سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ هاوکارییەکی پێشکەش بە بەغدا نەکردووە، بەڵکو نەوتی عێراق بە ڕەزامەندی و لەژێر پارێزگاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
ئاوێنە: بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "عێراق 24" تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووریی عێراق و میکانیزمی ئێستای هەناردەکردنی نەوت لەژێر کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا. ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە و بە پارێزگاری و ڕەزامەندیی ئەمریکا دەگوازرێتەوە بۆ سەڵتەنەی عومان و لەوێوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، لە کاتێکدا ئێران هیچ کارئاسانی و هاوکارییەکی لەم بوارەدا بۆ عێراق نەکردووە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئەعرەجی نیگەرانیی خۆی لە هەڵوێستی تاران نیشاندا و ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم دۆخەدا لەگەڵ عێراق نەوەستاوە و پشتیوانیی نەکردووە، بە پێچەوانەی عێراقەوە کە هەمیشە هاوکار و پاڵپشتی ئێران بووە.
سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە وتی: "بەرپرسانی ئێران باش دەزانن کە قەبارەی هاوردەکردنی ساڵانەی عێراق لە وڵاتەکەیانەوە دەگاتە 15 ملیار دۆلار، تەنانەت وەک هەندێک ناوی دەبەن، عێراق بووەتە باخچەی دواوەی ئێران و لە ئێستادا ڕێژەی 90%ی داهاتەکانی ئەو وڵاتە لە عێراقەوە دابین دەکرێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هۆشداریی دا لە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە وڵاتەکەیدا و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بە قەیرانێکی گەورەدا تێدەپەڕێت و بەراورد بە ئێران، باجێکی قورستری جەنگی داوە. بە وتەی ئەعرەجی، ئەگەر ئەمڕۆ جەنگ ڕابگیرێت، ئێران دەتوانێت لە ماوەی یەک ساڵدا دۆخی ئابووریی خۆی ئاسایی بکاتەوە، بەڵام بەهۆی لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمزەوە، عێراق پێویستی بە پێنج ساڵ دەبێت تاوەکو بتوانێت دۆخی ئابووریی خۆی ببووژێنێتەوە.