تێکهەڵچونی چەکداری لە تاران؛ موجاهیدینی خەلک هەوڵی بەئامانجگرتنی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەدات
  2026-10-18     

ڕێکخراوی "موجاهیدینی خەلک"ی ئێرانی ڕایگەیاند، شەوی شەممەی ڕابردو لە ناوەڕاستی تاران پێکدادان لە نێوان ژمارەیەک لە ئەندامانیان و هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕویداوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەیان، ڕوداوەکە لە نزیک بنکەی سەرەکیی دەسەڵاتی دادوەری بوە و بە دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی ڕێکخراوەکە کۆتایی هاتوە.

ئاوێنە: ​بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، تێکهەڵچونەکان لە دەوروبەری کاتژمێر ٩:٠٠ی شەو لە شەقامی "عەبدوڵڵا زادە" سەریان هەڵداوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەند کاتژمێرێک پێشتر زانیارییان پێگەیشتوە غوڵامحوسێن موحسینی ئیرەجی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بەرەو ئەو بینایە بەڕێوەیە. ڕێکخراوەکە دەڵێت، ئامانجی گروپەکانیان بەئامانجگرتنی ناوبراو بوە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو سزای لەسێدارەدانانەی کە لە ماوەی ڕابردودا لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرچون.

​لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە کاتی نزیکبونەوەیان لە بینا سەرەکییەکە، ئەندامانی ڕێکخراوەکە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی دەسەڵاتی دادوەری و مەفرەزەکانی پۆلیسدا ڕوبەڕوبونەتەوە. لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە هێرشبەرەکان دەستگیرکراون، بەڵام بەشێکی دیکەیان توانیویانە گەمارۆ ئەمنییەکەی هێزە حکومییەکان بشکێنن و لە شوێنی ڕوداوەکە هەڵبێن. تا ئێستا خودی ڕێکخراوەکە هیچ ئامارێکی سەبارەت بە کۆی گشتیی بەشداربوان، ژمارەی دەستگیرکراوان، یان بونی قوربانی (بریندار و کوژراو) لە پێکدادانەکاندا نەخستوەتەڕو.

​سەبارەت بە شوێنی ڕوداوەکە، زانیارییەکان دەریخستوە کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی چەندین شوێنی جیاواز بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی بەکاردەهێنێت، یەکێک لەوانەش بنکەی سەرەکییە لە شەقامی کەشاڤۆرز. بیناکە لە ٢٠ نهۆمی سەرو زەوی و سێ نهۆمی ژێر زەوی پێکدێت.

جێی باسە، تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ یان فەرمی حکومەتی ئێران وردەکارییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە و ژمارەی دەستگیرکراوەکانی پشتڕاست نەکردوەتەوە، و تەواوی زانیارییەکان تەنها پشت بە گێڕانەوەکانی سەرکردایەتیی ڕێکخراوی "موجاهیدینی خەلک" دەبەستن.

ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق (MEK) گروپێکی چەکداریی و سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە کە لە ساڵی ١٩٦٥ لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆوە (لەوانە محەمەد حەنیف نەژاد، سەعید موحسین و عەلی ئەسغەر بەدیع زادەگان) بە ئامانجی دژایەتیکردنی ڕژێمی شای ئێران دامەزرا. ئایدیۆلۆژیای ڕێکخراوەکە تێکەڵەیەکە لە بیروباوەڕی چەپ (مارکسی) و ئیسلامی. هەرچەندە ئەم ڕێکخراوە لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩دا بەشدارییەکی کارای لە ڕوخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی ئێراندا هەبو، بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی کۆماری ئیسلامی بە ڕابەرایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی تێکچو و کەوتنە ململانێیەکی خوێناوی و چەکداریی توندەوە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
دەستەی مافی مرۆڤ: عومەر فەقێ بە تۆمەتی تەقەکردن و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار زیاتر به‌رزبوه‌وه‌
باڵی سه‌ربازیی پژاك: سوپای پاسدارانی ئێران هێرشه‌كانی رانه‌گرێت، وه‌ڵامی زیاترمان ده‌بێت
ئۆجه‌لان: ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام پێویستی به‌ مسۆگه‌ركردنی بون و زمان و كولتوری كوردییه‌
تره‌مپ وته‌بێژی كۆشكی سپی دورخسته‌وه‌
به‌ڕێوه‌به‌ری سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی: به‌ته‌واوی پشتیوانی له‌ داخوازی عێراق بۆ قه‌رز ده‌كه‌ین
عه‌لی زه‌یدی: عێراق توشی نه‌هامه‌تی بوه‌و ئێستاش ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست كاریگه‌رییه‌كانی ململانێكانی ناوچه‌كه‌وه‌
تەرمی "مێلا هەرێم" ئەو کچە پێنج ساڵانەی لە سنوری نێوان تورکیا  و یۆنان خنکا دۆزرایەوە
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی لەجێگەدانان دەردەکات
حكومه‌تی هه‌رێم: زیاتر له‌ 1 ملیۆن موچه‌خۆر كارتی بانكییان وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×