بێکارییان زۆر بەرزە، شەکەتی و ئازاری جەستەیی منداڵ و گەنج لە خوێندن وەدەردەنێت و گەورەکان لە بەندینخانە توند دەکات. ئەو خزمەتگوزارییانەی دانراون بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەم کێشە و گرفتانە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بودجەی ساڵانەی بۆ تەرخان دەکرێت کە حەفتا و هەشت ملیۆن دۆلارە و تەنها بەشی کێشەی نیوەی خێڵەکان دەکات (ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتا و ناوەڕاستی ١٩٩٠کان کە ئەم ڕاپۆرتەی تێدا بڵاوکراوەتەوە - و).

جاران کەسانی بەڕەگەز چێرۆکیی پوخت نکووڵییان لە باوباپیران و ڕەچەڵەکی خۆیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ کەسانی ناوداری وەکداران کەسانی بە  بۆ ساڵانی سەرەتا و ناوەڕاستی ١٩٩٠کان - و) بڕابوو - و بووچوونی هاوشێوەی هەیە. بە ئەرز و یەک بی بە عاسمان".  وێس ستودی (ئەو ئەکتەرە چێرۆکییەی ڕۆڵی جێرۆنیمۆی لە هۆڵیوودا بینی) بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خوێنی هیندی بە جەستەیاندا دەگەڕێت و داوا دەکەن ببنە ئەندامی گەل یان نەتەوەی چێرۆکی. ئێستا چێرۆکییەکانی ڕۆژئاوا کار بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی میللەتی خۆیان دەکەن و لە هەرێمی ئادێر لە ویلایەتی ئەرکنساس کۆمپانیای پیشەسازیی گەلی چێرۆکی بنەمایەکی پتەوی دابین کردووە بۆ بەگەڕخستن و کارکردنی خەڵکی چێرۆکی.

کاتێ بەرەو ڕۆژهەڵات دەبیتەوە و لە ڕووباری ئیلینۆی دەپەڕیتەوە بەرەو هەرێمی ستیلوێڵ کە وڵاتێکی پان و بەرینە و بەشێکی گەورەی ئۆکڵاهۆما پێکدێنێت. ئێرە ئەو وڵاتەیە کە یەکەم نیشتەجێبوانی بۆ هاتووە و یەکەمجار ژمارەیەکی کەمی چێرۆکی بوون و لەسەر ڕاسپاردەی حکوومەت بە خوایشتی خۆیان بیست ساڵ لە پێش "کاروانی فرمێسکدا" کۆچیان کردووە. پاشان ئەو خێڵانەش دوایانکەوتن کە بەپێی ڕێککەوتننامەی (نیو ئێکتۆن New Echton) لە ساڵی 1835دا دەسبەرداری زەویوزاری ڕۆژهەڵاتیان بوون. ئەوانەش کە بەرهەڵستیی ڕێککەوتننامەکەیان کرد زۆربەی زۆری ئەو سێ تاقمە بوون کەوا بەر کاروانی فرمێسک کەوتن.

پاش ماوەیەک لە نیشتەجێبوونی ئەو تاقمە، کەوا هەمیشە ئاشتیانە نەبوو، بەرهەڵستکاران سێ کەسیان لە سەرکردەکانی ئەو تاقمە لەسێدارەدا کە ڕێککەوتننامەکەیان مۆرکردبوو. لێرە بەدواوە چێرۆکی هاتنە سەر ئەو ڕایەی کە نیشتمانێک بنیاتبنێن گرنگی بە ماڵ و حاڵ و کێڵگە و مەزرا و دادگا و قوتابخانە بدات. هەندێ لە جووتیارانی سەرکەوتوو لە نزیک تەهلێکوا نیشتەجێبوون لە شوێنێکدا کە پێیدەوترا پارک هیڵ و لێرە خانووی ڕێکوپێکیان دروستکرد و کەوتنە چاندنی لۆکە. وایلێهات تەنانەت زۆر لە دانیشتووانی پارک هیڵ کۆیلەی خۆیان هەبوو، وەک بەڵگەیەک کەوا بەچاکی هاتبوونە سەر ڕێی سپیپێستەکان. وردە وردە کۆمەڵگەکە بیری لەخۆی کردەوە وەک ڕەگەزی چێرۆکی. بەڵام چەرخی زێڕینی چێرۆکی زۆری نەخایاند لەبەر ئەوەی شەڕی ناوخۆ (١٨٦١ - ١٨٦٥) وڵاتە نوێیەکانی لەتوپەت کرد و خەڵکەکەی ناچار کرد ئەملا یا ئەولا هەڵبژێرن. لە دوای شەڕیش نەوەکانی سەرکردەکانی جەنگاوەرانی چیاکان کەوتنە ژێر فشاری نەبڕاوەی فیدڕاڵەکانەوە بۆ جێپێ لەقکردن و هەڵکەندیان لە سەر زەویوزاری خۆیان.

یاسای (داوەس Dawes) بۆ زەوتکردنی مافی مڵکایەتیی ساڵی 1887 کە ناوی دانەرەکەی سیناتۆر هێنری داوەسی لەخۆگرت بەتەواوی پشتی شکاندن. ئەم یاسایە دەسەڵاتی ڕەخساند بۆ ڕووپێوکردنی تەواوی هەرێمەکانی هیندییە سوورەکان لە ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی بەشبەش بکرێتەوە بۆ 40 - 160 هێکتار بۆ هەر بەشێک و هەر بەشە و درا بە کەسێکی هیندی. لە پاش دابەشکردنی زەویوزارەکان بەم شێوەیە ئەوی کە مایەوە فرۆشرا بە سپیپێستەکان. پارەی فرۆشتنی ئەو زەوییانەش تەرخانکرا بۆ ماڵیکردن و دەستەمۆکردنی هیندییەکان.

یەکەمجار چێرۆکی لە هەلومەرجی ئەم یاسایە بەخشران، بەو پێیەی کەوا خەریکە خۆیان ڕابێنن (لەگەڵ کۆمەڵگە سپیپێستەکاندا - و). بەڵام هێشتا مرەکەبی بڕیارەکەی داوەس وشک نەبووبووەوە کەچی حکوومەت ئەم بەخشینەی هەڵوەشاندەوە. دواجار مام سام ناچاری کردن زەویوزاری زیادیان بفرۆشن بە نزیکەی دۆلار و نیوێک بۆ هەر هێکتارێک و بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەشت ملیۆن هێکتار کە لە وڵاتی چێرۆکییەوە درێژەی کێشابوو بۆ دەشتاییەکانی سەرەوە و مەودای زیاد لە ٢٠٠ میل بوو، ئەم زەوییە خرابووە لاوە بۆ ئەوەی خێڵەکە ڕاوەگامێشی تێدا بکەن، بەڵام هیچ گامێشێکی تێدا نەمابوو چونکە داگیرکەرە سپیپێستەکان هەموو ئەو ناوەیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو، بێجگە لەوەش هەموو گامێشە کێوییەکانیان کوشتبوو.

بەم جۆرە کەوتنە لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی وڵاتی چێرۆکی:

دابەشکردنی زەویوزار بێ ڕەزامەندیی خاوەنە ڕەسەنەکانی، ماندێتی فیدڕاڵیی دادگای خێڵەکە و حکوومەتەکەیان کۆتایی پێدێنێت، مامەڵەی جیاواز لەگەڵ داگیرکەرە سپیپێستەکاندا و ڕاییکردنی کاری داگیرکردنی زەویی هیندییەکان، قۆرخکردنی مافی کانزای خێڵەکە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە و دوا تێسرەواندنیش بە ویلایەتکردنی ئۆکڵاهۆما بوو لە ساڵی 1907دا.

پاش ئەمە چێرۆکی بوون بە هەژارترین و بێدەسەڵاتترین کەمایەتی لە سەر خاکی خۆیان.

پێش ئەوەی ئەو شوێنە جێبێڵم کەوا کرا بە نیشتمانی چێرۆکی دەبوو بچوومایەتە شوێنێکیتر کە  نزیکەی چل میل لە خوار تەهلەکواوە بوو لە نێوان ڕووبارەکانی ئەرکانسۆ و سالیسا و کریکدا. شوێنەکە بە ناوی گەورەترین کەسایەتی و سیمبۆڵی ئاینیی چێرۆکی بووە کە فەرهەنگ و نەریتیانی بە زیندوویی هێشتووەتەوە لە ڕۆژگاری ڕەشی خێڵەکەدا، کە ئەویش رێد بێرد سمیس بوو. ئەم شوێنە ڕووبەرەکەی تەنها پێنج شەش هێکتارێکە لە ناو پەڵە دارستانێکی داربەڕوودا و جادەیەکی خۆڵی بۆ دەچێت و لە جێگەیەکی سەختدا هەڵکەوتووە، بەڵام خەڵکەکەی دەست بە سنگەوەن بۆ دیدەنیکەران.

لە بۆنەکانی ڕۆژانی شەممواندا چێرۆکی و سەردانیکەران لێرە کۆدەبنەوە بۆ ئاهەنگگێڕان و سازدانی ڕێوڕەسمی ئاینپەروەری لە ڕێبازە دێرینەکەی سمیث. لە ناوەڕاستی گۆڕەپانێکدا تەپۆڵکەیەک خۆڵەمێش هەڵدراوەتەوە کە پاشماوەی ژمارەیەکی زۆری ئاگری پیرۆزە و چوار کۆڵەکەداری گەورە خراونەتە سەر خۆڵەمێشەکە و هەریەکەیان ڕوویکردووەتە لایەک لە چوار لاکە و پاش ئەوەی کە شەو دادێت گڕیان تێبەردەدرێت. وا ئێستا زیاد لە سەد کەس لە بازنەیەکی گەورەدا لە دەوری ئاگرەکە کۆبوونەتەوە و هەندێکیان کورسیی قەمچکراو و پریاسکە و کوولەری خواردن و خواردنەوەیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو (هەڵبەت مەیخواردنەوە لەم شوێنەدا ڕێی پێنادرێت). یەک دوو کاتژمێر دوای تاریک داهاتن و کاتێک کە ئەستێرەکان بە ئاسمانی ڕەش و تارەوە جریوەیان دێت و مانگی چواردەش ورشە و تریفەی خۆی بەو ناوەدا پەخش دەکات بڵێسەی ئاگر بەرز دەبێتەوە و دووکەڵێکی خەستی لێ بەرزدەبێتەوە بەئاسماندا. ئەوجا لەم کاتانەدا پیاوێک بە پانتۆڵێکی جینزی شین و شاپەڕێک بە سەریەوە لە ئاگرەکە نزیک دەبێتەوە و بە دەنگێکی ئازێتباری قووڵەوە، یۆ هۆ هی یا، ئامادەبووان بانگهێشت دەکات بۆ سەماکردن. ئەم پیاوە لە تەمەنی حەفتا ساڵیدایە و ئەوپەڕی هێز و گوڕ و بەخۆوەبوونی لە نێوچەواندا دیارە و پیرۆزیی ئەم پەیامەی پشتاوپشت دەگوێزرێتەوە. ئەوجا کۆمەڵێک خەڵک دەچنە بەر ڕووناکیی ئاگرەکە و سەماکەران لە بازنەیەکی سفتدا بەدوای سمیثدا هەنگاویان هەڵدەهێنا کە بەپێچەوانەی میلی کاتژمێرەوەیە و بە دەوری ئاگرەکەدا دەسوورانەوە. هەندێکیان قاوغە کیسەڵیان لە قاچیان بەستبوو کە پڕیانکردبوو لە بەردی ڕەنگاوڕەنگ و لە کاتی هەڵبەز و دابەزیاندا خڕەیان لێوە دەهات.

من چاوم بڕیبووە پڕیشکی ئاگر و دووکەڵەکە کاتێ کە بەرز دەبووەوە و هەروەها چاویشم لە شڵپەی پێی سەماکەران کلا نەدەکرد کە بە درێژایی شەو هەر خڕەیان دەهات و بە ئاوازێکی خەولێخەرانە. ئەو شاپەڕی بازانەش کە پیاوان کردبوویان بە کڵاوەکانیانەوە، پەڕی (بۆ کوێ ئەچیت و چیدەکەیت) دەرمانی هەموو دەردانە و سەفەرت سەلامەت دەکات و هەرکەسێکیش بیکات بە کڵاوەکەیەوە بیری تیژ دەبێت و بە هەمان شێوە بیری خێڵەکەشی. ئێستا وا چێرۆکییە سەرسەختەکانی هەردوو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەشێوازی خۆیان کە سەما دەکەن و جارێکیتر کەلەپوور و هونەری ڕەسەنی خۆیان دەسەلمێنن.

کاروانی فرمێسک  The Trail of Tears

زۆر لە ئەمریکییە سپیپێستەکان پێ لەوە دەنێن کە چێرۆکی و چیکاسۆ و چۆکتاو و کریک و سێمینۆڵ بێجگە لە شارەزایی و کارامەییان لە کشتوکاڵدا لە وەرگرتن و خۆگونجانیشدا لەگەڵ فەرهەنگی ئەوروپییەکاندا پێنج خێڵی شارستانین لە باشووری ڕۆژهەڵاتدا، بەڵام داگیرکەر و نیشتەجێبووە نوێکان کە پێویستیان بە کێڵگە و مەزرای زیاتر بوو ئەم پێلێنان و سەرسامبوونەیان لا پەشم بوو و زۆر بەلایانەوە گرنگ نەبوو. ئەوان داواکارییان بەو پێیە بوو کە دەبێت هیندییەکان بڕۆن و نەمێنن. سەرۆکی ئەمریکا ئەندرو جاکسۆن Andrew Jackson بە دەنگیانەوە هات و یاسای ڕاگوێزانی ساڵی 1830 ئیمزا کرد، کەوا چەرخێکی پڕ لە تراجیدیا و مەرگەساتی بەرپاکرد و لە کاروانی فرمێسکدا Trail of Tears ڕەویان پێکردن بەرەو ئەو هەرێمەی دواتر بە ئۆکڵاهۆما ناسرا و لە ڕێگادا زۆربەیان فەوتان و تێداچوون. تاقمێکی کەمی خێڵی چێرۆکی ڕازیبوون بە کۆچکردن بۆ شوێنی دیاریکراو و پەیمانی ساڵی 1835ی نیو ئێکۆتایان New Echota  مۆرکرد، بەڵام دەنگوباسی ئەو کارەساتە سامناکانەی کە لە بارودۆخی خێڵەکانیتر دەبیسترا کە ناچار کرابوون بەرەو ڕۆژئاوا بڕۆن وای لە بەشێکی چێرۆکی کرد کە هەرچۆنێک بووە لە خاکی باوباپیرانیاندا بمێننەوە. هەرچەندە دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێگەی بە چیرۆکی دا بمێننەوە، بەڵام سەرباز زۆربەیانی ئابڵووقە دا و دەستگیری کردن و ڕاپێچی ئۆردووگای تایبەتی کران و دەستبەسەریان کردن. زیاتر لە هەزار کەسیان بەرەو چیاکانی سمۆکی هەڵاتن و بوون بە باوباپیرانی کۆمەڵگەی چێرۆکی ڕۆژهەڵاتی ئەمڕۆ.

لە پاش بەرپابوونی کارەساتێکی زۆر لە کاتی گواستنەوەی چێرۆکیدا لە ڕێگەی ڕووبارەکانەوە، جۆن ڕۆسی سەرۆک و دەمڕاستیان کەوتە دانوستان کردن لەگەڵ جەنەراڵ وینفیڵد سکۆت بۆ ئەوەی گواستنەوەی چێرۆکی لە وشکایییەوە ئەنجامبدەن. بەم پێیە لە ئابی 1838دا کەوتنە گواستنەوەی خەڵکە دەستبەسەرەکە، کە ژمارەیان پانزە هەزار کەس بوو و کردنیان بە سیانزە تاقمەوە و بە پیادەڕۆیی ناچاری گەشتێکی دوورودرێژیان کردن و دوا تاقمی ئاوارەکان لە ساڵی ١٨٣٩دا گەیشتنە ئۆکڵاهۆما و نزیکەی چوار هەزاریان لە ڕێگادا گیانیان لەدەستدا.

بەکورتی مێژووی ڕاگواستنەکە بەم جۆرە بوو:

*  ٦ - 19ی حوزەیرانی 1836

یەکەم تاقم بە پاسەوانیی سوپای ئەمریکی بە سەرکردایەتیی لیفتنانت ئێدوارد دۆگس لە ڕێگای ئاویی ڕووبارەوە تا قەڵای کۆڤن بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ. ئاستی نزمی ئاوی ڕووبارەکە بواری نەدا بەردەوامبن و لێرەوە کران بە دوو بەشەوە و بە سەر خاکی ئارکنساسدا سوپا دەوری گرتن و ناچاری گەشتیان کردن و لە ڕێگا زیاد لە دوو هەزار کەسیان لێ مردن کە زۆربەیان منداڵ و پیر بوون. تاقمێکی تری پیر و بەساڵداچوویان کە جۆن دروی چێرۆکی ڕابەڕیان بوو لە دیسەمبەری ئەو ساڵەدا ڕێگای ئاویان گرتەبەر.

*   ٢٦ی ئەیلوولی 1838 - ١٧ی کانوونی دووەمی 1839

جۆن بینگی چێرۆکی بوو بە ڕابەری تاقمێکی هەزار و دووسەد کەسی، کەوا لێکۆڵەرەوان نەیانتوانیوە دەستنیشانی ڕێگاکەیان بکەن.

 *    ١١ی ئۆکتۆبەری 1838 - 7ی کانوونی دووەمی 1839

جۆن بێڵ سەرکردەی گواستنەوەی 660 کەس بوو لە لایەنگرانی پەیمانی نیوئێکۆتا بە ڕێگای وشکایی جۆراوجۆردا و ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێت کە خۆبپارێزن لە شەڕوشۆڕ و پێکدادان لەگەڵ ئەو چێرۆکییانەدا کە ناڕازی بوون لەو رێککەوتنامەیە.

*    ٢٣ی ئۆکتۆبەری 1838 - 24ی مارتی 1839

تاقمێکی 1766 کەسی بە ڕابەرایەتیی پێتەر هیڵدنراند مانگێک بەڕێوەبوون لە ڕووباردا و هەموو نەخۆش کەوتبوون و لە ڕێگا پەنجاوپێنج کەسیان لێمردن.

 لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولدا دە تاقمی تری چێرۆکی بەهەمان ڕێگەدا بران.

سەرچاوە: گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافیک National Geographic

ژمارەی مایسی 1995،  نووسینی: جیۆفری نۆرمان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×