سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
  2026-07-16       217       

سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێز ئاراستەی کوەیت دەکات و دەڵێت، نابێت خاکی کوەیت بۆ هیچ چالاکییەکی سەربازی دژی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بەکاربهێنرێت، هاوکات بەرپرسیارێتی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ناو خاکی کوەیت لە ئەستۆ گرت.

​لە پەرەسەندنێکی نوێی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ناوچەکەدا، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا بە توندی هۆشداری دایە دەوڵەت و گەلی کوەیت و داوای لێکردن دەستبەجێ کار بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکەکەیان بکەن.

​سوپای پاسداران لە ڕاگەیاندراوەکەیدا وردەکاریی هێرشێکی نوێی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە، لە وەڵامی هێرشی سوپای ئەمریکا بۆ سەر چەند خاڵێکی ناوچەی خوزستان، ئێران بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی پێشکەوتوو، توانیویەتی هێرش بکاتە سەر بنکەی سەربازیی "عەلی سەلیم" لە کوەیت. بەپێی وتەی سوپا، ئامانجەکان بریتی بوون لە وێرانکردنی پەیوەندیی مانگە دەستکردەکان و سیستمی ڕاداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی بنکەکە.

​لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سوپای پاسداران داوا لە گەلی کوەیت دەکات "ڕێگە نەدەن شکۆی خاکی وڵاتەکەیان بەهۆی بوونی هێزەکانی ئەمریکاوە زەوت بکرێت". هاوکات هانی خەڵکی کوەیت دەدات کە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەنە ئامانج" و فشاری جەماوەری دروست بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە کوەیت.

​هەروەها جەختی کردووەتەوە کە نابێت خاکی کوەیت ببێتە مەکۆیەک بۆ دەستپێکردنی هێرش دژی گەلانی فەڵەستین، لوبنان، یەمەن و ئێران. 

​سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی گەرووی هورموز، سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، هەر جۆرە جووڵەیەکی داهاتوو لە گەرووی هورموز راستەوخۆ بەستراوەتەوە بەوەی کە "ئەمریکا کۆتایی بە کارە خراپەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت".

​لەلایەکی دیکەشەوە، بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا" وەک باڵەخانەی باڵای سەربازی ئێران، پەیامێکی تووندی بەو مانایە بڵاوکردەوە: "ئێران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادات ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی دەرەوەی ناوچەکە، دەستوەردان لە گەرووی هورموزدا بکات، چونکە ئەمە هێڵی سووری نەبەزێنراوی تارانە".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×