کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن خۆی بۆ سیناریۆکانی ٢٠٢٧ ئامادە دەکات؟
  2026-10-18     

ئا: ئاوێنە

 

ئەهوەن چیاکۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، لە شیکردنەوەیەکدا تیشک دەخاتە سەر پێگەی ئێران لەناو ململانێ نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوکات پێشبینیی دوو سیناریۆی جیاواز بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٦ و سەرەتای ٢٠٢٧ دەکات کە ڕەنگە ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاریی نوێ ببەن.

 

بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پەژاک، گوشار و ململانێی هێزەکان، تەنگژەیەکی مەترسیداریان بۆ دەسەڵاتی ئێران دروست کردووە. ناوبراو پێی وایە تاران لە ترسی هەرەسهێنان، ناتوانێت مل بۆ داواکارییە قورسەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بدات، چونکە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە مانای لەدەستدانی خەون و هەژموونی خۆی دێت کە لە چوارچێوەی پرۆژەی ناسراو بە "هیلالی شیعی"دا بنیاتی ناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران هەوڵ دەدات سوود لە ناکۆکییە ستراتیژییەکانی نێوان جەمسەرە جیهانییەکانی وەک ئەمریکا، ئەورووپا و چین وەربگرێت، تاوەکو پەراوێزێکی مانەوە بۆ خۆی بدۆزێتەوە و وەک هێزێکی "دژە ئیمپریالیزم" خۆی نمایش بکات.

 

​پێگەی کورد لە نێوان تاران و هێزە دەرەکییەکاندا

​سەبارەت بە کاریگەریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر هاوسەنگیی هێز، ئەهوەن چیاکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە کورد فاکتەرێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەیە لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و ناوخۆی ئێراندا، بە جۆرێک هەم دەسەڵاتی تاران و هەم هێزە دەرەکییەکانیش خوێندنەوەی ورد بۆ پێگەی کورد دەکەن.

​ناوبراو ڕوونی کردەوە کە حکومەتی ئێران درک بەوە دەکات ئەگەر کورد بەو پاشخانە مێژووییە و لەسەر ئەو جوگرافیا بەرفراوانەی هەیەتی لە دژی بجوڵێتەوە، ناتوانێت بەرگەی لێکەوتەکانی بگرێت. لە بەرامبەردا، هێزە دەرەکییەکانیش چاویان لەوەیە کورد لە پێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیاندا بخەنە گەڕ. لەم سۆنگەیەوە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پەژاک داوا دەکات کورد سیاسەتێکی هۆشیارانە و عەقڵانی پەیڕەو بکات و گوتی: "نابێت کورد لە ململانێی نێوان ئێران و هێزە دەرەکییەکاندا ڕێگە بدات وەک ئامراز بەکاربهێنرێت، بەڵکوو پێویستە ئەو دەرفەتانەی دێنە پێشەوە، لە خزمەتی دەستکەوتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانیدا وەبەرهێنانیان تێدا بکات، ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەریخستووە کە گەلی کورد لەو بوارەدا توانای هەنگاوی باشتری هەیە."

 

​لێکنزیکبوونەوەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

​لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، چیاکۆ هەڵسەنگاندنی بۆ پرسی یەکڕیزیی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ئەو لێکنزیکبوونەوە و یەکێتییەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت، تەنیا بڕیارێکی حیزبی نییە و لە دەرەوەش فەرز نەکراوە، بەڵکوو وەڵامدانەوەیە بۆ داواکاریی کۆمەڵگا و پێویستییەکی قۆناغەکەیە.

​ئاماژەی بەوەش دا کە لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی سەرەڕای جیاوازییە فکری و سیاسییەکانیان، کارکردنی هاوبەش ناچارییە، چونکە چارەنووس و جوگرافیا و نەتەوەیەکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. چیاکۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانی ئێستای نێوان پارتەکانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد، بەڵام جەختی لە پێویستیی گۆڕینی ئەو لێکتێگەیشتنانە کردەوە بۆ ئیرادەیەکی کرداریی بەهێزتر لە گۆڕەپانی سیاسیدا.

 

​سیناریۆکانی کۆتایی ٢٠٢٦ و سەرەتای ٢٠٢٧

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەهوەن چیاکۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، تیشکی خستە سەر پێشبینییەکان بۆ داهاتووی ململانێکان و ڕەتی کردەوە کە شەڕێکی نوێ لە سەرەتاوە دەست پێبکات، بەڵکوو جەختی کردەوە کە شەڕەکە دەمێکە لەئارادایە و پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەو ململانێیە دەچێتە قۆناغی پێکدادانی سەربازیی گەرمەوە یان بە شێوازی دیکە درێژەی دەبێت.

​بە بڕوای چیاکۆ، دوو سیناریۆی سەرەکی بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٦ و سەرەتای ٢٠٢٧ لەبەردەمدان:

​سیناریۆی یەکەم: ئەگەرێکی بەهێز هەیە لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ئاستێکی نوێ و فراوانتردا سەرهەڵبدات.

​سیناریۆی دووەم: چڕکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و دروستکردنی بەربەستی زیاتر لەبەردەم هەناردە و بازرگانیی نەوتی ئێران، کە دەبێتە هۆی خزاندنی ئەو وڵاتە بۆ ناو قەیرانێکی قووڵتر و لاوازکردنی لە ناوخۆوە، ئەمەش زەمینە بۆ سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی خۆش دەکات.

​ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پەژاک هێمای بۆ ئەوە کرد کە لە هەردوو بارودۆخەکەدا (شەڕی سەربازی یان تەقینەوەی دۆخی ناوخۆیی بەهۆی ئابوورییەوە)، کۆمەڵێک مەترسی و دەرفەت هاوکات دێنە کایەوە. بە گوتەی ناوبراو، ئەگەر کورد لە ئاستی جەماوەری و بزووتنەوەی سیاسیدا، لە ڕووی ڕێکخستن و سەربازییەوە ئامادەسازیی تەواو بکات، دەتوانێت مەترسییەکان تێپەڕێنێت و پێشهاتەکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا بشکێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
دەستەی مافی مرۆڤ: عومەر فەقێ بە تۆمەتی تەقەکردن و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار زیاتر به‌رزبوه‌وه‌
باڵی سه‌ربازیی پژاك: سوپای پاسدارانی ئێران هێرشه‌كانی رانه‌گرێت، وه‌ڵامی زیاترمان ده‌بێت
ئۆجه‌لان: ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام پێویستی به‌ مسۆگه‌ركردنی بون و زمان و كولتوری كوردییه‌
تره‌مپ وته‌بێژی كۆشكی سپی دورخسته‌وه‌
به‌ڕێوه‌به‌ری سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی: به‌ته‌واوی پشتیوانی له‌ داخوازی عێراق بۆ قه‌رز ده‌كه‌ین
عه‌لی زه‌یدی: عێراق توشی نه‌هامه‌تی بوه‌و ئێستاش ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست كاریگه‌رییه‌كانی ململانێكانی ناوچه‌كه‌وه‌
تەرمی "مێلا هەرێم" ئەو کچە پێنج ساڵانەی لە سنوری نێوان تورکیا  و یۆنان خنکا دۆزرایەوە
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی لەجێگەدانان دەردەکات
حكومه‌تی هه‌رێم: زیاتر له‌ 1 ملیۆن موچه‌خۆر كارتی بانكییان وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×