پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەکەی عێراق و ئێران تەنیا بۆ پاسەوانیی سنوور بووە و دەنگۆی دەرکردنمان شەڕی دەروونییە
  2026-10-21     

پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران دەکەن بۆ دەرکردن یان ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان. وتەبێژی ئەو پارتەش لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (ئاوێنە)ی ڕاگەیاند، ئەوان لەژێر هیچ فشارێکدا چەک دانانێن و لە ئەگەری ناچارکردنیان بە جێهێشتنی هەرێم، دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئاوێنە: ​دوای ئەوەی لە زاری باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق بڵاوکرایەوە کە لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵاتدا، بڕیار دراوە ئەندامانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەربکرێن یان ڕاستەوخۆ ڕادەستی ئێران بکرێنەوە، خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (ئاوێنە)ی ڕاگەیاند، سەرجەم ئەو زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە.

​نادری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو قسانەی باڵیۆزی ئێران تەنیا پڕوپاگەندەن و گوایە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوە کراوە، لە کاتێکدا چەند لایەنێکی عێراقیش ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردووەتەوە و دووپاتیان کردووەتەوە کە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە تەنیا تایبەت بووە بە پرسی پاسەوانیی سنووری نێوان هەردوو وڵات و هیچ باسێک لەسەر دەرکردن و ڕادەستکردنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لەئارادا نەبووە.

​وتەبێژی (پاک) ئاماژەی بەوەش کرد، گومانی تێدا نییە حکومەتی ئێران هەرچی لەدەست بێت دژی بزووتنەوەی کورد و هێزە سیاسییەکان درێغی ناکات، بەڵام بە وتەی ئەو "ئەو مەیلەی بۆ ناچێتە سەر کە بتوانێت دەرمانبکات یاخود ناچار بە خۆڕادەستکردنمان بکات." هەروەها هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانەی گەڕاندەوە بۆ هەوڵەکانی تاران بە مەبەستی دروستکردنی شەڕی دەروونی، ترساندن و بێهیواکردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان.

​سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی ئازادیی کوردستان لە ئەگەری خستنەڕووی بژاردەی چەکدانان یان جێهێشتنی خاکی هەرێمی کوردستان، خەلیل نادری بۆ (ئاوێنە) ڕوونی کردەوە کە ئەوان تا ئەو کاتەی لە هەرێمی کوردستانن، ئامادەن ڕێز لە یاساکانی هەرێم و عێراق بگرن و لە بەرامبەر هیچ بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ناوەستنەوە و شەڕ ناکەن. وتیشی: "ئەگەر دۆخێکی لەو شێوەیە بێتە پێشەوە، ئێمە چەک دانانێین، بەڵام ناوچەکە جێدەهێڵین."

​لەبارەی ئەو شوێنەی کە لە کاتی جێهێشتنی هەرێمی کوردستاندا ڕووی تێدەکەن، نادری ئاشکرای کرد کە ئەوان بە خەونیش بیر لە چەکدانان ناکەنەوە و ئامادە نین بچنە ئەو کەمپانەی لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێن، بەڵکو تاکە شوێنێک کە شکى ببەن و ڕووی تێبکەن، گەڕانەوەیە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە درێژەی قسەکانیدا هێرشی کردە سەر بەرپرسانی تاران و ڕایگەیاند کە ئەو جۆرە ڕێککەوتنانە سەرناگرن و پێویستە بەرپرسانی ئێران بیر لە داهاتووی خۆیان بکەنەوە و ئامادەکاری بۆ چۆڵکردنی دەسەڵات بکەن.

​لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان ئاماژەی بە پرسی ئاشتی و دانوستان کرد و باسی لەوە کرد کە ئەوان هەمیشە لایەنگری ئاشتی بوون، بەڵام تاران ئەوەی ڕەتکردووەتەوە و پەنای بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بردووە، بۆیە ئەوانیش وەک پارتەکەیان دروشمی دەرکردنی هێزەکانی ئێرانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزکردووەتەوە.

​سەبارەت بە مەرجەکانیان بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تاران، خەلیل نادری ڕایگەیاند: "ئێمە چەکمان بۆ ئازادیی کوردستان هەڵگرتووە؛ ئەگەر حکومەتی ئێران هێزەکانی خۆی لە کوردستان بکشێنێتەوە، دەتوانین بە ڕێگەی ئاشتی و دانوستان گفتوگۆ بکەین و منیش تا تاران بەدوایاندا ناڕۆم."

​ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا پێشنیاری مۆدێلێکی سیاسیی هاوشێوەی یەکێتیی ئەورووپای خستەڕوو و وتی: "با ڕێگە بدەن کوردیش دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، ئەو کاتە دەتوانین لە چوارچێوەی سیستمێکی کۆنفیدراڵیدا لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا پێکەوە بین و هاوپەیمانیی هاوبەشمان هەبێت، بەڵام ئەوان تا ئێستا ئەمەیان نەویستووە و هەوڵی تواندنەوەی کوردیان داوە، کە لەوەشدا سەرکەوتوو نەبوون."

زۆرترین بینراو
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی گومان دەخاتە سەر گێڕانەوەی فەرمیی حکومەتی عێراق لەبارەی تەقینەوەکەی حەشدی شەعبی
دوو کۆمپانیای نەوتیی لە هەرێم یەکیانگرت: سەرمایەکەیان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە سەروو ملیارێک دۆلار
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
کۆمسیۆنی عێراق جێگرەوەی سێ پەرلەمانتاری عێراقی کە کەرکوکییەکی تێدایە، دیاریکرد
دوران کاڵکان: پەکەکە تەواوی هێزەکانی لە سنوورەکان کشاندووەتەوە و ئەنقەرەش هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە
فراکسیۆنی یەکگرتوو: ئامادەنین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پشتی لایەنێکی سیاسی بگرین
کۆشکی سپی لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی چەند ملیۆن دۆلارێک و گومانی "کڕینی پێگە" لە نزیک ترەمپ دەکات
شەپۆلێکی پاییزە ڕوو لە عێراق دەکات؛ بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ کەشوهەوا بە ناجێگیری دەمێنێتەوە
وەزیری بەرگری تورکیا: تا ئاسایشی سنوورەکان مسۆگەر دەبێت هێزەکانمان لە عێراق و سووریا دەمێننەوە
بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی حەواڵە هەڵپەسێردراوەکانی پێش گۆڕینی نرخی دۆلاری چارەسەر کرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×