پاریس لەژێر گەمارۆی خۆپیشاندەراندا؛ وەزیری ناوخۆی فڕەنسا دان بە لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەمنیدا دەنێت
  2026-10-19     

پایتەختی فڕەنسا شەپۆلێکی نوێی گرژی و پێکدادانی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دەروازەی مۆزەخانەی بەناوبانگی لۆڤەریان لە پاریس گەمارۆدا؛ پێشهاتێک کە وەک نیشانەیەک بۆ قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی ناو ئەو شارە لێکدەدرێتەوە.

دانپێدانان بە لەدەستدانی کۆنترۆڵ و کەمیی هێزەکان

ئاوێنە: لە کاردانەوەی پەرەسەندنی ڕووداوەکاندا، لۆران نونیز، وەزیری ناوخۆی فڕەنسا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، لە کاتی سەرهەڵدانی توندوتیژییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا، هێزەکانی پۆلیس لە هەندێک شاردا کۆنترۆڵی دۆخەکەیان لەدەستداوە.

ناوبراو هۆکاری ئەم دۆخەی بۆ بوونی "کەلێن لە پێشبینیکردنی ڕووداوەکان" لە قۆناغی ئامادەکارییەکاندا گەڕاندەوە و ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو کارمەندە ئەمنییانەی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا جێگیرکرابوون، لە ئاستی پێویستدا نەبوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپانەی لە پەراوێزی ناڕەزایەتییەکاندا بە ژمارەیەکی زۆرەوە دەستیان داوەتە کاری تێکدەرانە و تاڵانکردن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لەم خۆپیشاندانانەدا ٦٠ هەزار پۆلیس و کارمەندی ئەمنی لە سەرتاسەری فڕەنسادا بڵاوەیان پێکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠ هەزار کارمەندی ئەمنی لەسەر شەقامەکان جێگیر دەکران.

هاوکات، لۆران نونیز پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە تەواوی ئەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، بەڵام لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنساوە ڕەتکراوەتەوە.

تۆمەتبارکردنی چەپە توندڕەوەکان و کەموکوڕیی هەواڵگری

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، وەزیری ناوخۆی فڕەنسا بێ ئەوەی ناوی هیچ کەسێک بهێنێت، ڕەخنەی لە ژمارەیەک بەرپرسی سیاسیی وڵاتەکەی گرت و وتی: "من پشکی خۆم لە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرم، بەڵام نابێت ئەم مشتومڕانە سەرقاڵمان بکەن و ئەو ڕاستییەمان لەبیر ببەنەوە کە ئەنجامدەرانی کردەوەکانی تێکدان و تاڵانکردن، چالاکوانانی سەر بە ڕەوتی چەپی توندڕەون."

لە لایەکی دیکەوە، جیراڵد دارمانین، وەزیری دادی فڕەنسا، هاوشێوەی وەزیری ناوخۆ دانی بەوەدانا کە دەسەڵاتداران لە مامەڵەکردن لەگەڵ شەپۆلی توندوتیژییەکاندا "بێگومان شکستیان هێناوە"، و هۆکارەکەشی بۆ بوونی کەموکوڕی لە کایەی هەواڵگریدا گەڕاندەوە.

دارمانین لە هەڵسەنگاندنی کارەکانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند: "دەزگای هەواڵگریی فڕەنسا لە لووتکەی توانادایە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی، بەڵام بە ڕوونی دەردەکەوێت کە نازانن چۆن مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ توخمەکانی سەر بە ڕەوتی چەپی توندڕەودا بکەن."

وەزیری داد هۆشداریشی دا لەوەی کە لە ساڵانی داهاتوودا، یەکێک لە هەڕەشە سەرەکییەکانی بەردەم فڕەنسا بریتی دەبێت لەو گروپە یاخیبووە چەپانەی کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەدەن.

پاشخانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان

ئەم شەپۆلە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە سەرەتا لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە لەلایەن خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆکانەوە سەریهەڵدا، کە تێیدا دژی کەمیی ژمارەی مامۆستایان، قەرەباڵغیی پۆلەکان و خراپیی دۆخی خزمەتگوزاریی ناوەندەکانی خوێندن ڕژانە سەر شەقامەکان.

لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە، بازنەی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر بوو، دوای ئەوەی سەندیکا کرێکارییەکان (بەتایبەت کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کار - CGT) و بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان چوونە پاڵ خۆپیشاندەران. بەمەش داواکارییەکان گۆڕان بۆ ناڕەزایەتییەکی گشتگیر دژی گرانیی تێچووی بژێوی، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و پاشەکشەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە فڕەنسا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×