پەی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا: لاوازیی دامەزراوە ناوخۆییەکان دەرفەتی بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی بەغدا ڕەخساندووە
  2026-10-20     

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە نوێترین ڕاپۆرتی چاودێریدا کە لەژێر ناونیشانی "چاودێری لەسەر قەیرانی ڕەوایەتی، نەبوونی دەستور، دووبەرەکیی هێزەکان و مەترسییەکانی داهاتوو" بڵاویکردووەتەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ دۆخی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات. ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە مانەوە و بەهێزیی هەر قەوارەیەکی سیاسی تەنها بە بوونی ناو، ئاڵا، سنور و دامەزراوەی فەرمی مسۆگەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە توانای یاسادانان، جێبەجێکردنی یاسا و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا هەیە. دامەزراوەکە ئاماژە بەوەش دەدات کە نەبوونی یاسای بودجەی ساڵانە، بڵاونەکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی و نەبوونی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز، توانای بەرگریی یاسایی و سیاسیی هەرێم لە بەرامبەر بەغدا لاواز دەکات.

​غیابی دەستور و باڵادەستیی بڕیاری حزبی بەسەر دامەزراوەکاندا

​بەگوێرەی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی، لە دەرەنجامی نەبوونی دەستورێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، پارتە سیاسییە سەرەکییەکان بوونەتە سەرچاوەی بڕیاردان لە زۆربەی پرسە بنەڕەتییەکاندا. دابەشکردنی پۆستەکان، بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان، جوڵەی هێزە چەکدارەکان، بودجە و تەنانەت گرێدانی دانیشتنەکانی پەرلەمانیش، زۆرجار بە ڕێککەوتنی پێشوەختەی نێوان حزبەکانەوە بەستراونەتەوە.

​لە ڕاپۆرتەکەدا شیکردنەوە بۆ ئەو دۆخە کراوە و هاتووە کە ئەم هاوکێشەیە وایکردووە دامەزراوە فەرمییەکان لە دوای حزبەوە بێن؛ بە جۆرێک پەرلەمان چاوەڕێی ڕێککەوتنی دەرەوەی هۆڵی کۆبوونەوەکان دەکات، حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگیی حزبی پێکدەهێنرێت و یاساکانیش تەنها دوای سازانی سیاسی جێبەجێ دەکرێن. پەی پێی وایە دەستور دەبێت ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکاتەوە؛ کاروباری حزبی بخاتە چوارچێوەی یاساوە، پەرلەمان بکاتەوە بە ناوەندی بڕیاردان، حکومەت بخاتە ژێر لێپرسینەوەی پەرلەمان و هێزە چەکدارەکان لە فەرماندەیی حزبی داببڕێت.

​دامەزراوەکە ڕوونیدەکاتەوە کە بوونی دەستورێکی پەسەندکراو لەلایەن خەڵکەوە، دەرفەت بە هەرێم دەدات بە دەقێکی یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ پرسە چارەنووسسازەکانی وەک مافی پارێزگاکان، مافە داراییەکان، دیاریکردنی سنوری هەرێم، یەکلاکردنەوەی کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان و جێبەجێکردنی ماددەی 140، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان و میکانیزمی بڕیاردانی ناوخۆیی بکات. بەپێچەوانەوە، هەرێمێکی بێ دەستور لە هەر ناکۆکییەکدا ناچار دەبێت پشت بە یاسای جیاواز، بڕیاری سیاسی و لێکدانەوەی جۆراوجۆر ببەستێت؛ ئەمەش پێگەی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغدا لاواز دەکات و بیانوو دەداتە دەست لایەنە ناوەندگەراکان تاوەکو گومان بخەنە سەر ڕەوایەتی و تەواوی پێکهاتە دامەزراوەییەکانی هەرێم.

​لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دەستور، پەی هۆشدارییەکی توند دەدات لە مەترسیی گۆڕینی دەستور بۆ "بەڵگەنامەیەکی حزبی". ڕاپۆرتەکە دەڵێت، نابێت بە پاساوی پەلەکردن، دەستورێک بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێنرێت کە تەنها ڕەنگدانەوەی ڕێککەوتنی دوو پارتی دەسەڵاتدار بێت. دامەزراوەکە پێی وایە دەستورێکی نادادپەروەر و نانوێنەرایەتی، لە نەبوونی دەستور مەترسیدارترە، چونکە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن شەرعییەتی یاسایی بدات بە هاوسەنگییەکی نادادپەروەرانەی دەسەڵات. بۆ ڕێگریکردن لەمە، پێشنیاز دەکرێت پڕۆسەی نووسینەوەی دەستور گشتگیر و شەفاف بێت، بەشداریی خەڵک و چاودێریی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنیی تێدا مسۆگەر بکرێت، هەروەها دەقی کۆتایی بۆ ماوەیەکی گونجاو بەر لە ئەنجامدانی ڕاپرسی بڵاوبکرێتەوە.

​پەککەوتنی پەرلەمان؛ چوار ساڵ لە بۆشایی نوێنەرایەتی و چاودێری

​بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ دۆخی پەرلەمانی کوردستان، کە وەک گرنگترین دامەزراوەی نوێنەرایەتیی خەڵک لە سیستەمی دیموکراتیدا پێناسە کراوە. پەی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەرکی پەرلەمان تەنها دەرکردنی یاسا نییە، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆی نیشتمانی، کۆکردنەوەی جیاوازییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، چاودێریکردنی حکومەت، پەسەندکردنی بودجە، پاراستنی مافەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسان.

​سەبارەت بە مێژووی دروستبوونی بۆشایی یاسایی، ڕاپۆرتەکە دەخاتە ڕوو کە ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە 6ی تشرینی دووەمی 2022 کۆتایی هات. هەوڵەکانی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو خولەش لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە بە نادەستوری هەژمار کرا، بەمەش تەواوی ئەو بڕیار و یاسایانەی دوای ئەو بەروارە دەرکران، کەوتنە ژێر پرسیاری یاساییەوە.

​سەبارەت بە خولی شەشەمیش، ڕاپۆرتەکە وەبیری دەهێنێتەوە کە هەڵبژاردن لە بنەڕەتدا بۆ ساڵی 2022 بڕیاری لێدرابوو، بەڵام دوای چەندین جار دواخستن، دواجار لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، واتە نزیکەی دوو ساڵ دوای وادەی خۆی ئەنجام درا. هەرچەندە لە 2ی کانونی یەکەمی 2024 یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم بەڕێوەچوو و کاندیدە سەرکەوتووەکان سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی بوونە پەرلەمانتار، بەڵام لە قۆناغی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی (سەرۆک، جێگر و سکرتێر)دا، ڕێژەی یاسایی (نیساب) تێکچوو و دانیشتنەکە بە هەڵپەسێردراوی مایەوە.

​دامەزراوەی پەی دەڵێت: "تا ئێستا نزیکەی چوار ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی خولی پێنجەمدا تێپەڕیوە، بەبێ ئەوەی هەرێم پەرلەمانێکی دامەزراو و کارای هەبێت". جەختیش دەکاتەوە کە تەنها هەڵبژاردن و سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانێکی کارا دروست ناکەن؛ پەرلەمان کاتێک بە کرداری شەرعی و چالاکە کە دەستەی سەرۆکایەتیی هەبێت، کۆبوونەوەکانی بە ڕێکوپێکی ئەنجام بدات، لیژنە هەمیشەییەکان پێکبهێنێت، یاسا پەسەند بکات، وەزیر و بەرپرسانی حکومەت بانگهێشت بکات، چاودێریی بودجە و خەرجییەکان بکات و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی داخوازییەکانی خەڵک بکات.

​سیناریۆی "هەڵوەشاندنەوەی کرداری" و بەتاڵبوونەوەی ناوەڕۆکی قەوارەی هەرێم

​لە تەوەرێکی دیکەدا، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی بەردەوامبوونی دۆخی چەقبەستووی ئێستا و ڕوونیدەکاتەوە کە هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان تەنها دەرەکی نین (وەک فشارەکانی بەغدا، وڵاتانی دراوسێ، گروپە چەکدارەکان یان گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا)، بەڵکو بەشێکی سەرەکیی مەترسییەکان لە ناوخۆوە سەرچاوە دەگرن؛ بەتایبەت لە لاوازیی دامەزراوەکان، درێژەکێشانی قەیرانی سیاسی، پەرتەوازەیی هێزەکان و نەبوونی بڕیارێکی نیشتمانیی یەکگرتوو.

​پەی ئاماژە بەوە دەکات کە قەوارەی سیاسی کاتێک بەهێز دەبێت کە بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، داهات و بودجە بە شەفافی بەڕێوەببات، کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی بکات، مافی هاوڵاتیان بپارێزێت و لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و جیهانی دەرەوەدا یەکدەنگ بێت. ئەگەر ئەم پایە سەرەکییانە بە هێواشی لاواز ببن، ئەوا قەوارەکە تەنها لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە و لە کرداردا توانای نامێنێت. هەربۆیە ڕاپۆرتەکە دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە مەترسیی سەرەکی لە ئێستادا "هەڵوەشاندنەوەی فەرمی و لەناکاو" نییە، بەڵکو "بەتاڵبوونەوەی هێواشی ناوەڕۆکی قەوارەکەیە".

​سەبارەت بە پێگەی دەستوریی هەرێم لە عێراقدا، ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە دەستوری عێراقدا وەک هەرێمێکی فیدراڵی دانی پێدانراوە و هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی ئەم پێگەیە بە بڕیارێکی کارگێڕی یان فەرمانێکی تاکلایەنەی بەغدا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام تەنها دەقی دەستوری بەس نییە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکان. دەکرێت ناوە فەرمییەکان بمێننەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا لاواز ببن؛ بەم شێوەیە:

​ناوی حکومەتی هەرێم دەمێنێت: بەڵام بڕیارە داراییە سەرەکییەکانی دەبەسترێنەوە بە ناردنی پارە لە بەغداوە.

​ناوی پەرلەمانی کوردستان دەمێنێت: بەڵام ئەرکی یاسادانان و چاودێریکردن جێبەجێ ناکات.

​ناوی وەزارەتی پێشمەرگە دەمێنێت: بەڵام سەرجەم هێزە چەکدارەکان فەرمانی لێ وەرناگرن.

​ناوی وەزارەتی ناوخۆ دەمێنێت: بەڵام هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و هێزە تایبەتەکان لە هەموو ناوچەکاندا لەژێر یەک زنجیرەی فەرماندا کار ناکەن.

​ناوی یەک هەرێم دەمێنێت: بەڵام لە کرداردا دوو ناوچەی نفوز بە سیاسەت، هێز و پەیوەندیی جیاوازەوە کار دەکەن و توانای بڕیاردانی سەربەخۆ لە بوارە ستراتیژییەکاندا دادەبەزێت.

​دامەزراوەی پەی ئەم دۆخە بە "هەڵوەشاندنەوەی کرداری" ناوزەد دەکات و هۆشداری دەدات کە مەترسیی ئەم سیناریۆیە لەوەدایە لەناکاو ڕوونادات تاوەکو خەڵک و دەسەڵاتداران هەستی پێبکەن، بەڵکو بە هەنگاوی بچووک و لەژێر پاساوی قەیران، دۆخی کاتی و پێویستیدا دەستپێدەکات، تا لە کۆتاییدا دەبێتە ئەمری واقیع و دۆخێکی نوێی جێگیر دروست دەکات.

​قوڵبوونەوەی دوو ئیدارەیی لە چوار قۆناغی مەترسیداردا

​لە بەشێکی دیکەی شیکارییەکەدا، پرسی دوو ئیدارەیی لەنێوان زۆنی زەرد و زۆنی سەوزدا باسکراوە. ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە دوو ئیدارەیی تەنها یادەوەریی قۆناغێکی ڕابردوو نییە؛ تا ئەو کاتەی دوو هێزی پێشمەرگە، دوو تۆڕی هێزی ناوخۆ، دوو ئاسایش، دوو دەزگای هەواڵگری و دوو ناوچەی نفوزی سیاسی بوونیان هەبێت، ئەوا ژێرخانی دوو بەڕێوەبردنی جیاواز هەر بەردەوامە. لە ئێستاشدا سەرەڕای یەکبوونی ناوی حکومەت و پەرلەمان، بەڵام لە چەندین بواردا سەرچاوەی بڕیار جیاوازە، پۆستەکان بەپێی پشکپشکێنەی حزبی پڕدەکرێنەوە، هێزەکان سنوری جوڵە و نفوزی جیایان هەیە، داتا و زانیارییەکان بە تەواوی یەکناخرێن و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ لە یەک ناوەندەوە ئاراستە ناکرێن.

​پەی هۆشداری دەدات کە ئەگەر پەرلەمان، حکومەت و دامەزراوە نیشتمانییەکان کارا نەکرێنەوە، هەر زۆنێک زیاتر ناچار دەبێت کاروباری خۆی بە سەربەخۆیی بەڕێوەببات، ئەمەش وادەکات دوو ئیدارەیی بەم چوار قۆناغەدا قوڵتر ببێتەوە:

​قۆناغی یەکەم (دابەشبوونی ئەمنی): هەر ناوچەیەک لە ڕێگەی هێز، ئاسایش و زنجیرەی فەرماندەیی تایبەت بە خۆیەوە بەڕێوەدەچێت.

​قۆناغی دووەم (دابەشبوونی کارگێڕی): پڕۆسەکانی دامەزراندن، گواستنەوە، گرێبەستەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەگوێرەی ناوچەی نفوز جیاواز دەبن.

​قۆناغی سێیەم (دابەشبوونی دارایی): کۆکردنەوەی داهات، گومرگ، باج و خەرجییەکان بە شێوازی جیاواز بەڕێوەدەچن و هەر زۆنێک زیاتر پشت بە سەرچاوە داراییەکانی خۆی دەبەستێت.

​قۆناغی چوارەم (دابەشبوونی سیاسی و دەرەکی): هەر لایەنێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، پەیوەندیی جیاواز و سەربەخۆ لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێ دادەمەزرێنێت.

​لە ئەنجامی ئەم قۆناغانەدا، هەرێمی کوردستان لەژێر یەک ناو و ئاڵادا دەمێنێتەوە، بەڵام لە واقیعدا وەک دوو یەکەی سیاسی و ئەمنیی جیاواز کار دەکات. دامەزراوەی پەی ئەم سیناریۆیە بە مەترسیدار دادەنێت، چونکە گەڕانەوە لە دوو ئیدارەییەکی جێگیرەوە بۆ دامەزراوەی یەکگرتوو زۆر سەختتر و پڕتێچووتر دەبێت؛ بەوپێیەی هەرچەندە ماوەی دابەشبوونەکە درێژتر ببێتەوە، تۆڕی بەرژەوەندییەکان، پۆست، کۆگا، هێز و سەرچاوە داراییەکان زیاتر بەو دۆخە دابەشبووەوە گرێ دەدرێن.

​پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و وانەکانی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان

​سەبارەت بە کاریگەریی ئەم دۆخە لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، ڕاپۆرتەکە ڕوونیدەکاتەوە کە لاوازبوونی دامەزراوەکانی هەرێم دەرفەت دەداتە حکومەتی فیدراڵ تاوەکو دەسەڵاتی کرداریی خۆی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا فراوانتر بکات. ئەم فراوانخوازییەش مەرج نییە هەمیشە لە ڕێگەی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی دەستورەوە بێت، بەڵکو زۆرجار لە ڕێگەی یاسای بودجە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، دانانی مەرج بۆ ناردنی مووچە، کۆنترۆڵکردنی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت، ڕێکخستنەوەی داهاتە نانەوتییەکان و قۆستنەوەی پێویستیی دارایی هەرێمەوە جێبەجێ دەکرێت.

​لە پاشخانی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ناکۆکییەکانی تایبەت بە نەوت و بودجە بە جۆرێک پەرەیان سەندووە، کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و وەرگرتنی پشکی بودجە زیاتر بە میکانیزمی فیدراڵی، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداوە بەستراوەتەوە. بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2022 و ڕێکارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، پێگەی حکومەتی فیدراڵییان لە مامەڵەکردن لەگەڵ گرێبەستەکان و هەناردەی نەوتی هەرێم بەهێزتر کرد. هاوکات، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی کەرکوک–جەیهان لە ئایاری 2026دا دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا، لەلایەکەوە گرنگیی هەماهەنگیی فیدراڵی نیشان دەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاستی وابەستەبوونی قوڵی هەرێم بە ڕێککەوتنی دارایی و نەوتی لەگەڵ بەغدا دەردەخات.

​پەی جەخت دەکاتەوە کە کێشە سەرەکییەکە تەنها هەوڵی بەغدا نییە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی، بەڵکو کێشە قوڵترەکە ئەوەیە کە لاوازیی ناوخۆیی هەرێم (وەک پەسەندنەکردنی بودجە، بڵاونەکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی، ئاشکرانەکردنی تەواوەتیی داهاتە ناوخۆییەکان و نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتووی نەوت و گاز) خۆی بیانوو و دەرفەتی یاسایی و سیاسی بۆ ئەو هەنگاوانەی بەغدا دروست دەکات. هەروەها هۆشداری دەدات کە ئەگەر دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێم لە بەغدا هەڵوێستی جیاواز بنوێنن، هەریەکەیان لەگەڵ هاوپەیمانێکی جیاواز ڕێکبکەوێت و دۆسیەکانی بودجە، نەوت، کەرکوک و پۆستە فیدراڵییەکان بە جیا بەکاربهێنن، ئەوا بەغدا بە ئاسانی دەتوانێت سوود لەو درز و ناکۆکییانە وەربگرێت.

​لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، دامەزراوەی پەی ئەزموونی کورد لە سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) وەک وانەیەکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە. ئاماژە بەوە دەکات کە هاوپەیمانە نێودەوڵەتی و دەرەکییەکان لە قۆناغێکی دیاریکراودا دەکرێت هێزی کوردی وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمنی ببینن، بەڵام لە کاتی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزی ناوچەییدا، ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی دەخەنە پێش هەموو شتێکەوە. وەک نموونەش ئاماژە بە سەرەتای ساڵی 2026 دەکات، کە دوای گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە سوریا، هێزە کوردییەکان ناچار بوون بچنە ناو گفتوگۆوە بۆ تێکەڵکردنەوە و یەکخستنی دامەزراوە و هێزەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندیی سوریادا؛ تەنانەت ئەو ڕێککەوتنانەشی کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکران، دەستی حکومەتی دیمەشقیان لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهێزتر کرد و هێزە کوردییەکان بە پێگە و دەسەڵاتێکی کەمترەوە چوونە سەر مێزی دانوستان.

​(بۆ خوێندنەوەی دەقی تەواوی ڕاپۆرتەکە، لێرە کلیک بکە)

زۆرترین بینراو
هومام حەمودی نەخشەڕێگەی چەکداماڵینی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و چوونەدەرەوەی پەکەکە و سوپای تورکیا ئاشکرا دەکات
دەروازەی باشماخ دەنگۆی دەستگیرکردنی سۆران عومەر و کوڕەکەی ڕەتدەکاتەوە
پارێزه‌رێك له‌سه‌ر ده‌رهێنانی ده‌مانچه‌ له‌ناو دادگای هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
پاریس لەژێر گەمارۆی خۆپیشاندەراندا؛ وەزیری ناوخۆی فڕەنسا دان بە لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەمنیدا دەنێت
"پەتا"ی ناڕەزایی‌و توندوتیژیی لەفەرەنساوە بۆ ئیتاڵیاو بەلجیکاو ئەلبانیا (بەوێنە)
له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی "بابه‌تی نه‌شیاو"، دادگای كه‌رخ سزای زیندانی بۆ ئه‌م سێ كچه‌ ده‌ركرد
ڤیان حەبابی: شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە لە شنگال دەمێننەوە
​وتەبێژی یەبەشە: پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانمان هەنگاوێکی فەرمییە و پێویستی بە جیدیەتی دەوڵەت هەیە
وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم: زیاتر له‌ 500 ملیار دیناری قه‌رزی پێش روناكی وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌
پژاك: لە هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێراندا له‌ سنوری مه‌ریوان هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نه‌كه‌وتوه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×