ئا: ئاوێنە
لە نوێترین پێشهات و کاردانەوەی دۆسیەی دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق، کەسایەتیی یەکلاکەرەوەی دۆسیەکە کە بە "سندووقە ڕەشەکە"ی جومەیلی دەناسرێت، لە ئەوروپا کەوتە داوی هێزە ئەمنییەکانەوە.
دوای ئەوەی عەدنان جومەیلی لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا، لە میانی لێکۆڵینەوەکان و دانپێدانانەکانیدا، پەردەی لەسەر ناوی کەسێک لادا بەناوی (حەسەن کوردی). جومەیلی دانی بەوەدا نا کە ئەم کەسە زانیاریی ورد و گرنگی لایە و بە کردار وەک "سندووقی ڕەش"ی نهێنییەکانی ئەو دادەنرێت.
لەکاتێکدا بەشێک لە میدیاکانی عێراق پێشتر پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە حەسەن کوردی لە هەرێمی کوردستانە و لە شوێنێکی پارێزراودایە و دەستی هێزە ئەمنییەکانی پێناگات، بەڵام ڕاستی ڕووداوەکان پێچەوانەکەیان سەلماند. دەرکەوت کە ناوبراو هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە و چۆتە وڵاتی یۆنان، لەوێشەوە هەوڵی داوە خۆی بگەیەنێتە فەڕەنسا.
بەڵام پلانەکەی حەسەن کوردی سەرکەوتوو نەبوو؛ لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەستگیرکرا و لە ئێستاشدا بڕیار وایە لە ڕێگەی وڵاتی ئوردنەوە بگوێزرێتەوە و ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بکرێتەوە.
چاودێران و شارەزایانی دۆسیەکە پێشبینی دەکەن کە بە گەیشتنەوەی حەسەن کوردی بۆ بەغداد و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵی، زانیاریی زۆر هەستیار و مەترسیدار لەسەر کۆمەڵێک بەرپرسی باڵا ئاشکرا ببن کە تێوەگلانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ دۆسیەکەی عەدنان جومەیلیدا هەیە. ئەمەش پێدەچێت لافاوێکی نوێی دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی گەندەڵ لە عێراق بەدوای خۆیدا بهێنێت.