سەرنجی من لەسەر خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا
  2026-10-18     
خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا

نەزەند بەگیخانی

 

تکایە تا کۆتایی بیخوێنەوە، چونکە لێکدانەوە و راڤەکان لە کۆتایین.

ئەمساڵ کوڕەکەم یەکەم ساڵی بوو وەک مامۆستا لە یەکێ لە دواناوەندییەکانی فەڕەنسا دامەزرا. نەوای کوڕم بەوپەڕی گوڕ و جۆشەوە لە بواری ماتماتیک دەستی بە وانە وتنەوە کرد. هەروەها وەک پاڵەوانی یاری شەترەنج لە ناوچەکە، پێشنیاری دامەزراندنی یانەی شەترەنجی بۆ قوتابییەکانی کرد (کە تەمەنیان لە نێوان١٥- بۆ ١٨ ساڵە). بەڕێوەبەرەکە قبوڵی کرد و هەموو پێداویستییەکانی خستە بەردەست. بەڵام هەر دوای دوو هەفتە لە وانە وتنەوە، بە هۆی خۆپیشاندانەکان قوتابخانەکە داخرا و وانەکان کرانە ئۆنلاین. رۆژێک کوڕەکەم بە تەلەفۆن پێی وتم کە چۆتە قوتابخانە، کلاسەکانی بینیوە تاڵان کراون و تێکشکێنراون، بە دڵگرانییەوە وتی "وەک ئەوەی هی پاشماوەی جەنگ بێ". لە کاتی وتنەوەی وانە بە ئۆنلاین، تەواوی قوتابییەکان ئامادە نابن و هەندێکیان سووکایەتی بە مامۆستاکان دەکەن و جوێنی پیس دەدەن. لە دوای سەربڕینی مامۆستا ساموێل پاتی-یەوە، کە لە لایەن باوکی یەک لە قوتابییەکانی لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ لە ماڵی خۆی تێرۆر کرا، قوتابخانەکان هەڕەشە و جوێنی قوتابیان بۆ سەر مامۆستاکان بە گرنگ وەردەگرن.

من لە نزیکەوە لە ڕێگای رۆژنامە و میدیا بینراوەکان و ئۆنلاینەوە چاودێریی رووداوەکان دەکەم. هەروەها لە ڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ هاوکار و دۆستە فەڕەنسییەکانم، لەگەڵ قوتابیان و لەگەڵ کوڕەکەشم بەردەوام لە گفتوگۆ داین. دوێنێش ١٧ ی مانگ، راستەوخۆ لە مەیدانی شار شاهێدحاڵ بووم.

١. خۆپیشاندانەکان بە هەندێ داواکاریی گونجاو و شەرعی دەستیان پێکرد: چاککردنی بارودۆخی مەکتەبەکان، زیادکردنی ژمارەی مامۆستاکان و دانانی مامۆستای یاریدەدەر لە کاتی غایبوونی مامۆستایەک، کەمکردنەوەی ژمارەی زۆری وانەکان (کە لە ٨،٣٠ ی بەیانیەوە تا ٥ی ئێوارە دەخایەنێ)، کەمکردنەوەی ژمارەی قوتابیان لە کلاس، دانانی کاتی گونجاو بۆ پشووی نانخواردن و باشکردنی رێستۆرانەکانی مەکتەب و جۆری خواردنەکان، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێ لە مەکتەبەکان بخوێنن بە بێ جیاوازیی چینایەتی و شوێنی نیشتەجێبوون و رەنگی پێست و ئایین، دابینکردنی پەرستیار و توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونناس لە مەکتەبەکان و بە هانا هاتنی ئەوانەی کێشەی دەرامەت و تەندروستییان هەیە. ئەمانە خاڵە هەرە سەرەکییەکان بوون.

٢. خۆپیشاندانەکان سەرەتا هەڕەمەکی بوون، هیچ سەندیکا و پارتێکی لەپشت نەبوو. بەڵام دواتر سەندیکاکان خۆیان کردە خاوەن و ئەمەش هاوکار بوو لە باشتر رێکخستنی بزووتنەوەکە و وەرگرتنی روخسەتی فەرمی. مامۆستاکان (هاوتای کوڕەکەم) و دایک و باوکان لایەنگیریی داواکاریی قوتابی و منداڵەکانیان بوون و لە خۆپیشاندانەکان لەگەڵیان ئامادە دەبوون و لە زۆربەی شارەکان وەک میانڕەو لە نێوان پۆلیس و قوتابییەکان دەوەستان. بەڵام هەر زوو دۆخەکە تەقییەوە، ئەمەش لەبەر هەندێ هۆکاری سەرەکی: هەندێ لایەنی گێرەشێوێن و ئەنارشیستەکان کە ئەم حالەتانە دەقۆزنەوە، هاتنە ناو ریزی خۆپیشاندەران و دەستیان کرد بە سووتاندن و تاڵانکردنی دەزگا حکومییەکان و دوکان و سوپەرمارکێتەکان. ئەمانە پڕن لە هەستی پەنگخواردوو و رق و چەپاندن، بۆیە دەست لە هیچ ناگرنەوە و ئامانجیان تێکدان و وێرانکردنە. لە ١٧ مانگ، من خۆم بەرەڕووی ئەمانە بوومەوە کە ماسکیان بەستووە و وەک نەناسراو بە کێبل و دار و بەرد هێرشیان دەکردە سەر دوکان و سوپەرمارکێتەکان و گڕیان لە ئۆتۆمبیل و پایسکیلی سەر جاددەکان بەردەدا. ئەمانە بە هیچ شێوەیەک قوتابییە خۆپیشاندەرەکان نەبوون و تەنانەت ئەوانیش نائومێد و تووشی شۆک بوون.

٣. دەسەڵات سەرەتا داواکارییەکانی فەرامۆش کرد، ئەمەش وەک غرور و بێباکی لێک درایەوە. هەرچەندە دواتر فەرمانی زیادکردنی بودجە و دامەزراندنی ژمارەیەک مامۆستای دا، بەڵام فەرامۆشکردنەکە بووە مایەی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان و بەردەوامبوونیان. پەرەسەندنەکە کۆمەڵێ لایەنی دیکەی گرتەوە: هەموو ئەوانەی کە لە دەسەڵات ناڕازین بە هۆکاری جیاجیا هاتنە پاڵ خۆپیشاندەرانەوە: داواکارییەکان فراوان بوون دژی قورسیی باری ئابووری، بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، دابەزینی نرخی خۆراک و کەلوپەل، کەمکردنەی باج لەسەر مووچە و داهات و خۆراک، چاککردنی بارودۆخی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانەکان، گواستنەوە و هاتوچۆ و کەمکردنەوەی فشاری کار و رەچاوکردنی تەندروستیی فەرمانبەران، کێشەی ژینگە و کەشوهەوا.

٤. لە کاتێکدا دەسەڵات بە هێنانی پۆلیس و ئاسایشی زیاتر دەیویست دۆخەکە کۆنترۆل بکات، هەندێ بەرپرسی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان دۆخەکەیان بەکارهێنا؛ لە جیاتی رۆلی چارەسەرکردن ببینین، ئەوان یەک لە دژی ئەویدیکە هان دەدەن، لە جیاتی گوێ لەو قوتابییانە بگرن کە هێشتا منداڵ و هەرزەکارن، دەچن چالاکی و داواکارییەکانیان بۆ ئەجێندای سیاسیی خۆیان بەکاردێنن. لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، ١٨ مانگی نیسانی ٢٠٢٧، زۆربەی ئەم لایەنانە بیر لەخۆیان و گرتنی دەسەڵات دەکەنەوە نەک وەک ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکو وەک دژ و خاوەن زمانێکی زبر و رادیکال دێنەگۆ. دەسەڵات-یش لە جیاتی گفتوگۆ و سازش، ئەمانە وەک چەپی رادیکال و پەڕگیر وەسف دەکات و بە هاندەر و لایەنگیریی ئەو تاڵان و سووتاندنانەیان دادەنێ، ئەوانیش ماکرۆن و حکومەتەکەی بە تۆمەتبار دەزانن هەم لە گوێنەگرتن لە خۆپیشاندەران و هەم لە بەکارخستنی هێزی پۆلیس و ئاسایش لە بەرامبەر خۆپیشاندەران. لەم نێوانەدا دوو لایەن سوودمەندن: چەپە توندڕۆکان (مێلەنشۆن-ییەکان) و راستڕەوە توندڕوەکان (لوپێن-ییەکان).

٥. هۆکارە سەرەکی و شاراوەکانی ئەم خۆپیشاندانانە: راستە سەرەتا قوتابییانی ناوەندی و دواناوەندی ئەم بزووتنەوەیان دەست پێ کرد، بەڵام بزووتنەوەکە ئێستا فرەلایەن و ئاڵۆز و فرەرەهەندە: قوتابییانی دواناوەندی و زانکۆکان، مامۆستا و کرێکار و فەرمانبەرانی دامودەزگا تەندروستی و پیشەییەکان، هێلەگ زەردەکان، لایەنگیرانی فەلەستین و دژە جوولەکە، ڕاستڕەوە رادیکالە دژ بە موهاجیر و پەنابەران، ژینگەپارێزان، چالاکوانانی دژ بە سەرمایەداری و بانکەکان- ئەمانە هەمووی بەشدارن و هەریەک داواکاری خۆی هەیە. ئەوەی لایەن نییە فێمینیستەکانن و یەک کچ و ژنیش بەشداریی راستەوخۆیان لە تاڵان و لە سووتاندن نەکردووە. ئەمەش هەڵوەستەی تایبەتی پێویستە.

٦ . لەم تێکهێلکێشییەی هۆکار و هاندەر و لایەن و ئاکتەرەکان، بزووتنەوەکە خەریکە ئاراستەی سەرەکی ون دەکات و هەندێک باسی راپەڕین دەکەن. فەڕەنسا وڵاتی یاخیبوون و شۆڕش و راپەڕینە، میللەتی فەڕەنسا بەوە ناسراوە کە ئەگەر ناهەقی ببینێ بێدەنگ نابێ و دێتە سەر شەقام و داوای مافی خۆی دەکات و بەرنامەشی هەیە بۆ داهاتوو. بەڵام بارودۆخی ئەمڕۆی دژوار وەک جاران نییە: کەشی سۆشیەل میدیاش دژواری و سەرلێشێواوییەکی دیکەی دروست کردووە کە وێنە و کلیپ و ڤیدیۆکان لەجیاتی ئەوەی خەڵک تووشی شۆک بکەن و تاوانەکان رابگرن، دەبنە خۆراکی یوتیوب و پلاتفۆرمەکانی سۆشیەل میدیا و لە خزمەتی تەکنۆلۆژیا و سەرمایەداری بێئاگایانە وەک ئامرازی پارەپەیداکردن و رابواردن دەبینرێن نەک وەک زەنگێکی ترسناک کە نەک هەر داهاتووی فەڕەنسا دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە پەل بهاوێژێ بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. لە پاڵ فەوزای سۆشیەل میدیا، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم و ترەمپیزم-یش وەک دوو توخمی سەرەکیی ئەو هەموو کێشە و ئاڵۆزییانە دەبینرێن.

٧. خۆم کە مامۆستای زانکۆم لە پاریس و ساڵانە وەرزێک کۆرس دەڵێمەوە و لەگەڵ قوتابیانی زانکۆ لە فەڕەنسا لە پەیوەندی دام، بە ئاشکرایی دەیبینم کە گەنجی ئەمڕۆ لە رۆژئاوا، بەتایبەتی نەوەیZ ، نەوەیەکی بەختەوەر و ئارام نییە، بەڵکو پڕخەم و ئازار و ناجێگیرە. لە دوای پەتای کۆڕۆنا و جەنگی ئۆکرانیا و دواتر پرسی ٧ی ئۆکتۆبەر و غەززە و شەڕی ئێران و ئەمریکا، خۆی لەناو تەونێک لە رووداوی گەورە دەبینێ و دەسەڵاتیشی نییە بیانگۆڕێ. راستە ئەو نەوەیە لە تەکنۆلۆژیا زیاتر تێدەگەن و پراگماتیکن، بەڵام لە رووی دەروونی و رۆحییەوە جێگیر نین. پرسەکانی وەک نەبوونی دادپەروەری و یەکسانی، پیسبوونی ژینگە و کەشوهەوا، پێشكەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا و سۆشیەل میدیا خەمی گەورەی ئەو نەوەیەن. باری دەروونی ئەو نەوەیە پڕە لە سترێس و نیگەرانی، ناجێگیر و رادیکالە، بەجۆرێک کە نوانسی نییە؛ لەسەر سۆشیەل میدیا یا دژە یا لایەنگیرە، لە نێوان سپی و ڕەش، لە نێوان سێبەر و هەتاو شتێک نابینێ کە وای لێ بکات رووانینی بگۆڕێ و رێژەیی بێت و ئاڵۆزییەکان لەبەرچاو بگرێت و وەڵامی ئاڵۆز بۆ پرسیارگەلێکی ئاڵۆز و ناڕوون بخاتەڕوو. نییەتی ئەو نەوەیە جوانە و پڕ لە بەرائەتە، بەڵام ئامرازەکانی کە وا بکات لەگەڵ نییەت و خودی خۆی و ژینگە و دەوروبەری لەسەر یەک هێل بێت، نادۆزێتەوە. بۆیە نائارام و تووڕە و پەنگخواردووە. ئاییندە رەش دەبینێ، کچ و کوڕ تا دێ زیاتر مەسافە دەکەوێتە نێوانیان: کوڕەکان شوناسی خۆیان لێ ون بووە؛ پێشكەوتنی کچەکانیان پێ قبوڵ ناکرێ و لەجیاتی گۆڕانکاری لە میراتی هەزارساڵەی نێرسالاری، خۆیان بگۆڕن، ئەوە دوورەپەرێز و گۆشەگیر و تووڕە دەبن. لە ئەنجامدا تەنیا و لانەواز و پەست و نابەختەوەرن. کچەکانیش بەهۆی تەکنەلۆژیا و سۆشیەل میدیاوە تووشی توندوتیژی و کێشەی شوناس و سترێس و نیگەرانییەکی زۆر دەبنەوە. بە گشتی ئەو نەوەیە سەرەڕای پراگماتیکی و شارەزاییان لە تەکنەلۆژیای زانیاری، زیاتر لە نەوەکانی دیکە کێشەی دەروونی و رۆحی و شوناسیان هەیە.

٨. پرسیارێک کە بەردەوام دەکرێ: کێ لە پشت ئەو تاڵانکردن و سووتاندنانەیە؟

ئەگەر گوێ لە کەنالە فەرمییەکانی فەڕەنسا بگرین، ئەوان چەپی رادیکال تۆمەتبار دەکەن. ئەگەر گوێ لە چەپی رادیکال بگرین، ئەوە پۆلیس و حکومەت تۆمەتبار دەکەن، تەنانەت رۆژنامەیەکیان راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێ پۆلیس جلی مەدەنی دەپۆشن و کاری تاڵان و سووتاندن ئەنجام دەدەن تا ڕەوایەتیی خۆپیشاندەران و بزووتنەوەکە سووک بکەن. ئەگەر گوێ لە کەنالەکانی راستڕەوە رادیکالەکان بگرین، ئەوە پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسلامیی و ئاوارەکان درێژ دەکەن و دەڵێن ئەوانن و دەیانەوێ فەڕەنسا وێران بکەن. راستی لە نێوان ئەم هەموو بۆچوونە لە کوێیە؟ بۆ دۆزینەوەی راستیی حەقیقی، دەبێ دادگاکان پرۆفایلی ئەو هەشت سەد کەسە "گێرەشێوێنانە" ئاشکرا بکەن کە تەنیا لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ دەستگیر کراون. ئەگەرنا ئەوە هەر لایەنە ئەویدیکە تۆمەتبار دەکات و فەڕەنساش لەم نێوانە دەسووتێ.

زۆرترین بینراو
دەستەی مافی مرۆڤ: عومەر فەقێ بە تۆمەتی تەقەکردن و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار زیاتر به‌رزبوه‌وه‌
باڵی سه‌ربازیی پژاك: سوپای پاسدارانی ئێران هێرشه‌كانی رانه‌گرێت، وه‌ڵامی زیاترمان ده‌بێت
ئۆجه‌لان: ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام پێویستی به‌ مسۆگه‌ركردنی بون و زمان و كولتوری كوردییه‌
تره‌مپ وته‌بێژی كۆشكی سپی دورخسته‌وه‌
به‌ڕێوه‌به‌ری سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی: به‌ته‌واوی پشتیوانی له‌ داخوازی عێراق بۆ قه‌رز ده‌كه‌ین
عه‌لی زه‌یدی: عێراق توشی نه‌هامه‌تی بوه‌و ئێستاش ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست كاریگه‌رییه‌كانی ململانێكانی ناوچه‌كه‌وه‌
تەرمی "مێلا هەرێم" ئەو کچە پێنج ساڵانەی لە سنوری نێوان تورکیا  و یۆنان خنکا دۆزرایەوە
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی لەجێگەدانان دەردەکات
حكومه‌تی هه‌رێم: زیاتر له‌ 1 ملیۆن موچه‌خۆر كارتی بانكییان وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×