ئاژانسی میهر ئاشکرایکرد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاماژەی بەوەداوە کە زەڕەیەک یۆرانیۆم ناچێتە دەرەوەی وڵات و سامانێکە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.
ئاوێنە: ئااژانسی هەواڵی "میهر" بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەمیانی پێشوازیكردنی جەنەڕاڵ لە عاسم مونیر، فەرماندی گشتی سوپای پاكستان موحسین رەزایی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاندووە، کۆدەنگییەک لە ئێراندا لەنێوان خەڵک و هەم بەرپرسانیش هەیە کە هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادرێت، ئەگەر هەنگاوی کردەیی بۆ دروستکردنی متمانە هەڵنەگرێت و ئەو مەرجانەی تاران دایناون جێبەجێی نەکات.
رەزایی وتوشیەتی "تەواوی ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان لەناو خاکی ئێران دەمێننەوە، تەنانەت زەڕەشی ناچێتە دەرەوەی وڵات، ئەمە سەرماییەکی نیشتمانی و سامانێكی گرنگە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ".
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دوای سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ تاران و كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، نێوەندە جیاوازەكان گریمانەی ئەوەیان كرد تاران و مۆسكۆ تاوتوێی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتنێراوی ئێران بكەن بۆ رووسیا، لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتن و كۆتایهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران.