كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبوون، كێشه‌یەکی‌ سەرەکی گه‌نجانی کوردستان
  2025-05-31       454       
٢٠٠ هەزار خێزان لەهەرێمی کوردستاندا کرێنشینن‌و زۆربەی خێزانەکانیش داهاتی مانگانەیان زۆر کەمە

ئا: محەمەد هاوژین

 

سەڕەرای دروستکردنی سەدان یەکەی نیشتەجێبوون لەشارو شارۆچکەکانی کوردستاندا، هێشتا نیشتەجێبوون کێشەیەکی سەرەکی گەنجانەو زۆربەی خێزانە کرێنشینەکانی هەرێم پێکدەهێنن، ئابوریناسێک دەڵێت "گەنجێک کە ژینگەیەکی گونجاوی نەبێ بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی‌و ماڵێکی نەبێ بتوانێت ژیانی تایبەتی خۆی تیا رێکبخات، ئیتر چۆن هیوای بنیاتنانی کۆمەڵگەو وڵاتێکی بەهێزی لەسەر بنیاتدەنرێت؟!".

 

لەئاوبارە، کە تەنها چەند سەد مەترێک دوورە لەو پڕۆژەی نیشتەجێبوونانەی بەشێکیان تەواو بوون‌و پڕن لەباڵەخانەی بەرزو ڤێلای رازاوەو بەشیکیشیان هێشتا هەر کاریان تیا دەکرێت‌، "راسان‌"و "لەنجە" لەنێو خانووە بچوکە شەست مەترییەکانی ناو گەڕەکی ئاوبارەدا بەدوای خانووەیەکدا دەگەڕێن کرێکەی زۆر نەبێ‌ بۆ ئەوەی تیا نیشتەجێ بن، راسان وتی "چەند مانگێکە دەستگیراندارم‌و ئێستا دەمەوێ بیگوازمەوە، بەڵام داهاتم بەشی ئەوە ناکات خانوویەکی گەورە بەکرێ بگرم، هاتووم خانوویەکم لەم کۆڵانە باریک‌و خانووە بچوکانەی ئاوبارەدا بەکرێی ٢٠٠ هەزار دەستبکەوێت بۆ ئەوەی بیکەین بەماڵی خەونەکانمان".

وتیشی "چەند ساڵە هاوسەرگیریم دواخستووە لەبەرئەوەی کێشەی نیشتەجێبوونمان هەبوو، پێمانوابوو رۆژیک دێ دۆخەکە باش دەبێ‌و زۆر شت لەژیانماندا دەگۆڕێ‌و دەشێت لەبارودۆخێکی شایستەتردا بژین، نەمانزانی ساڵ بەساڵ دەڵێین خۆزگەمان بەپار".

 

نەبوونی هەلی کارو شوێنی نیشتەجێ بوون دوو کێشەی سەرەکی بەردەم بەدیهێنانی خەونی گەنجانن، بەتایبەتی لە١٠ ساڵی رابردوودا کە هەریمی کوردستان بەقەیرانێکی دارایی قوڵدا تێدەپەڕی‌و هیچ ئاسۆیەکیش بەدیناکرێت بۆ باشتر بوونی ئەم دۆخە.

 

ئومێد عەلی، کە نوسینگەی فرۆشتنی خانووبەرەی هەیە، باس لەوە دەکات زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی کە دەچنە لای بۆ بەکرێگرتنی خانوو، گەنجانن، ئەو وتی "هەموویان بەدوای خانوویەکدا دەگەڕێن کە کرێکەی زۆر نەبێت، لەبەرئەوەی داهاتیان کەمە، هەمووشیان لەو گەڕەک‌و یەکەی نیشتەجێبوونانەدا شوقە بەکرێدەگرن، کە نرخەکانیان هەرزانەو کرێیان کەمە".

وتیشی "زۆر زەحمەتە خانوویەکی بچوک بدۆزیتەوە کە قاتی سەرەوە یان خوارەوەی ماڵێک بێت‌و کرێکەی لە ٢٠٠ هەزار دینار کەمتر بێت".

 

بێ هیوابوون لەبەدیهێنانی خەونی بەدەستهێنانی کارێکی گونجاوو پێکەوەنانی خێزان‌و دەستەبەرکردنی شوێنێک بۆ بەسەربردنی ژیان، هۆکارێکی سەرەکییە کە گەنجان کوردستان بەجێدەهێڵن.

 

محەمەد زاهیری تەمەن ٢٨ ساڵ، باس لەوە دەکات کە لەوڵاتەکەی خۆیدا نەهەلی کارو نەشوێنی نیشتەجێبوون‌و نەمووچەی شایستەو نەژینگەیەکی سەقامگیرو دەرفەتی باشترکردنی ژیانی بۆ بڕەخسێت، ئیتر بۆ بیر لەبەجێهێشتنی نەکاتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "کوردستان شوێنێکی سەرنجڕاکێش نییە بۆ ئەو گەنجانەی بێ پارەو بێ کارو بێ ماڵن".

وتیشی "زۆرینەی ئەو گەنجانەی لەزانکۆ لەگەڵم بوون، دوای تەواوکردنی خوێندن بڕیاری جێهێشتنی وڵاتیان دا، لەبەرئەوەی لەژیانێکی ڕۆژانەی بێزارکەردا دەژین‌و بەبێ کارو بەبێ شوێنی نیشتەجێبوون مەحاڵە خۆشگوزەرانی بەدیبهێنن".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئاماری کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان، ٢٠٠ هەزار خێزان لەهەرێمی کوردستاندا کرێنشینن‌و زۆربەی خێزانەکانیش داهاتی مانگانەیان زۆر کەمە.

 

بەرهەم قەرەداغی، سکرتێریی گشتیی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان ئاماژە بەوە دەکات بڕیار بوو یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشیناندا دابەشبکرێت، بەڵام ماوەی ١٤ ساڵە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراوە، ئەو بەئاوێنەی وت "شەرم دەکەین ماوەی چەندین ساڵە دەڵێین یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشینان دابەشدەکەین، بەڵام تا ئێستا کرێنشینان کە ١١٩ کەس فۆرمیان پڕ کردوەتەوە، نەیانتوانیوە سوودمەندبن، خۆزگە بەڵێنی ئەو یەکانە نەدەدران‌و خەڵکی لەو هەموو چاوەڕوانییەدا نەدەهێڵرایەوە".

قەرەداغی پێیوایە لەئێستادا دۆخی کرێنشینان زۆر خراپە کە کرێی خانوو بەرزەو کرێنشینانیش زۆربەیان هەژارو داهاتیان سنووردارە، هۆکارێکی بەرزبوونەوەی کرێی خانووش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئاوارەیەکی زۆری عەرەب رووی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەو وتی "بەپێیی ئەو ئامارەی لای ئێمە تۆمار کراوە زیاتر لە ١٩٠ هەزار ئەندامی کرێنشینمان هەیە، بەپێی دەستەی ئاماریش ١٥٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزار خێزان کە زۆربەیان گەنج‌و لاون، کرێنشینن لەکوردستان، سلێمانی بەپلەی یەکەم دێ‌و هەولێر بەپلەی دووەم‌و دهۆک بەپلەی سێهەم‌و هەڵەبجەش بەپلەی چوارەم دێت لەڕووی زۆری ژمارەی کرێنشینەوە".

 

شارەزایانی بواری ئابوریش ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆریی ژمارەی منداڵ خستنەوەو کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان‌و هاتنی دەستی کاری بیانی هۆکاری زیادبوونی ناسروشتی‌و نازانستی گەشەی دانیشتوانەو ئەمەش کێشەی نیشتەجێ بوونی گەورەتر کردووە، بەتایبەتی بۆ گەنجان.

 

ئاسۆ عەبدولقادر، خوێندکاری دکتۆرا لەبواری ئابوری ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەی نیشتەجێ بوون لەهەموو جیهاندا پەیوەندیی بەگەشەی دانیشتوان‌و ئاستی داهات‌و نادادپەروەری‌و پێوەرەکانی خۆشگوزەرانییەوە هەیە، ئەو وتی "هەر کاتێک ژمارەی دانیشتوانی زیاد بێت، بە دڵنیاییەوە گرفتی نیشتەجێ بوون دروست دەبێت‌و گرفتەکەش زیاتر لەسەنتەری شارەکان زەق دەبێتەوە، بەڵام ئەو کێشەیەی لەکوردستان هەیە، تەنها هۆکاری زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان نییە، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکارەکەی نەمانی گوندەکان‌و نادادپەروەری‌و تەشەنەسەندنی گەندەڵی‌و نایەکسانی دابەشکردنی داهاتە".

ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کێشەیە زیاتر بەرۆک بەگەنجان دەگرێت، کە ١٠ ساڵی رابردوویان پڕ لەقەیرانی دارایی بەردەوام بووەو دەرفەتی گەشەی ژیان‌و دابینکردنی هەلی کارو شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ نەڕەخساوەو حکومەتیش هیچ پاڵپشتییەکی لەڕێگەی سلفەی خانوبەرەوە نەکردوون، ئاسۆ وتی "سیاسەتی نیشتەجێبوون، دروستکردنی ژینگەیەکە کە خەڵک کەمتر بێ ماڵ‌و حاڵ بن، بەداخەوە حکومەتی هەرێم ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵناگرێت‌و بێ ماڵیی بەشکستی تاکەکەسی دەزانێت، لەکاتێکدا پێویستە حکومەت دەستبکات بەپەرەپێدانی سیاسەتی نیشتەجێبوون لەکوردستانداو لەبنەمای نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی تێبگات‌و دڵنیابێت لەرەخساندنی دەستڕاگەیشتنێکی یەکسان بەپرسە بنەڕەتییەکانی وەک هەلی کارو دابینکردنی خانووبەرەی شایستە بۆ هەمووان".

وتیشی "مافی نیشتەجێبوون بە بەرنامەی جیاواز لەوڵاتانانی جیهاندا مسۆگەر دەکرێت‌، تەنانەت لەلیبرالیترین سیستەمە ئابورییەکانی وەک ئەمەریکاو فەرەنساو ئەڵمانیاشدا حکومەت‌و دەوڵەتان سیاسەتی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی پەیڕەو دەکەن‌و بەچەندین شێوازی جیاوازی وەک پێدانی قەرزو سوودو بەخشینی بیمەی کرێ بەخێزانی بێکارو هەژار دەگرنەبەر، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان هەست بەکەرامەت‌‌و شکۆی خۆیان بکەن‌و بەرامبەر بەوڵاتەکانیان دڵسۆز بن‌و بەهی خۆیان بزانن، چونکە گەنجێک کە ژینگەیەکی گونجاوی نەبێ بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی‌و ماڵێکی نەبێ بتوانێت ژیانی تایبەتی خۆی تیا رێکبخات، ئیتر چۆن هیوای بنیاتنانی کۆمەڵگەو وڵاتێکی بەهێزی لەسەر بنیاتدەنرێت؟!".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×