ئۆجه‌لان: ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام پێویستی به‌ مسۆگه‌ركردنی بون و زمان و كولتوری كوردییه‌
  2026-10-17     

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆتاییهاتنی خه‌باتی چه‌كداری بە تەنیا بەواتای ئاشتی نایەت، بۆ هێنانه‌دی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام پێویسته‌ بون و زمان و كولتوری كوردی مسۆگه‌ربكرێن. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌بێ گه‌ره‌نتیی یاسایی له‌ توركیا، پڕۆسه‌ی ئاشتی ناگاته‌ سه‌ركه‌وتن. ده‌شڵێت، چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌ دیموكراتیزه‌بونی توركیا جیاناكرێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شه‌ممه‌، لە شاری تۆرنتۆی ئیتاڵیا، بە بەشداری ژماره‌یه‌ك له‌ سیاسەتمەدارانی کوردستان و نێوده‌وڵه‌تی بۆ گەنگەشەکردنی 'پرسی چارەسەری و ئاشتی' لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ناونیشانی "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی لە کوردستان: ڕوانگەیەک بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" کۆنفرانسی 'کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی' دەستیپێکرد. 

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان په‌یامێكی بۆ كۆنفرانسه‌كه‌ ناردوه‌و تێیدا ده‌ڵێت "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخی ئێستادا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. شەڕ، پێکدادان، چارەسەرە ناوچەییەکانی دەوڵەت-نەتەوە و سیاسەتە ئاسایشییەکان، ئاشتی و ئازادییان بۆ گەلان بەدی نەهێناوە. ئەم ڕاستییە لە ئێستادا بەڕوونی دەرکەوتووە. لەبەرئەوە، ئەرکی سەرەکیمانە واز لە سیاسەتی شەڕ بهێنین و سیاسەتی دیموکراتیکی بکەین بە بنەمای کارەکانمان؛ کۆمەڵگە ڕێکبخەین و سەردەمێکی نوێ دەستپێبکەین کە ژیانی هاوبەشی یەکسان و ئازادی گەلان مسۆگەر بکات."

ئۆجه‌لان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری بە تەنیا بەواتای ئاشتی نایەت. بۆ ئەوەی لە ئەنجامی پرۆسەکەدا ئاشتییەکی بەردەوام بێتە ئاراوە؛ پێویستە هۆکارەکانی ململانێ و پێکدادان لەناو ببرێن، بون و زمان و کولتوری کوردی مسۆگەر بکرێن، بەربەستەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراتی لابرێن و هاوڵاتیبوونی یەکسان گەرەنتیی یاسایی بکرێت."

ئه‌و ده‌شڵێت "هاوتای سیاسەتی دیموکراتی، کۆماری دیموکراتییە؛ گەرەنتی کۆمەڵگەی دیموکراتییش یاسایە. بەبێ گەرەنتیی یاسایی، سیاسەتی دیموکراتی بەردەوام نابێت و پرۆسەی ئاشتیش ناگاتە سەرکەوتن."

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ "چارەسەرکردنی پرسی کورد، لە دیموکراتیزەبوونی تورکیا جیا ناکرێتەوە. دیموکراتیزەبوونی تورکیاش بە دەر نییە لە دەرکەوتنی ئیرادەیەکی سیاسی کە ژیانی هاوبەش، یەکسان و ئازادی گەلان دابین بکات."

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو"پاشەڕۆژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕی نوێ و پەیوەندییە نوێیەکانی دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدایە. ڕزگاری لە یەکێتیی ئازادی گەلان و بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتیدایە."

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "پێویستە سیاسەت شوێنی چەک بگرێتەوە، یاسا شوێنی بێ متمانەیی بگرێتەوە، و یەکسانی شوێنی نکۆڵیکردن بگرێتەوە. ڕێگای ئاشتییەکی بەردەوام خودی ئەم ئاڕاستەیەیە."

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

دۆستانی هێژا...
لە ئیمراڵییەوە، بە هەستی پشتبەستنی نێونەتەوەیی و ئازادییەوە سڵاوتان لێ دەکەم، هیوادارم کۆنفرانسەکەتان ببێتە هۆکارێک بۆ بنیاتنانی یەکێتییەکی هاوسەنگ، ئازادیی گەلان و ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخی ئێستادا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. شەڕ، پێکدادان، چارەسەرە ناوچەییەکانی دەوڵەت-نەتەوە و سیاسەتە ئاسایشییەکان، ئاشتی و ئازادییان بۆ گەلان بەدی نەهێناوە. ئەم ڕاستییە لە ئێستادا بەڕوونی دەرکەوتووە. لەبەر ئەوە، ئەرکی سەرەکیمانە واز لە سیاسەتی شەڕ بهێنین و سیاسەتی دیموکراتیکی بکەین بە بنەمای کارەکانمان؛ کۆمەڵگە ڕێکبخەین و سەردەمێکی نوێ دەستپێبکەین کە ژیانی هاوبەشی یەکسان و ئازادی گەلان مسۆگەر بکات.

ڕوانگەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی و کۆماری دیموکراتی، یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی ئەم گەڕانە.

کۆتایهێنان بە کار و چالاکییەکان لە ژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهاتنی ستراتیژی خەباتی چەکداری، پێویستە وەک سەرەتای سەردەمێکی نوێ سەیر بکرێت. ئەم گۆڕانکارییە، پێویستی بە گرتنەبەری ڕێبازێکی نوێ و تێڕوانینێکی نوێیە بۆ پرسەکە.

پێویستە بە ڕوونی بیڵێین کە کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری بە تەنیا بەواتای ئاشتی نایەت. بۆ ئەوەی لە ئەنجامی پرۆسەکەدا ئاشتییەکی بەردەوام بێتە ئاراوە؛ پێویستە هۆکارەکانی ململانێ و پێکدادان لەناو ببرێن، بوون، زمان و کولتووری کوردی مسۆگەر بکرێت، بەربەستەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراتی لابرێن و هاوڵاتیبوونی یەکسان گەرەنتیی یاسایی بکرێت.

ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیکی، نە پێکهاتنێکی تاکلایەنەیە و نە بەشداربوونێکی بێمەرجە لەناو سیستمی ئێستادا. بەپێچەوانەوە، پێویستە ببێتە وەرچەرخانێکی دیموکراتی کە تێیدا نکۆڵی لە جیاوازییەکان نەکرێت، دان بە مافەکاندا بنرێت و ژیانی هاوبەش لەسەر بنەمای یەکسانی بنیات بنرێت.

هاوتای سیاسەتی دیموکراتی، کۆماری دیموکراتییە؛ گەرەنتی کۆمەڵگەی دیموکراتییش یاسایە. بەبێ گەرەنتیی یاسایی، سیاسەتی دیموکراتی بەردەوام نابێت و پرۆسەی ئاشتیش ناگاتە سەرکەوتن.

چارەسەرکردنی پرسی کورد، لە دیموکراتیزەبوونی تورکیا جیا ناکرێتەوە. دیموکراتیزەبوونی تورکیاش بە دەر نییە لە دەرکەوتنی ئیرادەیەکی سیاسی کە ژیانی هاوبەش، یەکسان و ئازادی گەلان دابین بکات.

گرنگیی ڕوانگەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لێرەدایە. چارەسەر؛ نە تواندنەوەی گەلانە لەژێر یەک ناسنامەدا، نە سنوور و جیاوازییەکان دەبنە سەرچاوەی ململانێی نوێ و نە دروستکردنی دەسەڵاتێکی نوێی دەوڵەتگەرایە.

ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە ئەمەیە: لەبری سیاسەتی شەڕ سیاسەتی دیموکراتی، لەبری نکۆڵیکردن ناساندن و دانپێدانان، لەبری زەبروزەنگ یاسا، و لەبری دابەشبوونی کۆمەڵایەتی ژیانی هاوبەشی ئازاد و یەکسان. ئەم گۆڕانکارییە وا دەخوازێت کە دەوڵەت و ئەکتەرە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ، دامەزراوە دیموکراتییەکان زیاتر بەهێز بکرێن و کۆمەڵگە لەسەر پاشەڕۆژی خۆی ببێتە خاوەن دەنگ و بڕیار.

دۆستانی ئازیز، هیوادارم ئەم کۆنفرانسە گفتوگۆ لەسەر ڕوانگەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی لەم دۆخە و مەرجە هاوچەرخانەدا بکات و ڕێگای دیاریکراوی چارەسەری دیموکراتی بخاتە ڕوو. پاشەڕۆژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕی نوێ و پەیوەندییە نوێیەکانی دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدایە. ڕزگاری لە یەکێتیی ئازادی گەلان و بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتیدایە.

پێویستە سیاسەت شوێنی چەک بگرێتەوە، یاسا شوێنی بێ متمانەیی بگرێتەوە، و یەکسانی شوێنی نکۆڵیکردن بگرێتەوە. ڕێگای ئاشتییەکی بەردەوام خودی ئەم ئاڕاستەیەیە. جارێکی تر بە بڕوای خۆم بە ئاشتی و ئازادی، سڵاو لە کۆنفرانسەکەتان دەکەم.

عەبدوڵا ئۆجه‌لان
ئیمراڵی

زۆرترین بینراو
پێکدادانی قورس و هێرشی درۆنی لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە بەرزاییەکانی شاهۆ ڕوویدا
وتاربێژی هەینیی نەجەف هێرش دەکاتە سەر کابینەکەی زەیدی: دروستکردنی سێ وەزارەتە نوێیەکە بارگرانییە
پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من: بانكی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاییزی ساڵی رابردوه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ دورخراوه‌ته‌وه‌
دوای ١٨ ساڵ کارپێکردن؛ وەزارەتی دارایی عێراق مەرجێکی پێدانی سەرمووچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە
كه‌شناسی: باران ده‌بارێت و پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌
فواد حسێن: به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌، عێراق 60 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتوه‌
محەمەد سەمعان: لە چەند ڕۆژی داهاتودا پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک دەستبەکاردەبێت
تره‌مپ: پێویست ناكات چه‌كی ئه‌تۆمی له‌دژی ئێران به‌كاربهێنین
ئه‌و بانكه‌ عێراقییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سزادرا: تۆمه‌تباركردنمان پاڵپشته‌ به‌ بانگه‌شه‌ی ناڕاست
چارەنووسی هاووڵاتییەکی پیرانشار دوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بە نادیاری ماوەتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×