دەربارەی پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کەبە پارتی و یەکێتییان راگەیاندووە، ئامادەنین لەگەڵ یەک لایەندا پەرلەمان کارا بکەنەوە، چونکە "ئەوە کێشەکانی هەرێمی کوردستان قووڵتر دەکاتەوە".
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیای پارتی وت "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان روویداوە، نەخوازراوە و مایەی شەرمە بۆ سیستمی بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان، چونکە دەنگدەران چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگیان بە لایەنە سیاسییەکان دا، بە ئومێدی گۆڕینی ئاییندەی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە دوو ساڵدا پەرلەمانی کوردستان جگە لە سوێندخواردنی ئەندامەکانی نەیتوانیوە، هیچ کارێکی دیکە بکات، وەک هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەکان، متمانەدان بە کابینەی حکومەت، یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن."
وتیشی "لەدوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان دووجار داوای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە. ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو ئامادەبووین بەشداری دانیشتنەکە بکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەم دۆخە چەقبەستووە رزگاری بێت، چونکە پێش ئەم خولەی پەرلەمانیش دوو ساڵی پێشووتر پەرلەمان هەڵوەشێندرایەوە، بەم دوو ساڵەی ئەم خولەی پەرلەمانەوە بووەتە چوار ساڵ".
هەر سەبارەت بە کاریگەرییەکانی داخستنی دەرگای پەرلەمان مستەفا عەبدوڵڵا باس لەوەدەکات، پێشتر هەستیان بەو مەترسییە دەکرد کە حکومەت و پەرلەمان بکرێنە یەک پاکێج. دەشڵێت "پارتی و یەکێتی بەهۆی وردەکارییەکانەوە رێکناکەون. من سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمان لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان پێم وتن، دەبێت پرسی پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان جیا بکرێنەوە، بەڵام پارتی و یەکێتی وتیان؛ پرسی پەرلەمان و حکومەت پێکەوە بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەپێویستی دەزانێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێکبهێندرێت و دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەی ئێمە لە کابینەی نوێی حکومەت ئۆپۆزیسیۆن دەبین، بەڵام دەستپێشخەریمان کردووە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە رێککەوتن، چونکە نابێت لەم دۆخە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبێت و کارەکانی رابگیرێن. پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی یاسادانی هەرێمی کوردستانە. لایەنەکان چەند جارێک لێکنزیکبوونەوە، بەڵام بەهۆی لاوازی پەیوەندییەکانییانەوە، لەگەڵ بوونی هەر رووداوێکدا پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی تێکدەچن."
سەبارەت بە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە، مستەفا عەبدوڵڵا رایگەیاند "ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت ئێمە ئامادەین، بەڵام ئەگەر لایەنەکان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان رێکنەکەون چۆن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەردی سەرتاسەری رێکدەکەون."
لەبارەی بانگەوازی لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەو ئاشکرایکرد "ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە رێککەوتن، بانگهێشتی نوێ بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت. دەبێت دوای رێککەوتنەکە بە رێکارێکی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان رێکبخرێت. ئێمە بە روونی پەیاممان داوەتە یەکێتی و پارتی، ئەگەر لایەنێک بیەوێت، بە زۆرینە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان رێکبخات، ئەوا پەرلەمانێکی سەرتاسەریمان نابێت، ئەوە تێپەڕاندنی قۆناغێکە تەنیا بۆ بەرژەوەندی حیزبی".
زیاتری رونکردەوە "پەرلەمان کاتێک پەرلەمانە کە سەرجەم هێزەکان تێیدا بەشداربن و کاریگەری دابەشبوونی هێز و ئابووری و دەسەڵاتی حیزبی کۆتایی بێت، بۆیە ئەگەر لایەنێک بە تەنیا بیەوێت پەرلەمان کارا بکاتەوە، کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و هیچ گرفتێک چارەسەر نابێت. ئێمە ئامادەنین پشتی هیچ لایەنێک بگرین بۆ ئەوەی بەبێ لایەنێکی دیکە پەرلەمانی کوردستان کارا بکەینەوە، چونکە دۆخی نیشتمانی ئەوەی دەوێ کە هەمووان پێکەوە پەرلەمان کارا بکەنەوە و نابینە بەشێک کە قووڵکردنەوەی کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان."