حه‌یده‌ر عه‌بودی، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، پلانیان هه‌یه له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار دابه‌زێنن.
ئاوێنه: حه‌یده‌ر عه‌بودی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ره‌سمی هه‌واڵه‌كانی عێراق رایگه‌یاند: "حكومه‌ت و بانكی ناوه‌ندی به‌پێی پلانێكی دیراسه‌كراو كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌كی نزیکدا نرخی یه‌ك دۆلار له بازاڕی ره‌شدا بببێته 1550 دینار."
عه‌بودی وتیشی "ئه‌م ڕێگایه پشتی به ره‌سیدی گه‌ره‌نتیكراو و پێویست له بانكی ناوه‌ندی به‌ستوه كه ڕێگه ده‌دات بازرگانیی ده‌ره‌كی به ئاستێكی به‌رز پاره‌دار بكرێت و پێداویستییه‌كانی هاورده‌كردن پڕبكرێنه‌وه".
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له كاتی داخستنی بازاڕی دراودا له سلێمانی نرخی 100 دۆلار به 166 هه‌زارو 400 دینار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.
سه‌باره‌ت به حه‌واڵه‌كانی پێش په‌سه‌ندكردنی نرخی ئێستای ئاڵوگۆڕی دراو ئه‌نجام دراون، عه‌بودی جه‌ختی كرده‌وه كه "ته‌رخانكردنی دارایی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنیان دابین كراوه له‌ژێر ڕۆشنایی نرخی پێش‌و و په‌یوه‌ستبون به پابه‌ندییه‌كانیانه‌وه."
هه‌روه‌ها وتیشی: "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له كۆبونه‌وه‌ی بیست و سێیه‌میدا بڕیاریدا كه خۆراك و ده‌رمانه هاورده‌كراوه‌كان له ڕسوماتی گومرگی ببه‌خشێت له ڕێكه‌وتی 7ی تشرینی یەکەمی 2026ـه‌وه".