هەریەک لە کۆمپانیاکانی نەوتی (شاماران پێترۆلیۆم) و (گەڵف کیستۆن پێترۆلیۆم) ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ یەکخستن و تێکەڵکردنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان واژۆ کرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، قەوارەیەکی نوێی بەرهەمهێنان پێکدەهێنن کە کۆی سەرمایەی بازاڕییەکەی لە سەرووی یەک ملیار دۆلار دەبێت، ئەم هەنگاوەش ئامانج لێی ئاسانترکردنی دەستڕاگەیشتنە بە سەرچاوە داراییەکان و بەهێزکردنی نەختینەیی کۆمپانیاکەیە.
ئاوێنە: لە ڕووی یاساییەوە، پرۆسەی یەکگرتنەکە لە چوارچێوەی یاسای کۆمپانیاکاندا جێبەجێ دەکرێت، بە جۆرێک کۆمپانیای "گەڵف کیستۆن" وەک قەوارە یاساییە سەرەکییەکە دەمێنێتەوە. لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییەدا، پشکەکانی کۆمپانیای شاماران بەتەواوی هەڵدەوەشێنرێنەوە و لە بەرامبەردا خاوەن پشکەکانی پێشووی شاماران، پشکی نوێ لە کۆمپانیای گەڵف کیستۆن وەردەگرن. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهای گشتیی پشکەکانی شاماران لەم مامەڵەیەدا دەگاتە ٦٠١ ملیۆن دۆلار.
دوای یەکگرتنەکە، هەردوو کۆمپانیاکە پێکەوە کارەکانیان لە سێ کێڵگەی جیاوازی نەوت لە سنووری هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن و کۆی ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەیان دەگاتە ١٠٠ هەزار بەرمیلی خاو.
وردەکاریی کێڵگەکان و پشکەکان:
پشکی کۆمپانیای شاماران: ئەم کۆمپانیایە کارەکانی لە هەردوو کێڵگەی نەوتی ئەتروش و سەرسنگ لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەبات و ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی ٦٠ هەزار بەرمیل نەوتە. لەم دوو کێڵگەیەدا، شاماران خاوەنی ٤٧٪ـی پشکەکانە، لە کاتێکدا کۆمپانیای (HKN) ڕێژەی ٢٨٪ـی پشکەکانی هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خاوەنی ٢٥٪ـی پشکەکانە.
پشکی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن: ئەم کۆمپانیایەش کارەکانی لە کێڵگەی شێخان لە هەمان پارێزگا چڕکردووەتەوە، کە توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی دەگاتە ٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو.