قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
  2026-07-16       230       

لە کاتێکدا دەسەڵاتی دادوەری وەک کۆڵەکەی سەرەکی هەر وڵات و هەرێمێک دەبینرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە بە ئاراستەیەکی مەترسیداردا دەڕوات. ئەمڕۆ ١٦ی تەمموز بەشێک لە پارێزەران و چالاکوانان لە هەردوو شاری هەولێر (هۆڵی هۆتێل فۆڕ ڕۆیاڵ) و سلێمانی (هۆڵی ڕێکخراوی ئازادبوون) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان سەبارەت بە دۆخی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری سازدەکەن.

لەم بارەیەوە کارزان فازیل، پارێزەر و یاساناس، بە ئاوێنەی راگەیاند، ئێستا دەسەڵاتی دادوەری ڕووبەڕووی گەورەترین ئاستەنگی مێژوویی خۆی بووەتەوە، ئەویش بریتییە لە لەدەستدانی سەربەخۆیی و تێکەڵبوونی ململانێ حزبییەکان بە بڕیارە دادوەرییەکانەوە.

بە وتەی کارزان فازیل، لەدوای ساڵی ٢٠١٨ـەوە، شکۆ و هەیبەتی دادگاکان بەهۆی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی لایەنە سیاسییەکان و دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای پشکی حزبی، بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە. ئەو پارێزەرە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەم دەستوەردانانە تەنها لە ئاستی ئیدارییدا نەماوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ناو دادگای پێداچوونەوەی هەرێم (تەمێز) و بڕیارە دادوەرییەکان.

لە ئاستی دادگای پێداچوونەوەدا، بە ڕای فازیل بە ڕوونی دەردەکەوێت کە هەندێک لە ئەندامانی دادگاکە بەپێی ئینتیمای ناوچەیی و سیاسی و بە ئاراستەی خواستی لایەنەکان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکان دەکەن، کە ئەمەش پێشینەیەکی مەترسیدارە و بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەرکی پیشەیی دادوەردا ناگونجێت.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، کارزان فازیل جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە یاسای دەسەڵاتی دادوەری (کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە کاری پێدەکرێت) بەپێی گۆڕانکارییە تازەکان هەموار بکرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات گۆڕانکاری ڕیشەیی پێویستە و بە قسە و دروشم چارەسەر نابێت؛ بەڵکو پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینە و یەکگرتوویی هەموو چین و توێژەکان (دادوەران، پارێزەران و یاساناسان) هەیە بۆ ئەوەی دەستی حزبی لە کایەی دادوەری دوور بخرێتەوە و شکۆ بۆ دادگا بگەڕێندرێتەوە.

ڕاشیگەیاند کاراییەکی زۆر خراپە، ئەو دەستوەردانانەی کە لە لایەن حیزبەکانەوە لەسەر بڕیارە دادوەرییەکان دەکرێن و زۆر بە زەقی سەیری ئەوە دەکرێت. لە ناو ئەنجومەن و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەدا (تەممیز) بەداخەوە، تا ئێستا چەندین بارودۆخ هاتووەتە پێشەوە. دەستوەردان تێیاندا بە ڕوونی دیار بوو، کە پێشینەی نەبوو بەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستان دا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ​ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە بە جۆرێک هەڵوێست وەردەگرن؛ ئەوانەی کە سەر بە سلێمانی و زۆنی سلێمانین، بە جۆرێک مامەڵە دەکەن، یان بە پێچەوانەی ئەوە لە هەولێر بە جۆرێکی تر مامەڵە دەکرێت و هەڵوێست وەردەگیرێت، کە ئەما هیچ لەوە نەماوە بشاردرێتەوە بەداخەوە و زۆر بە ڕوونی چەند لەسەر ئەوەی کەیسێک چووەتە ناو دادگاکەوە و لەوێ بەپێی ویست و داواکاریی لایەنەکان هەڵوێست وەرگیراوە.

ئەوەشی خستەڕو، ​ئەمە ئیشی مەحکەمە نییە بە ڕاستی، ئەمە ئیشی دادوەر و ئەندامی دادگای پێداچوونەوە نییە بڵێم من ڕای خۆم لەسەر ئەمە نەماوە یان هەڵی دەپسێرم و هیچ دۆسیەیەکی تر نابینم. ئەمە یەکێک بوو لەو کێشانە بە ڕاستی و تا ئێستاش چەند جارێک دووبارە بۆتەوە.»

لە بارەی رۆڵی پارێزەران ڕایگەیاند: "وەک پارێزەران و یاساناسان، لەسەر بنەمای ئەرک و ئیلتزامێکی ئەخلاقی و پیشەیی، بە پێویستی دەزانین کە چاکسازیی ڕیشەیی لە دادگای پێداچوونەوە و ئەنجومەنی دادوەریدا بکرێت، چونکە بەم شێوازەی ئێستا دەسەڵاتی دادوەری ناتوانێت سەربەخۆیی خۆی مسۆگەر بکات."

کارزان ​فازل جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە و یەکگرتوویی یاساناسان و دادوەران و پارێزەران هەیە. ناوبراو وتی: "دەبێت دەستی حزبی لەسەر کەیسە دادوەرییەکان هەڵبگیرێت و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستێوەردانێکی حزبی لە بڕیارە قەزاییەکان بکرێت."

​پارێزەر کارزان فازل لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم داواکارییانە تەنها دروشم نین، بەڵکو پێویستیان بە ڕێکاری عەمەلی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە، بۆ ئەوەی یاسا بۆ هەمووان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ئەو پێشینە خراپانەی ڕوویان داوە، جارێکی تر دووبارە نەبنەوە.

ئەمرۆ کۆمەڵێک پارێزەر و چالاکوانی هەولێر و سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گرنگ سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن. لەم کۆنگرەیەدا، تیشک دەخرێتە سەر ئاستەنگەکان و ئەو پێشێلکارییانەی کە ڕووبەڕووی ئەم دەسەڵاتە بوونەتەوە و هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنین.

​ بەروار: 5 شەممە، ڕێکەوتی 2026/7/16

کات: 4:00ی پاشنیوەڕۆ

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×