ئا: شیلان محەمەد
بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە لەهەرێمی کوردستاندا هاوسەرگیری تۆمارنەکراوی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوودەدات، چالاکوانێک دەڵێت "ئەمە هاوسەرگیریی نییە، بەڵکو دەستدرێژی سێکسییە".
دێرین ئەحمەد، یەکێکە لەو کەسانەی لەتەمەنی ۱۳ ساڵی دراوە بەپیاوێکی تەمەن ۳٨ ساڵو لەوکاتەوە لەژیانی خۆی بێزارە، ئەو بەئاوێنەی وت "من هێشتا منداڵ بووم، کاتێک مامم بەزۆر منی دا بەیەکێک لەهاوڕێکانی، چونکە دایکو باوکم لەڕووداوێکی هاتوچۆ لەدەستدابوو، کاتێک تەمەنم تەنها ٥ ساڵان بوو، لەو کاتەوە لای مامم گەورە بووم".
وتیشی "مامم بەردەوام دەیوت من تۆ دەدەم بەشوو ناشبێت هیچ بڵێی، بەردەوام ڕام دەکردو دەگریام، بەڵام ڕۆژێک ئیتر گریانیش سوودی نەبوو، لەو ڕۆژەوە بۆ یەکساتیش خۆشیم نەدی، ئێستا کە تەمەنم بووەتە ۲۰ ساڵ هێشتا هەست بەپیریی دەکەم".
لانە سالار، یەکێکی دیکەیە لەو کچانەی لەتەمەنی۱٤ ساڵی هاوسەرگیری کردووە، ئەو بەئاوینەی وت "من بەخۆشەویستی هاوسەرگیریم کرد، کاتێک لە ١٣ ساڵیمەوە ئاشقی کوڕێکی ۱۹ ساڵان بووم، دوای ماوەیەک لای ماڵەوەمان ئاشکرا بووین، برا گەورەکەم بەکورەکەی وت دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ خوشکم بکەیت ئەگەر نا هەردوکتان دەکوژم، کوڕە بەناچاریو نابەدڵی منی خواست".
وتیشی "دوای هاوسەرگیریم ڕۆژ بەڕۆژ ئەو کوڕە خراپتر دەبوو لەگەڵم، تا کار گەشتە بەکارهێنانی توندوتیژییو سوکایەتی، چەندین جار بەماڵی باوکمم وت دەمەوێ جیاببمەوە، بەڵام ئەوان لەبەر قسەی خەڵک ڕێگەیان نەداوە جیا ببمەوە، بۆیە تکایە کچانی وەک من لەم جۆرە توندوتیژییو هاوسەرگیرییە زۆرەملێیە بپارێزن".
دێرینو لانە، نمونەی سەدان کچن لەکۆمەڵگەی کوردیدا کە لەتەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیرییان کردووەو پەشیماننو هەست دەکەن کەسێکی نەحەساوە بوون.
چیمەن محەمەد، ڕاهێنەری ژیان باس لەوە دەکات کە هاوسەرگیریی لەگەڵ منداڵی ١٣و ١٤ ساڵ دیاردەیەکی پێچەوانەی بەها مرۆییەکانە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەم هاوسەرگیرییە بەهەر بیانووییەکەوە بکرێت، قبوڵکراو نییە، چونکە ئەمە هاوسەرگیریی نییە، بەڵکو دەستدرێژی سێکسییە".
وتیشی "هاوسەرگیریی بریتییە لەوەی دوو کەسی پێگەشتوو تێگەشتووی تەواو بەیەکەوە بڕیار دەدەن پێکەوە بژین، حەزو بڕیاری منداڵێکی خوار ۱٥ ساڵ لۆژیکی نییە، کە ئەرکو مافەکانی نازانێو منداڵێتی لێزەوت دەکرێتو ژیانو تەندروستییان دەخاتە مەترسییەوە، ئەمە جگە لەوەی لەخوێندن دادەبڕێنو ئەگەری تووشبوونیان بەتوندوتیژی خێزانیو جەستەییو دەرونی زیاترە".
چیمەن لەبارەی ئەو کەسانەی هاوسەرگیری لەگەڵ کچانی تەمەن منداڵ دەکەن، وتی "ئەمانە کەسانێکن لەڕووئ دەرونییەوە کۆمەڵێک گرێو حەزی نامۆیان بەرامبەر بەڕەگەزی بەرامبەر هەیە، ئەگەرنا پیاوێکی تەندروست هیچکات ناچێت هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تەمەن منداڵ بکات".
لەهەرێمی کوردستان یاسا تەمەنی هاوسەرگیری بە ١٨ ساڵ داناوە، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە هەبووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە هاوسەرگیری تۆمارنەکراوی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوودەدات.
دادوەر سەلاح حەسەن قادر، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە لەسلێمانی بەئاوێنەی وت "بێگومان لەدادگاکان کەیسی لەو جۆرە ڕوو دەدات کە لەخوار تەمەنی ۱٨ ساڵ دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری، بەڵام بەڕێژەیەکی زۆر ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو نابێت، هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی هەردوو هاوسەر بەگشتیو ژنەکە بەتایبەتی، لەواتاو مانای هاوسەرگیری تێنەگەشتوون".
وتیشی "بەداخەوە زۆربەی ئەو کێشانەی ڕوودەکاتە دادگاکان لەو تەمەنانەی خوار ۱٨ ساڵی هاوسەرگیرییان کردووەو هیچ ئەزموونێکی ژیانیان نییە، هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان نییە لەسەر شێوازی مامەڵە کردن لەگەڵ یەکتر".
چالاکوانانی بواری ژنانیش پێیانوایە کە پێویستە کچان بەشێوەیەکی تەندروست پەروەردە بکرێن بەتایبەتی لەقۆناغی پەڕینەوەیان لەقۆناغی منداڵییەوە بۆ باڵغ بوون.
کەوسەر محەمەد، چالاکوان بەئاوێنەی بەئاوێنەی وت "لەڕوانگەی کۆمەڵگەوە کچ کە کەوتە سوڕی مانگانەوە، ئیتر ئامادەیە بۆ ئەوەی بدرێت بەشوو، بۆیە هەندێک خێزان لەتەمەنی خوار ۱٥ ساڵی کچەکانیان دەدەن بەشوو، ئەو تەمەنەش گونجاو نییە بۆ ئەو پرۆسەیە، ئەو پرۆسەیە خۆی لەخۆیدا کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی قورسە کە دەکەوێتە سەر ئەو منداڵە".
وتیشی "شێوەی پەروەردەی ئێمە بۆ ئەو تەمەنەی کە گرنگە بەتایبەت دوای ئەوەی کچەکە دەچێتە پۆلەکانی ۷، ٨، ۹، ئەو سێ قۆناغە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین منداڵی لەسەر پەروەردە بکەین، هاوکات تەکنەلۆژیاش بارودۆخێکی ناخۆشی هێناوەتە نێو منداڵو گەنجەکانمان، کە دەبێت خێزانەکان زۆر ئاگایان لێبێت".
شارەزایانی بواری تەندروستیش جەغت لەوە دەکەن کە هاوسەرگیریی کچان لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە لێکەوتەی زۆر خراپی دەبێت.
دکتۆرە راز تەها، پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنانو منداڵبوونو نەزۆکیو چاودێری دووگیانی، بەئاوێنەی وت "باشتر وایە خانمان لەدوای تەمەنی ۱٨ ساڵی هاوسەرگیری بکەن، چونکە لەو تەمەنەدا توانای جەستەییو مێشکو تەندروستیشیان جێگیرتر دەبێت، ئەگەر خانمێک لەپێش ۱٨ ساڵی دووگیان ببێت، ماکەکانی دووگیانی زۆرتر لەسەری دەردەکەوێتو کێشەی زۆرتر دەبێت".
هەروەها سۆما تاهیر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنانو منداڵ بوونو نەزۆکی، بەئاوێنەی وت "هاوسەرگیری پێشوەخت لەڕووی تەندروستییەوە کۆمەڵێک کێشەی هەیە، یەکێک لەکێشە هەرە گەورەکان سایکۆلۆجی نەخۆشەکەیە، لەبەرئەوەی لەتەمەنێکی بچوکەوە دەچێتە ژینگەیەکی دیکە، شێوازی ژیانی هەمووی تێکدەچێت".
وتیشی "ئەو کچانەی لەتەمەنێکی کەم هاوسەرگیری دەکەن زیاتر توشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەبن، لەبەرئەوەی لەتەمەنێکی کەمەوە پەیوەندی سێکسی دروست دەکەن، هەروەها ئەمانە زیاتر دوچاری سکپڕی بێ پلان دەبن لەبەرئەوەی ناتوانن ڕێگری لەدووگیانیی بکەن چونکە منداڵن، لەبەرئەوەی لەشی بەتەواوی پێنەگەشتووە ناتوانرێت ڕێگری دووگیانی بۆ دابنرێت (لەولەب) هەروەها ئەو مناڵانەشی کە دەیخەنەوە تووشی کەمی گەشەو بەدخۆراکیو کەمی کێش دەبنەوە".
پیاوانی ئایینیش چەغت لەوە دەکەن کەهاوسەرگیریی پێشوەخت زۆرجار سەرکەوتوو نابێت، لەبەرئەوەی ئامادەسازی بۆ نەکراوە .
م. ئەحمەد قامیشی، مامۆستای ئایینی ئاماژە بەوە دەکات لەئیسلامدا وەک یاسا ساڵ دیارینەکراوە بۆ هاوسەرگیریی، بەڵام وەکو ڕێگای دروست ئافرەت لەهەر تەمەنێکدا باڵغ بوو، دروستە هاوسەرگیری بکات کە ئەوەش نیشانەی پێگەیشتنییەتی، ئەو بەئاوێنەی وت "بەڵام بەپێی هەلومەرجی کەسەکان دەگۆڕێت".
وتیشی "بەگشتی دەستپێشخەری زوو شوکردنو زوو ژنهێنان باش نییە، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدرێت پێشتر زەمینەسازی بۆ بکرێت، لەبواری مادیو مەعنەویو لەیەک گەشتنەوە، هەروەها لەبواری دەروونییەوە، چونکە دەبێت ئەو ئافرەتەی هاوسەرگیریید ەکات بتوانێت بەرپرسیارێتی ماڵو منداڵو مێرد هەڵبگرێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات