بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاگەیەندراوێکی نوێی لەبارەی پرۆسەکانی هاوردەکردن و حەواڵەی دارایی دەرکرد و ڕایگەیاند کە کۆتایی بە کێشەی بەشێک لە حەواڵە دواکەوتووەکان هێناوە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرجەم ئەو داواکارییانەی تایبەت بوون بە حەواڵەی دارایی بۆ مەبەستی هاوردەکردن، کە پێش هەموارکردنەوەی نرخی دراو لە ڕێکەوتی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ هەڵپەسێردرابوون، بە تەواوی ڕایی کراون، بە مەرجێک داواکارییەکان لەگەڵ ڕێنمایی و پێوەرە پەسەندکراوەکاندا گونجاو بووبێتن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، بانکی ناوەندی داوای لەو بازرگان و کۆمپانیایانە کردووە کە ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، سەردانی بانکەکانی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی حەواڵە دەرەکییەکانیان بۆ ئەنجام دراوە. هەروەها بانکی ناوەندی ڕێنوێنیی پێشکەش کردووە کە لە ئەگەری بوونی هەر دواکەوتنێکی بێ پاساو لە جێبەجێکردنی حەواڵەکان، یان داواکردنی بڕە پارەی زیاتر لە دەرەوەی ڕێنماییەکان، پێویستە بازرگانان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی سکاڵاکانی سەر بە بانکی ناوەندییەوە سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن، تاوەکو لایەنی پەیوەندیدار ڕێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەر بانکە سەرپێچیکارەکان بگرێتە بەر.
لەکۆتاییدا، بانکی ناوەندیی عێراق جەختی لەسەر بەردەوامیی چاودێرێکردنی بانکەکان کردەوە بۆ پابەندبوونیان بە ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکانەوە. هاوکات دڵنیایی تەواوی دا بە بازرگانان، کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان کە پرۆسەی دابینکردنی دارایی بۆ هاوردەکردن بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەردەوام دەبێت. هەروەها ڕایگەیاند کە دراوی بیانی لە ڕێگەی بانکەکانەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییانە دابین دەکرێت کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی و دڵنیابوون لە گەیشتنی کاڵا و شتومەک بە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق.