رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
  2026-10-14     

رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، لێدوانی بێبەڵگەی سەرۆکی هەرێم، ئەو گومانە لە لای خەڵکی باشوری نیشتمان دروست دەکا کە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان مەترسین لەسەر ژیانی ئەوان.

ئاوێنه‌: رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ نامه‌یه‌كی كراوه‌دا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندوه‌، "لە قسەکانتان لە دیداری مێریدا، هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانتان بەوە تۆمەتبار کرد کە «زۆر نابەرپرسانە ڕەفتاریان کرد» و هەرێمیان خستە بەردەم مەترسییەکی زۆر گەورە. ئەم حوکمە قورسە و پێویستی بە بەڵگە هێنانەوەی ڕون هەیە؛ بەڵگەیەک لەو قسانەتدا پێشکەش نەکرا."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "هیچ ناکۆکییەکمان لەگەڵ ئەو بنەمایە نییە کە حکومەتی هەرێم دەبێت ئاسایشی خەڵکەکەی بپارێزێت و ڕێگە نەدات خاکەکەی ببێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر دراوسێکان. بەڵام لە نێوان ڕاگەیاندنی ئەم سیاسەتە و تۆمەتبارکردنی گشتیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جیاوازییەکی گرنگ هەیە."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"ئێوە بە تایبەتی ئاماژەتان بەوە کرد کە لە سۆشیال میدیا باس لە چوونی ئەم هێزانە بۆ ناخۆی ئێران کراوە. پرسیار ئەوەیە: ئەو هەواڵ و بانگەشانە کێ بڵاوی کردوونەتەوە؟ ڕاگەیاندنی فەرمیی کام لە حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون؟ وتەی کام بەرپرسی ڕێکخراوەیی ئەو حێزبانە بوون؟ یان هەواڵ و لێکدانەوەی کام میدیا و کەسانی دیکە بوون؟"

وتوشیه‌تی "ئەگەر حیزبێک بە فەرمی بانگەشەی کردووە، دەبێت ناوی ئەو حیزبە و دەقی بانگەشەکە دیاری بکرێت. ئەگەر هەواڵەکان لەلایەن کەسانی دیکەوە بڵاو کراونەتەوە، بە چ بنەمایەک بەرپرسیارییەکە دەخرێتە ئەستۆی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوەدستان؟"

رێكخراوه‌كه‌ وتوشیه‌تی "هەروەها، بانگەشەیەکی میدیایی، بڕیارێکی حیزبی و کردارێکی سەربازی سێ شتی جیاوازن. هەر یەکەیان پێویستی بە بەڵگە و هەڵسەنگاندنی تایبەت بە خۆی هەیە. ناکرێت لە هەواڵێکی سۆشیال میدیاوە بگەینە حوکمێکی گشتی لەسەر بەرپرسیاریی سیاسیی چەندین حیزب."

ئه‌وه‌شی وتوه‌ "ئەو حیزبانە لە هەرێمدا لە ژێر یاسا و ڕێسا و ڕێکخستنەکانی دەسەڵاتی هەرێمدا دەژین و چاڵاکی دەکەن. ئەگەر بەڵگەی پێشێلکردنی ئەو ڕێسایانە هەیە، داوا دەکەین بە ڕوونی بخرێتەڕو. کام حیزب، لە چ کاتێکدا، کام ڕێنمایی یان پابەندیی پێشێل کردووە؟ ئەگەریش ئەم کارەی کردبێت ئایا ئاگادار کراوەتەوە و دەرفەتی وەڵامدانەوەی پێدراوە؟"

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "ئێمە بە پێویستی دەزانین کە لە پێناو یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد لە سەرووی سنوورە دەستکردەکانەوە، داوای ڕوونکردنەوە  بکەین لە لێدوانی هەر بەرپرسێکی سیاسی کە هەوڵی ناتەبایی و لەتکردنی کورد و کوردستان دەدا."

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ "لێدوانی بێبەڵگە لە زمانی سەرۆکی هەرێمەوە، ئەو گومانە لە لای خەڵکی باشووری نیشتمان درووست دەکا کە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان مەترسین لەسەر ژیانی ئەوان."

وتوشیه‌تی "داواکاریی ئێمە ڕوونە: بەڵگەکانی ئەم تۆمەتە بخەنە بەردەم ڕای گشتی، دەرفەتی وەڵامدانەوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بدەن و، ئەگەر بەڵگەیەکیش بۆ ئەو حوکمە گشتییە لە بەر دەستدا نییە، ڕاستکردنەوەیەکی ئاشکرا بۆ پەیامەکەتان بکەن."

له‌كۆتاییشدا وتویه‌تی "بە لای ئێمەوە پاراستنی ئاسایشی هەرێم و پاراستنی کەرامەتی سیاسیی کوردانی ڕۆژهەڵات لێکئاڵاون و هیچکامیان ئەویتریان رەفز ناکاتەوە. پەیوەندیی نێوانیان پێویستی بە ڕوونی، دادپەروەری و گفتوگۆ هەیە."

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×