جەبار یاوەر هۆشداری دەدات: قەوارەی هەرێم لەمەترسیدایە
  2026-10-18     

ئا: ئاوێنە

 

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە (ئاوێنە)ی ڕاگەیاند؛ لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لە سایەی ئەو ململانێ توندەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها ئیسرائیل و ئێراندا بوونی هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە تا ئێستا ئەم گرژییانە نەبوونەتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر، بەڵام مەترسییەکان بەردەوامن و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەکانییەوە، لەوانەش وڵاتانی کەنداو (سعودیە، کوێت، بەحرەین، قەتەر و عومان) و هەروەها وڵاتانی وەک ئوردن و عێراق کە بەشێکن لە بازنەی ئەم ململانێیە.

 

یاوەر باسی لە قەیرانە هەرێمییەکان کرد و ڕوونیکردەوە کە دۆخی سووریا وەک خۆی بەبێ چارەسەر ماوەتەوە؛ لە کاتێکدا ئەحمەد شەرع هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوەتی وڵاتەکە دەدات، هاوکات، ئیسرائیل لە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیدایه‌ لهو وڵاته‌. لە پاڵ ئەمەشدا، ئاڵۆزییەکانی یەمەن و سعودیه‌ درێژەیان هەیە کە وەک بەشێک لەو ململانێ هەرێمییە دەبینرێن کە سعودیە و ئێران تێیدا ڕۆڵیان هەیە.

​سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد کە کێشە بنەڕەتییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بێ چارەسەر ماونەتەوە. ئەو پرسانەی وەک جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، دۆسیەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، مەلەفی نەوت و غاز، و پرسی یاسای بودجە، بوونەتە هۆی دروستبوونی فشارێکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەمانەش، ناجێگیریی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، کاریگەرییەکی نەرێنیی گەورەی لەسەر دۆخی ئابووری دروست کردووە.

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، جەبار یاوەر هۆشداریی توندی دا لەبارەی ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان. لەسەر ئاستی ناوخۆ ڕایگەیاند کە دامەزراوەکانی هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی یاسایی بوونەتەوە؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دو ساڵه‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌ به‌ڵام پەرلەمان کارا نییە و حكومه‌ت پێكنه‌هێنراوه‌و حکومەت وه‌كو كاربەڕێکەر ماوەتەوە.

​ئەو بەرپرسەی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە پێی وایە؛ ئەم قەوارە و بۆشاییە یاساییانە، شانبەشانی بەردەوامیی ململانێکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هیچ ئاسۆیەک بۆ ڕێککەوتنیان دیار نییە، لەگەڵ ئەو هەوڵانەی بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق و دەستکاریکردنی بڕگەکانی دەدرێن، پێکەوە مەترسییەکی جدی و گەورەیان لەسەر پێگە و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.

زۆرترین بینراو
دەستەی مافی مرۆڤ: عومەر فەقێ بە تۆمەتی تەقەکردن و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار زیاتر به‌رزبوه‌وه‌
باڵی سه‌ربازیی پژاك: سوپای پاسدارانی ئێران هێرشه‌كانی رانه‌گرێت، وه‌ڵامی زیاترمان ده‌بێت
ئۆجه‌لان: ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام پێویستی به‌ مسۆگه‌ركردنی بون و زمان و كولتوری كوردییه‌
تره‌مپ وته‌بێژی كۆشكی سپی دورخسته‌وه‌
به‌ڕێوه‌به‌ری سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی: به‌ته‌واوی پشتیوانی له‌ داخوازی عێراق بۆ قه‌رز ده‌كه‌ین
عه‌لی زه‌یدی: عێراق توشی نه‌هامه‌تی بوه‌و ئێستاش ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست كاریگه‌رییه‌كانی ململانێكانی ناوچه‌كه‌وه‌
تەرمی "مێلا هەرێم" ئەو کچە پێنج ساڵانەی لە سنوری نێوان تورکیا  و یۆنان خنکا دۆزرایەوە
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی لەجێگەدانان دەردەکات
حكومه‌تی هه‌رێم: زیاتر له‌ 1 ملیۆن موچه‌خۆر كارتی بانكییان وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×