بەرپرسێکی دیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تەواوی هێزە چەکدارەکانیان لە سنوورەکانی تورکیا کشاندووەتەوە، بەڵام حکومەتی ئەنقەرە لە بەرانبەردا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی نەناوە و بابەتەکەی تەنیا لە چوارچێوەی لێدواندا هێشتووەتەوە.
دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ میدیای نزیک لە پارتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان کۆمەڵێک هەنگاوی بنەڕەتی و مێژووییان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ناوە. بە گوتەی ناوبراو، سەرەڕای ئەو دەستپێشخەرییانە، دەوڵەتی تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ رێکارێکی کردەیی نەگرتووەتەبەر و هەڵوێستەکانی تەنیا لە ئاستی قسەکردندا ماونەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی سەربازی و ئەمنیی سنوورەکان، کاڵکان روونیکردەوە کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا، تەواوی هێزە چەکدارەکانیان لە ناو خاکی تورکیا و ناوچە هاوسنوورەکان کشاندووەتەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە لە ئێستادا هیچ هێزێکی چەکداری ئەوان نەماوە کە ببێتە هەڕەشە یان مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا. هەر لەم چوارچێوەیەشدا، داواکارییەکانی ئەنقەرەی بۆ "چەکدانانی تەواوەتی" بە بێمانا وەسف کرد و رایگەیاند، ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا بۆ دروستکردنی فشار لەسەر پەکەکە، کاتکوشتن و دواخستنی جێبەجێکردنی پڕۆسەکەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی پەکەکە رەخنەی لە شێوازی مامەڵەی حکومەتی تورکیا لەگەڵ دۆسیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتەکەیان گرت و گوتی: "سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستپێشخەرییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، تاوەکو ئێستا تورکیا هیچ بڕیارێکی لەبارەی پێگە و دۆخی ئۆجەلان نەداوە."
لەبارەی مەرجەکانیان بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەی ئاشتی و جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە، دوران کاڵکان دووپاتی کردەوە کە پێویستە ئازادیی جەستەیی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستەبەر بکرێت، هاوکات زەمینەی یاسایی و سیاسی بۆ بەشداریی دیموکراتییانەی پەکەکە لە کایەی سیاسیدا بڕەخسێندرێت.
کاڵکان هۆشداریشی دا لەوەی دەوڵەتی تورکیا خوێندنەوەی هەڵە بۆ هەنگاوەکانیان بکات و وا بیر بکاتەوە کە ئەوان لەبەر ناچاری یان پێویستبوونیان بە لایەنی بەرانبەر ئەو هەنگاوانەیان ناوە. هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە دەسەڵاتی تورکیا پڕۆسەکەی زۆر بەسیاسی کردووە و بەستوویەتییەوە بە کێشە ناوخۆییەکان و بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، ئەمەش وەک رێگرێکی سەرەکی لەبەردەم هەنگاونانی راستەقینە دەبینێت.
پاشخانی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا:
پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە چووە قۆناغێکی نوێوە. سەرەتای ئەم گۆڕانکارییە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ دەگەڕێتەوە، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد لە پەرلەمانی تورکیا وتارێک پێشکەش بکات و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.
دوابەدوای ئەو پێشهاتانە، لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا، ئۆجەلان بە فەرمی داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت. لەسەر بنەمای ئەو پەیامە، پەکەکە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا کۆنگرەی ١٢ی خۆی ئەنجامدا و تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و دانانی چەکی پەسەند کرد.
لە بەرانبەر ئەو هەنگاوانەدا، لە مانگی ئابی ٢٠٢٦دا پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە لێخۆشبوونی سنوورداری بۆ چەکدارە داماڵراوەکانی پەکەکە پەسەند کرد. هاوکات لیژنەیەکی تایبەتیش بە سەرۆکایەتیی جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، بە مەبەستی چاودێریکردنی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە پێکهێنرا.