هەرچەندە لەهەرێمی کوردستان داواکارییەکی زۆر هەیە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش، بەڵام چاودێریی تەندروستی بەدیناکرێت
ئا: هێڤی ئاوات
کێشو قەڵەویی، وەک پرسێک لەماوەی دەیەی رابردوودا بووەتە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ بۆ زۆر کەس، بەهۆی پێوەرە نوێکانی جوانیو جوانکارییەوە، لەهەرێمی کوردستان بەشێک لەژنان ئامادەن ریسک بەژیانی خۆیان بکەنو نەشتەرگەریی کەمکردنەوەی کێش ئەنجامبدەن، پزیشکێك دەڵێت "زۆرجار ئەم نەشتەرگەرییە کارەساتە".
شۆخان، ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵەو قەڵەوییو کێش زۆرییەکەی، بووە بەکێشەیەکی گەورەی، شەوو رۆژ بیر لەوە دەکاتەوە چۆن خۆی لەم کێشە زۆرەی رزگار بکات، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەوەندە خزمو هاوڕێکانم پێیاوتوم قەڵەوو گاڵتەیان بە(کەرشەکەم) کردووە، تووشی مەراق بووم".
تەنانەت گیان لەدەستدانی ژنێک لەنەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانیش لەسەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٥دا، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی دەرهێنانی چەوریو دابەزاندنی کێش، بیرکردنەوەی شۆخانی نەگۆڕیوە بۆ ئەوەی پەنا بباتە بەر نەشتەرگەریی، ئەو بەئاوینەی وت "هەرچەندە تەندروستی سلێمانی نەشتەرگەری لابردنی چەوی ورگو دابەزاندنی كێشی لەهەموو نەخۆشخانە حكومیو ئەهلیەكان ڕاگرتووە، بەڵام من هەر بیر لەوە دەکەمەوە نەشتەرگەریی بکەم".
لەم ساڵانەی دواییدا، خواست لەسەر نەشتەرگەری دابەزاندنی کێش لەکوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، زۆربەی نەخۆشخانە تایبەتو کلینیکەکان پەرەپێدانی ئەم بەشەیان لەپلانەکانیاندا جێگیر کردووە، سەڕەرای تێچووی زۆری نەشتەرگەرییەکەش، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەدوایدا دەگەڕێن ئەوەندە زۆرە بووەتە یەکێک لەچالاکییە سەرەکییەکان بۆ کلینیکەکانو پزیشکانی نەشتەرگەریی.
کۆچەر، ژنێکی تەمەن ٤٤ ساڵەو ماوەی سێ ساڵە نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێشی کردووەو ئێستا پەشیمانە، لەبەرئەوەی چەند نیشانەی نەخۆشی تیا دەرکەوتووەو کێشیشی خەریکە وەک پێش نەشتەرگەرییەکەی لێدێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێستا باوەڕێکی وا لای زۆرێک لەخەڵکی بەگشتیو ژنان بەتایبەتی دروستبووە کە شەرمکردن لەقەڵەویی مرۆڤ ناچار دەکات کێشی لەشی لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە دابەزێنێت، هەرچەندە هەستدەکەن رەنگە ئەم کارە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی هەبێتو دواتر زۆربەیان پەشیمان دەبنەوە، کە خۆم یەکێکم لەوانە".
وتیشی "یەکەمجار زۆر دڵخۆش بووم کە خۆمم بینی لەبەردەم ئاوێنەداو کێشم کەمی کردبوو، بەژنو باڵام رێکو تەنک ببوو، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات هەستم کرد کێشم دیسان زیاد دەکات، تەندروستیم باش نییەو هەست بەماندوێتی دەکەمو تووشی بەردی زراو بووم، سوڕی مانگانەم تێکچووە، تووشی پووکانەوەی ئێسک بوومو هەموو ئەمانەس کاریگەری نەخوازراویان لەسەر باری دەرونیم دروستکردووە".
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی خواست بۆ نەشتەرگەیی دابەزاندنی کێش، مەترسییەکانی پەیوەست بەهەنگاوێکی لەو شێوەیە لەزیادبووندایەو چەندین کەس لەهەرێمی کوردستاندا لەئەنجامی ئەم نەشتەرگەرییەدا گیانیان لەدەستداوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، سەرکەوت ئەحمەد بەئاوینەی وت "دواهەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان لەئەنجامی نەشتەرگەری جوانکارییدا تۆمارکرابێت، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانی بووە لەنەخۆشخانەیەکی ئەهلی نەشتەرگەری راکێشانی چەوری ورگی کردووە لەسەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٥دا، دوای ئەوەی لەژووری نەشتەرگەری هاتۆتە دەرەوە، بردویانەتە هۆڵو لەوێ دۆخی تەندروستی تێکچووەو پاش ١٥ خولەک گیانی لەدەستداوە".
قەڵەوی وەک کێشەیەکی جیهانی، حاڵەتێکە کە بڕێکی زۆر چەوری لەجەستەدا کۆدەبێتەوە بەهۆی زیادەڕۆیی لەخواردنی خۆراکو کەمی چالاکیی جەستەیی یان بۆ ماوەیی، ئەگەر رێجیمو رێکارە پزیشکییەکان بێکاریگەر بوو، ئەوا بۆ چارەسەری قەڵەویی پەنا بۆ نەشتەرگەریی دەبرێت.
د. بەختیار کەریم، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئاماژە بەوە دەکات کە دوو جۆری سەرەکی نەشتەرگەریی بۆ دابەزاندنی کێش بریتین لەنەشتەرگەری باریاتریک، کە وشەکە خۆی بەواتای چارەسەرکردنی کێشی زیادە دێت، هەروەها نەشتەرگەری بای پەسی گەدە، کە یەکێکە لەباوترین جۆرەکانی نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش، ئەو بەئاوێنەی وت "کێشی زیادە کاتێک دەستپێدەکات کە ڕێژەی بارستەی جەستە BMI لە -٢٩ زیاتر بێت، بەڵام باشترە بەهیچ شێوەیەک ئەگەر BMI لە -٣٥ کەمتر بێت نەشتەرگەریی نەکرێت، چونکە لەم کاتەدا مرۆڤ هێشتا لەڕێگەی دیکەوە چانسی دابەزاندنی کێشی هەیە، بەڵام ئەگەر پێوەرەکە لە -٤٠ زیاتر بێت، قەڵەوی نەخۆشییەو چارەسەرەکەی تەنها بەنەشتەرگەری دەکرێت".
وتیشی "دوای نەشتەرگەرییەکە بۆ ماوەی ٢-٣ هەفتە، نەخۆشەکە تەنها خۆراکی شل دەخوات بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر گەدەی نەکات. لەقۆناغی سەرەتاییدا، نەخۆشەکە لەوانەیە ١٥-٢٠ کیلۆگرام لەکێشی دابەزێنێت، لەمانگەکانی دواتردا کەمتر".
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەرچەندە لەهەرێمی کوردستان داواکارییەکی زۆر هەیە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاریی، چاودێریی تەندروستی بەدیناکرێت، زۆرجار بەهۆی کلینیکی بێ مۆڵەتو نەبوونی پزیشکی ناشارەزاو دەستەبەرنەبوونی ئامێری تایبەتەوە، رووداوی نەخوازراو روودەدات.
د. ژین ئەحمەد، پسپۆری نەشتەرگەریی ئاماژە بەوە دەکات لەماوەی دوو ساڵی رابردودا، بەهۆی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییەوە سێ کەس لەکوردستان گیانیان لەدەستداوە، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆر جار نەشتەرگەری جوانکاری دابەزاندنی کێش بێ چاودێری تەندروستی ئەنجام دەدرێت، کە زۆرێکیان پێویست نین هەر نەشتەرگەریشیان بۆ بکرێتو دەکرێت لەڕێگەی ئاسانترەوە قەڵەوییان چارەسەر بکرێت، ئەمە جگە لەوەی کە لەم ساڵانەی دواییدا چەندین سەنتەرو کلینکی کەم ئامێر بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە داخراون، یاخود کەسانی ناشارەزا بەناوی پزیشکی جوانکارییەوە لەئێرانو تورکیاوە هاتوون لەکلینکە تایبەتەکاندا نەشتەرگەرییان کردووە".
وتیشی "نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش زۆر هەستیارە، لەزۆربەی وڵاتاندا کاتێک ئەنجام دەدرێن کە قەڵەوییەکە بووبێتە نەخۆشیو سەرچاوەی نەخۆشی زیاترو مەترسی کوشندە لەسەر ژیانی دروست بکات، هاوکات گرنگە پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI) دیاریبکرێت، ئەگەر هەموو شتێک بەپێی نیشانەو پێوەرە پزیشکییەکان نەبوو، نەخۆشەکە نابرێت بۆ نەشتەرگەرییەکە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لێرە نەشتەرگەرییەکە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ سوودو زیانەکانی ناکرێو زۆرێک ئەم نەشتەرگەرییە یەکسان دەکەن بەنەشتەرگەری جوانکاریی، کە لەڕاستیدا وا نییە".
بەوتەی ئەم پزیشکە، دەبێت قەڵەوییەکە مەترسی بێت، نەک لەسەر بنەمای مۆدەو چاولێکەریی یان جوانکاریی یان تەنها لەسەر خواستی نەخۆشەکە بکرێت، هەروەها پێویستە بڕیاری نەشتەرگەرییەکە لەلایەن چەند پزیشکێکەوە پێکەوە بدرێت، ئەو وتی "نابێت نەشتەرگەرییەکە بەبێ رێنمایی پسپۆڕ ئەنجام بدرێت، چونکە مەترسی مردن بەهۆی نەشتەرگەری گەدە لەسەرانسەری جیهاندا نزیکەی 2%یە، کە رێژەیەکی زۆر بەرزە".
بۆیە ئامۆژگاریی بۆ نەخۆشەکان ئەوەیە کە لەو ڕاستییە تێبگەن هەموو جەستە قبوڵکراوەو جوانە ئەگەر قەڵەویش بێت، داوا لەنەخۆشەکانیش دەکات ژیانێکی تەندروست بژینو وەرزش بکەنو خواردنی کوالیتی بخۆنو تەنها کاتێک ڕوو لەپزیشکی نەشتەرگەری دابەزاندنی کێش بکەن کە کێشی جەستە مەترسیان بۆ دروست بکات، ئەو وتی "نەشتەرگەری بای پاسی گەدە زۆرجار کارەساتە، ئەوانەی ئەم نەشتەرگەرییە دەکەن ئەو ڤیتامینو ئاسنو کانزایانەی پێویستە لەش لەڕێگەی خۆراکەوە وەریبگرن، ناتوانرێت ئیتر لەڕێگەی گەدە هەڵبمژرێنو ئەمەش مەترسیدارە، نابێت ئەم نەشتەرگەرییە ئەگەر زۆر پێویست نەبێت ئەنجام بدرێت، ئەو نەخۆشانەی بیر لەنەشتەرگەری دابەزاندنی کێش دەکەنەوە پێویستە کێشەکانی دوای نەشتەرگەرییەکە لەبەرچاو بگرن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات