شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان دژی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، چەندین شاری فەرەنسای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە پێکدادانی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبووە. ئەم رووداوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە کە دۆخەکەی بە ململانێ ناوخۆییەکانی وڵاتەکەیەوە گرێداوە.
ئاوێنە: بەپێی ئامارەکان، رۆژی شەممە لە نێوان ٥٥٠ بۆ ٨٠٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری فەرەنسا رژاونەتە سەر شەقامەکان. گرژییەکان بە خێرایی پەرەیانسەند و توندوتیژییان لێکەوتەوە؛ بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس دەستگیرکراون و ١٥٠ پۆلیسیش برینداربوون. لە دیارترین رووداوەکانی پەیوەست بە ئاڵۆزییەکانیش، ئاگرتێبەردانی بینای شارەوانیی شاری لیمۆژ، هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کەناڵی تەلەڤزیۆنی "سی نیوز" لە پاریس، تاڵانکردنی نیشتەجێگەی پارێزگار لە بۆردۆ و سووتاندنی چەندین باڵەخانەی دیکە لە شارە جیاوازەکان تۆمارکراون.
لەسەر ئاستی کاردانەوەکان، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی کۆچبەریی وڵاتانی رۆژئاوا گرت و پرسی پشتگوێخستنی خۆگونجاندنی کۆچبەرانی لەگەڵ کۆمەڵگە بە هۆکاری سەرەکیی ئەم توندوتیژییانە دانا. ناوبراو لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، گرتە ڤیدیۆییەکی سووتانی شارەوانیی لیمۆژی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "لیبڕاڵە رۆژئاواییەکان بە پاساوی فرەچەشنی و بەزەیی، جیهانی سێیەمیان هێنایە فەرەنسا و وڵاتانی دیکە، بەبێ ئەوەی گوێ بە پرسی خۆگونجاندن بدەن. پێشتر پێیان گوترابوو کە دۆخەکە بەم ئاستە دەگات، بەڵام ئامادە نەبوون گوێ بگرن."
ڤانس ئەم رووداوانەی وەک هۆشدارییەک بۆ دەنگدەرانی وڵاتەکەی بەکارهێنا و وتی: "هیوادارم ئەمریکییەکان هوشیار بن، چونکە ئەم دۆخە ئەو داهاتووەیە کە دیموکراتەکان بۆ وڵاتەکەمان دەخوازن." هاوکات هیوای خواست کە فەرەنسییەکان بتوانن کۆتایی بەم دۆخە بهێنن، پێش ئەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانیان زیاتر بسووتێنرێن.
لە بەرامبەر پەرەسەندنی ئەم گرژییانە لە ناوخۆی فەرەنسادا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری وڵاتەکە، بە توندی سەرکۆنەی ئاڵۆزییەکان و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتیی کرد. ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە بە تێکدانی دامەزراوەکانی دەوڵەت نادرێت و بە راشکاوی رایگەیاند، "هیچ شوێنێک بۆ توندوتیژی لە وڵاتدا نییە."