​وتەبێژی یەبەشە: پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانمان هەنگاوێکی فەرمییە و پێویستی بە جیدیەتی دەوڵەت هەیە
  2026-10-19     

​لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (چرا تیڤی)، هادی ئەلیاس، وتەبێژی یەکەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، ڕایگەیاند کە لە مانگی (شوبات/2)ی ئەمساڵەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ لەنێوان ئەوان و بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی دەوڵەتی عێراقدا بەڕێوەچوون. ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی ڕاست و باوەڕپێکراو، بە شێوازێک کە تێیدا هێز، دامەزراوە و کۆمەڵگەی شنگال لەناو سیستمی دەوڵەتی عێراقدا تێکەڵ (ئینتێگراسیۆن) کرێن.

ئاوێنە: ​ئەلیاس ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەنگاوە هاوکاریی سەروەریی عێراق دەکات و وتی: "ئێمە لەم پرسەدا زۆر جیددین، هەروەها پێویستمان بە شتێکی فەرمی و شەرعی هەیە کە ڕێگە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی تری شەنگالدا بکاتەوە. چارەسەرکردنی ئەم بابەتە هەنگاوی یەکەم و بنەڕەتییە کە ڕێگا بۆ چارەسەرەکانی تر خۆش دەکات." ناوبراو درێژەکێشانی پرۆسەکەی بە شتێکی سروشتی و ئاسایی وەسف کرد، چونکە ئەمە تەنیا گواستنەوەی یەکەیەکی سەربازیی ئاسایی نییە، بەڵکو دۆسیەیەکی یەکجار هەستیارە کە ڕاستەوخۆ بە کۆمەڵگە، پاشەڕۆژ و هێزی شنگالەوە بەستراوەتەوە.

​کێشە بنەڕەتییەکانی شنگال تەنیا بە لایەنی ئەمنی چارەسەر نابن

​وتەبێژی یەبەشە جەختی لەوەش کردەوە کە پرسی شنگال تەنیا بە لایەنی ئەمنییەوە سنووردار نەکراوە؛ هەرچەندە لایەنی ئەمنی بەشێکی زۆر گرنگە، بەڵام چەندین بابەتی بنەڕەتیی تریش هەن کە دەبێت بە هەمەلایەنە چارەسەر بکرێن. لەوانە:

​گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.

​قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو.

​ئاوەدانکردنەوەی گوند و شارە ویرانکراوەکان.

​چارەسەرکردنی دۆسیەی بێسەروشوێنەکان.

​ڕزگارکردنی زیاتر لە 1780 کەس کە تا ئێستا لە دەستی ڕێکخراوی داعشدا ماونەتەوە.

​هەروەها ئەلیاس ڕوونی کردەوە: "ئێمە وەک هێزێک کە لە ڕۆژانی هەستیاردا دروست بووین، لەناو پرۆسەکەدا بووین و هیچ کاتێک خۆمان لە دەوڵەت دانەبڕیوە. ئینتێگراسیۆنی فەرمی تەنیا قسەکردن نییە لەسەر کاغەز، بەڵکو هەم هێزەکەمان، هەم کۆمەڵگەکەمان و هەم دەوڵەتیش بەهێز دەکات. دەمانەوێت ئینتێگراسیۆنێکی ڕاستەقینە بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی تایبەتمەندییەکانی هێز و کۆمەڵگەکەمان بپارێزرێن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی هاوشێوەی ساڵی 2014 بکرێت."

​لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ناوبراو داوای لە حکومەتی عێراق کرد بە هەمان جیدییەتەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بکات، و دڵنیایی دا بە خەڵکی ناوچەکە کە ئەم هەنگاوە داهاتوو، ئەمنیەت و مافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی گەرەنتی دەکات، بە جۆرێک کە سەقامگیریی ڕاستەقینە بە دادپەروەری و دابینکردنی مافەکان دێتە دی.

​ڕەهەندە سیاسییەکان و لێدوانی پەیوەندیدار

​لە لایەکی ترەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە پەیامێکدا داوای کرد کە یەکەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بچنە ناو چوارچێوەی سوپای عێراقەوە، بە مەرج ئەوەی لە خاکی شنگالدا بمێننەوە و پارێزگاری لە ناوچەکە بکەن.

​ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڵگەنامەی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئامادە کرابوو، بەڵام بەهۆی ڕێگرییەکانی تورکیاوە لەلایەن سەرۆک وزیرانەوە واژۆ نەکراوە، لە کاتێکدا ئێزدییەکان تەنیا داوای دیموکراسیی خۆجێیی دەکەن. هاوکات جەختیشی کردەوە کە پەکەکە قۆناغێکی تێپەڕاندووە و کۆسپەکانی لابردووە، بۆیە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبی داوە و خۆی بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×