ئەمریکا مەرجی قورس دەخاتە بەردەم عێراق؛ هیگسێت: هاوبەشییەکەمان بەستراوەتەوە بە داماڵینی چەکی میلیشیاکانەوە
  2026-07-15     

ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی توند و ڕوون ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات و بەردەوامی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبەستێتەوە بە توانای بەغدا لەسەر سەپاندنی سەروەریی خۆی و کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان.

ئاوێنە: پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە لە بارەگای وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن). هیگسێت لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" ئاشکرای کرد کە بە ڕوونی بە زەیدی ڕاگەیاندووە: "بۆ پتەوکردنی هاوبەشییەکەمان، دەبێت عێراق سەروەریی خۆی بسەپێنێت و چەکی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران دابماڵێت."

​وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن چاوەڕوانییەکی ڕژدی هەیە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە ڕۆڵی سەرکردایەتی بگێڕن لە هەوڵەکانی تێکشکاندنی پاشماوەکانی ڕێکخراوی داعش. هیگسێت هۆکاری ئەم جەختکردنەوەیەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا، میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی زیاتر لە ٦٠٠ هێرش بۆ سەر کارمەند و هێزەکانی ئەمریکا. لە کۆتاییدا هیگسێت هیوای خواست عێراق بگاتە ئارامی، چونکە بە وتەی ئەو "عێراقێکی ئارام دەرگا بەڕووی هاوکارییە بازرگانی و بەرگرییە بەهێزەکاندا دەکاتەوە".

لە لایەکی ترەوە و لە چوارچێوەی دیدارە دیپلۆماسییەکانیدا لە واشنتن، نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە عەلی زەیدی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی پێشوازی لە سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری کردووە.

​بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، زەیدی لەم دیدارەدا تیشکی خستووەتە سەر کارنامەی چاکسازییەکانی و ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا "کارە لەپێشینەکانی حکومەتەکەی بریتین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سنووردارکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا".

​زەیدی هاوکات دڵنیایی داوەتە لایەنی ئەمریکی کە بەغدا بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی چاکسازیی گشتگیر لە کەرتی بانکی، کەرتی دڵنیایی (تەمین)، باج و گومرگدا، بە ئامانجی بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێزتر، کاراتر و بەردەوام کە بتوانێت لەگەڵ سیستمی دارایی جیهانیدا بگونجێت.

ئەم دیدار و لێدوانە توندانەی بەرپرسانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕۆژی دووشەممەوە بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمریکایە. زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ستراتیژی قۆناغی داهاتووی عێراقی ڕاگەیاند.

​زەیدی لەو کۆنگرەیەدا جەختی کردەوە کە "دوای ٣٠ـی ئەیلوولی داهاتوو، هیچ پێویستییەک بە بوونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا نامێنێت"، و ئاماژەی بەوە کرد کە هاوشان لەگەڵ چوونە دەرەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا، وڵاتەکەی دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و کۆمپانیا گەورە ئەمریکییەکان دێنە ناو کەرتی ئابووری عێراقەوە.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتایی بە سیمکارتی بێسەرەوبەرە دێت؛ مەرجی نوێ بۆ کڕین و تۆمارکردنی سیمکارت لە عێراق دادەنرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×