کۆشکی سپی لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی چەند ملیۆن دۆلارێک و گومانی "کڕینی پێگە" لە نزیک ترەمپ دەکات
  2026-10-20     

کۆشکی سپی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی و وردی دەستپێکردووە سەبارەت بە گومانی قۆستنەوەی پێگە و دەسەڵات لەناو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئاشکرابوونی نامەیەکی مشتومڕهێن کە باس لە پێدانی پارە دەکات لە بەرامبەر نزیکبوونەوە لە بازنەی دەسەڵاتی سەرۆک.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، تورهان میلدۆن، سەرمایەداری تورک رایگەیاندووە کە نامەیەکی لە راوێژکارێکی دیاری سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە. لە نامەکەدا پێشنیاری ئەوەی بۆ کراوە کە لە بەرامبەر دابینکردنی بڕە پارەیەک بۆ "سەنتەری کێنێدی"، دەرفەتی گەیشتن بە خودی ترەمپ و بەرپرسانی باڵای حکومەتی بۆ دەڕەخسێندرێت.

​ئەو بەرپرسەی پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژکراوە، ریچارد گرینێڵ، نێردەی تایبەتی پێشووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری فەنزوێلا و سەرۆکی پێشووی سەنتەری "جۆن ئێف کێنێدی"ـیە بۆ هونەرە نمایشییەکان. لەکاتێکدا پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەڵگەنامە داراییەکان و نامەکاندا بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی چەندین ملیۆن دۆلار بەردەوامە، گرینێڵ رەتیدەکاتەوە هیچ نامەیەکی لەو شێوەیەی بۆ وەبەرهێنەرە تورکەکە ناردبێت یان هیچ پێشێلکارییەکی یاسایی ئەنجامدابێت.

​ناوەڕۆکی نامە نهێنییەکە و پەیوەندی بە فەنزوێلاوە

​لەو نامەیەدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣ی ئایاری ٢٠٢٥ و ماڵپەڕی ئەکسیۆس دەقی نامەکەی بینیوە و داویەتییە پاڵ گرینێڵ، هاتووە: "هەر کە پارەکە گەیشتە کۆمپانیاکە لێرە، کارەکانی بەخشینەکە بۆ سەنتەری کێنێدی رێکدەخەم، تۆش بەشداری لە بۆنە تایبەتەکاندا دەکەیت و لە ئیدارەکە نزیک دەبیتەوە، تەنانەت لە خودی سەرۆکیش."

​لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "پێویستە تۆ بکەینە رووخساری ئەمریکا لە فەنزوێلا." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تورهان میلدۆن کە خاوەنی گرێبەستی بازرگانی بووە لە فەنزوێلا، واتە لە هەمان ئەو وڵاتەی کە گرینێڵ تێیدا وەک نێردەی تایبەتی ترەمپ کاری دەکرد.

​ئێستا ئەم نامەیە لەژێر وردبینیی وێڵ شارف، راوێژکاری یاسایی کۆشکی سپیدایە. لێکۆڵینەوەکە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ دەستیپێکردووە، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەوەی ئایا گرینێڵ متمانەی سەرۆکی خراپ بەکارهێناوە، یاخود دەستکاریی بەخشینێکی چەند ملیۆن دۆلاریی کردووە بۆ سەنتەری کێنێدی کە لەو کاتەدا خۆی سەرپەرشتی دەکرد.

​حەواڵەکردنی ١٧.٦ ملیۆن دۆلار و گرێبەستەکەی کۆنگۆ

​کرۆکی دۆسیەکە پەیوەستە بە مامەڵەیەکی داراییەوە کە تایبەتە بە پرۆگرامێکی ئەلیکترۆنی لەلایەن کۆمپانیای (TXAT)ـەوە، کە کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە لە بواری کەلوپەلی بەرگری و ئەمنی و بارەگاکەی لە ویلایەتی تێکساسە، لەگەڵ گرێبەستێک لەگەڵ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات.

​میلدۆن دەڵێت، لەسەر رێنمایی گرینێڵ، بڕی ١٧.٦ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کۆمپانیایە حەواڵە کردووە. بەگوێرەی گێڕانەوەی سەرمایەدارە تورکەکە، بڕیار بووە ئەو پارەیە دابەش بکرێت لەنێوان گرێبەستەکەی کۆنگۆ و بەخشینێک بۆ سەنتەری کێنێدی کە بەهاکەی نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار بووە (بەدیاریکراوی ٥.٦ ملیۆن دۆلار بەپێی ئەو ژمارانەی دواتر دەرکەوتوون).

​بۆ سەلماندنی ئەمەش، پارێزەرەکانی میلدۆن کورتەنامەکە، ئیمەیڵێک و چەند بەڵگەنامەیەکی دیکەیان رادەستی نووسینگەی راوێژکاری یاسایی کۆشکی سپی کردووە، کە لەنێویاندا تۆمارێکی دارایی هەیە بە مێژووی ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥ و نیشانی دەدات پارەکە بۆ کۆمپانیاکە حەواڵە کراوە.

​لەلایەکی دیکەوە، ئەلینا هابا، هاوسەری میلدۆن کە هاوکات پارێزەری پێشووی ترەمپ و داواکاری گشتیی پێشوو بووە لە نیوجێرسی، بە سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە کە هاوسەرەکەی دوای تێپەڕبوونی ١٧ مانگ بەسەر حەواڵەکردنی پارەکەدا، ئینجا بۆی دەرکەوتووە کە سەنتەری کێنێدی هیچ بڕە پارەیەکی وەک بەخشین پێنەگەیشتووە.

​تەمومژی لە سەرچاوەی پارەکە و گۆڕانی وتەکان

​سەرەڕای بەڵگەکان، بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس هێشتا وردەکارییەکانی ئەو مامەڵەیە ناڕوونن؛ تاوەکو ئێستا ئامانجی وردی گرێبەستەکەی کۆنگۆ، پەیوەندیی بە بەخشینەکەوە و چۆنیەتیی دابەشکردنی پارەکە دیار نییە.

​هاوکات پێچەوانەی ئەو زانیارییانەی ئەلینا هابا لە سەرەتادا بە ترەمپی دابوو، حەواڵە داراییەکە لە هەژماری بانکیی کەسیی میلدۆنەوە نەهاتووە. بەرپرسێک لە کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە کە بڕە پارە ١٧.٦ ملیۆن دۆلارییەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی کۆنگۆی دیموکراتەوە لە کینشاسای پایتەختەوە حەواڵە کراوە، کە تێیدا میلدۆن خاوەنی بەرژەوەندیی بازرگانییە و دەستی بە سەرچاوە داراییەکان دەگات.

​جگە لەوەش، خەمڵاندنەکانی هابا سەبارەت بە بڕی پارە ونبووەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ سەرەتا باسی لە دیارنەمانی ١٧ ملیۆن دۆلار کردبوو، بەڵام دواتر و دوای راوێژکردن لەگەڵ هاوسەرەکەی، ژمارەکەی بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار کەمکردەوە.

​رووبەڕووبوونەوەی ناو نووسینگەی هێلکەیی و بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان

​لە رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمدا، ئەلینا هابا بە تووڕەییەوە چووەتە ناو نووسینگەی هێلکەیی لە کۆشکی سپی و راستەوخۆ گرینێڵی بە دزینی پارەکە تۆمەتبار کردووە. بەڵام بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو هەموو بەڵگە پێویستەکانی پێ نەبووە و گێڕانەوەکانی چەندین جار گۆڕاون، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردووەتەوە کە ئەمە گرینێڵ بێبەری ناکات و دۆسیەکە "بە تەواوی جێگەی گومانە."

​لە بەرامبەردا، ریچارد گرینێڵ سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و پێشتر بە "پووچ و بێبنەما" وەسفی کردبوون. جەختیشی کردووەتەوە کە هەرگیز داوای نەکردووە هیچ پارەیەک بۆ لایەنێکی دیکە حەواڵە بکرێت بە ناوی بەخشین بۆ سەنتەری کێنێدی، و هیچ پارەیەکیشی لە میلدۆن وەرنەگرتووە، هاوکات گومانی خستووەتە سەر دروستیی ئەو نامەیەی خراوەتە پاڵی.

​دوابەدوای ئەم رووداوانە، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بە وێڵ شارف کردووە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکات، دواتر هەردووکیان پەیوەندییان بە گرینێڵەوە کردووە و ئەویش جارێکی دیکە تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە. لە ئێستاشدا راوێژکارە یاساییەکەی کۆشکی سپی سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگەکان و پشکنینی شوێنپێی ئەلیکترۆنی (بصمة رقمية)ی نامەکەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە راستییەکەی.

​ئەوەی گومانەکانی زیاتر کردووە، ئاماژەدانی بەرپرسانە بەوەی کە تورهان میلدۆن پێشتر بەشداریی لە بۆنە زۆر تایبەتەکانی سەنتەری کێنێدیدا کردووە، لەنێویاندا ئامادەبوون لە شوێنی تایبەتی جێگری سەرۆک کە هاوسنوورە لەگەڵ شوێنی تایبەتی خودی سەرۆکی ئەمریکا. ئەمەش پرسیاری جدیی لەسەر سروشتی پەیوەندیی نێوان میلدۆن و گرینێڵ دروستکردووە، کە ئایا ئەو پێگە و نزیکبوونەوەیەی بەدەستی هێناوە پەیوەست بووە بەو مامەڵە داراییەوە یاخود نا؛ پرسیارێک کە هێشتا لێکۆڵینەوەکان یەکلاییان نەکردووەتەوە و ترەمپیش داوای وەڵامی روون و یەکلاکەرەوە دەکات.

زۆرترین بینراو
هومام حەمودی نەخشەڕێگەی چەکداماڵینی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و چوونەدەرەوەی پەکەکە و سوپای تورکیا ئاشکرا دەکات
دەروازەی باشماخ دەنگۆی دەستگیرکردنی سۆران عومەر و کوڕەکەی ڕەتدەکاتەوە
پارێزه‌رێك له‌سه‌ر ده‌رهێنانی ده‌مانچه‌ له‌ناو دادگای هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
پاریس لەژێر گەمارۆی خۆپیشاندەراندا؛ وەزیری ناوخۆی فڕەنسا دان بە لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەمنیدا دەنێت
"پەتا"ی ناڕەزایی‌و توندوتیژیی لەفەرەنساوە بۆ ئیتاڵیاو بەلجیکاو ئەلبانیا (بەوێنە)
ڤیان حەبابی: شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە لە شنگال دەمێننەوە
له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی "بابه‌تی نه‌شیاو"، دادگای كه‌رخ سزای زیندانی بۆ ئه‌م سێ كچه‌ ده‌ركرد
​وتەبێژی یەبەشە: پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانمان هەنگاوێکی فەرمییە و پێویستی بە جیدیەتی دەوڵەت هەیە
وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم: زیاتر له‌ 500 ملیار دیناری قه‌رزی پێش روناكی وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌
پژاك: لە هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێراندا له‌ سنوری مه‌ریوان هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نه‌كه‌وتوه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×