ڕەوشی کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی وەرزی پاییزەوە. بەپێی نوێترین ڕاگەیەندراوی دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراق، لەمڕۆ سێشەممەوە (٢٠ی تشرینی یەکەم) شەپۆلێکی ناجێگیریی کەشوهەوا و بارانبارینی پچڕپچڕ بە بڕ و کاتی جیاواز ڕوو لە چەندین ناوچەی وڵات دەکات، پێشبینیش دەکرێت کاریگەرییەکانی ئەم ڕەوشە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی داهاتوو بەردەوامیی هەبێت.
دەستەکە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییەی بۆ یەک لەدوای یەکیی ئەو سیستەمە کەشوهەواییانە گەڕاندووەتەوە کە تایبەتن بە وەرزی پاییز، لەگەڵ دروستبوونی جیاوازی لە بارستە هەواکاندا لەم سێیەکی کۆتاییەی مانگی تشرینی یەکەمدا. قۆناغی یەکەمی شەپۆلەکە لەمڕۆوە دەست پێدەکات و چەند ڕۆژێک دەخایەنێت، بەپێی پێشبینییەکان لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا کەشوهەوا ناجێگیرتر دەبێت؛ ئەگەری بارینی تاوەبارانی سووک بۆ مامناوەند و دروستبوونی هەورەبرووسکەی لێ دەکرێت، هەروەها چالاکبوونی خێرایی با لە هەندێک ناوچەدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵی ناوخۆیی.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، گۆڕانی ئاراستەی با و چڕبوونەوەی هەورەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاستی پلەکانی گەرما دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبن:
دهۆک: ٢٧ پلەی سیلیزی
سلێمانی و نەینەوا: ٢٨ پلەی سیلیزی
هەولێر، کەرکوک و ئەنبار: ٢٩ پلەی سیلیزی
بەغداد، سەڵاحەدین و دیالە: ٣١ پلەی سیلیزی
کەربەلا و بابل: ٣٢ پلەی سیلیزی
نەجەف و دیوانییە: ٣٣ پلەی سیلیزی
واست: ٣٤ پلەی سیلیزی
میسان و موسەننا: ٣٥ پلەی سیلیزی
زیقار و بەسرە: ٣٦ پلەی سیلیزی