ڕۆژنامەیەکی دیاری ئیسرائیلی خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی عێراق لەبارەی تەقینەوەکەی ئەم دواییەی ناو سەربازگەیەکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغدا دەکات و پێی وایە، بەرپرسانی عێراق لە هەوڵی ئەوەدان ڕووداوەکە تەنها وەک کێشەیەکی ناوخۆیی و ڕووداوێکی لاوەکی نیشان بدەن.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی «جیرۆزالیم پۆست» (The Jerusalem Post)ی ئیسرائیلی، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاوی کردووەتەوە، تیشکی خستووەتەوە سەر بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەبارەی تەقینەوەی ناو سەربازگەیەکی حەشدی شەعبی لە شاری بەغدا و هەنگاوەکەی بە «هەوڵێک بۆ وێناکردنی بابەتەکە وەک ڕووداوێکی ئاسایی» وەسف کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، حکومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەیدا ئاماژەی بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی ناو سەربازگەکەی بەغدا کردووە، بەڵام هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەقینەوەکە لە ئەنجامی «کێشەیەکی تەکنیکیی ناوخۆیی» ڕوویداوە و هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە ئاماژە بە بوونی هێرشی دەرەکی بکات.
ڕۆژنامەکە سەرنجی خستووەتە سەر دژبەیەکیی ناو هەڵوێستە فەرمییەکەی بەغدا و نووسیویەتی: «ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی عێراق ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هەوڵدان بە مەبەستی پێشاندانی تەقینەوەکە وەک ڕووداوێکی کتوپڕ و بێ مەبەست؛ چونکە سەرەڕای ئەوەی حکومەت بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکان داوە، بەڵام پێشوەختە لە هەڵوێستی فەرمیدا تەقینەوەکەی وەک ڕووداوێکی ئاسایی ناساندووە».
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا، «جیرۆزالیم پۆست» ئاماژەی بە پێشینەی ئەو جۆرە ڕووداوانە کردووە و دەڵێت، لە ماوەکانی ڕابردووشدا چەندین تەقینەوەی هاوشێوە لە بنکە و ناوەندەکانی سەر بە حەشدی شەعبی ڕوویانداوە و هەموویان لەلایەن بەرپرسانەوە هۆکارەکانیان وەک ڕووداوی ئاسایی و ناوخۆیی ڕاگەیەندراون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پرسیار و گومانی جدی لەسەر ڕاستیی چەندبارەبوونەوەی ئەو تەقینەوانە هەیە، بەتایبەت لەسەر ئەوەی تا چەند ئەگەری هەیە لە ئەنجامی هێرشی دەرەکییەوە کرابنە ئامانج.