وەزارەتی دارایی عێراق بە بڕیارێکی فەرمی کۆتایی بە رێکارێکی کارگێڕی هێنا کە زیاتر لە ١٨ ساڵە لە فەرمانگەکاندا پەیڕەو دەکرێت، بەپێی بڕیارەکەش چیدی بۆ پێدانی سەرمووچەی ساڵانە بە فەرمانبەران، کار بە مەرجی پڕکردنەوەی فۆرمی هەڵسەنگاندن ناکرێت. راوێژکارێکی یاساییش وردەکاریی بڕیارەکە و بنەما یاساییەکانی دەخاتەڕوو.
ئاوێنە: بەپێی گشتاندنێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە رێکەوتی ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٦ دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگەکانی عێراق کراوە، بڕیاردراوە بە راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی رێکاری کارکردن بە "فۆرمی هەڵسەنگاندنی فەرمانبەر" لە کاتی پێدانی سەرمووچەی ساڵانەدا.
دەرچوونی ئەم گشتاندنە لە ناوەندە میدیایی و یاساییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و پرسیاری ئەوەی دروستکردووە کە ئایا لە رووی یاساییەوە پڕکردنەوەی فۆرمی هەڵسەنگاندن مەرجە بۆ بەخشینی سەرمووچە بە فەرمانبەران یاخود نا؟
لەمبارەیەوە عەبدولقادر ساڵح، راوێژکاری یاسایی لە روونکردنەوەیەکدا شیکردنەوەی بۆ رەهەندە یاساییەکانی ئەم بڕیارە کردووە و چەند سەرنجێکی لەسەر مێژووی کارکردن بەو فۆرمە خستووەتەڕوو:
یەکەم: کارکردن بە رێکارێکی هەڵوەشاوە بۆ ماوەی ١٨ ساڵ
ئەو راوێژکارە یاساییە ئاماژە بەوە دەکات کە وەزارەتی دارایی عێراق لە ماوەی زیاتر لە ١٨ ساڵی رابردوودا بە پێچەوانەی یاساوە پڕکردنەوەی فۆرمی هەڵسەنگاندنی کردبووە مەرج بۆ پێدانی سەرمووچە بە فەرمانبەران. روونیشیدەکاتەوە کە بنەمای دانانی مەرجی هەڵسەنگاندن دەگەڕێتەوە بۆ رێنمایی ژمارە (١٦)ی ساڵی ١٩٦٠، کە پشتی بە ماددەی (٥)ی یاسای راژەی شارستانی ژمارە (٢٤)ی ساڵی ١٩٦٠ بەستبوو.
بەڵام وەک لە گشتاندنە نوێیەکەشدا هاتووە، ئەو ماددەیە بەپێی ماددەی (٢٠)ی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ هەڵوەشاوەتەوە. بەپێی وتەی ناوبراو، لە دوای دەرچوونی یاسای مووچە لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە هەڵە و بە شێوەیەکی نایاسایی بەردەوام بووە لەسەر سەپاندنی مەرجی فۆرمی هەڵسەنگاندن بۆ پێدانی سەرمووچە.
دووەم: مەرجی یاسایی بۆ شایستەبوونی سەرمووچە
سەبارەت بە میکانیزمی دروستی پێدانی سەرمووچە، عەبدولقادر ساڵح ئاماژەی بە ماددەی (٥)ی یاسای مووچەی فەرمانبەران کردووە، کە تێیدا پێدانی سەرمووچە بە هیچ مەرجێکی هەڵسەنگاندنەوە گرێ نەدراوە. بەپێی دەقە یاساییەکە، فەرمانبەر تەنها بە تەواوکردنی یەک ساڵی خزمەتی وەزیفی، راستەوخۆ شایستەی وەرگرتنی سەرمووچە دەبێت، بەبێ ئەوەی پێویست بە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای کارکردنی بکرێت.
سێیەم: بڕیارەکانی ئەنجوومەنی دەوڵەت
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە کە ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق پێشتر و لە هەردوو بڕیاری ژمارە (٦٣/ ٢٠١٥) و (٨١/ ٢٠١٨)دا بە روونی ئەم پرسەی یەکلاکردووەتەوە. ئەنجوومەنەکە لەو بڕیارانەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە رووی یاساییەوە نابێت هەڵسەنگاندنی فەرمانبەر بکرێتە مەرج بۆ پێدانی سەرمووچەی ساڵانە.
ئەو راوێژکارە یاساییە لە کۆتایی شیکردنەوەکەیدا وەبیرهێنانەوەی بۆ ئەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢١ و لە چاپی دووەمی پەرتووکی "شرۆڤەی یاسای راژەی شارستانی"دا، لەبەر رۆشنایی هەردوو بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەم بابەتەیان بە وردی شیکردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کارکردن بە فۆرمی هەڵسەنگاندن وەک مەرجێک بۆ پێدانی سەرمووچەی فەرمانبەران، رێکارێکی نادروستە.