وەزیری بەرگریی تورکیا ئاشکرایکرد، هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئاسایشی سنوورەکانی بە تەواوی دەستەبەر دەکرێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بە ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) رایگەیاند "ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی بوونی سەربازیی خۆمان لە عێراق و سووریا. کاتێک هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەوە کرد کە مەرجە پێویستەکان لەرووی ئاسایشی هەرێمی و سنوورییەوە بەدی هاتوون، ئەوکات پێداچوونەوە بە دۆخی ناوچە و بنکە سەربازییەکانمان لە ناوچەکەدا دەکەین."
گولەر ئاماژەی بەوەشکرد، دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی نوێ لە دیمەشق، ئەنقەرە هەماهەنگییەکی نزیکی ئەمنیی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریادا دەستپێکردووە تاوەکو تواناکانی سوپای ئەو وڵاتە بەهێز بکرێن و ئاسایشی سنوورەکانیش بپارێزرێن.
وتیشی "تەنیا کاتێک هەڕەشەی تیرۆر بە تەواوی لە ناوچەکەدا بنبڕ دەکرێت، ئاسایشی سنوورەکان دەستەبەر دەبێت و دەسەڵاتی دەوڵەت بەشێوەیەکی یەکگرتوو و بێ جیاوازی لە سەرانسەری خاکی سووریادا بەرقەرار دەبێت، ئەوکات پێداچوونەوە بە دۆخی هێزەکانماندا دەکرێت."
بەوتەی وەزیری بەرگری تورکیا "بڕیارێک لەبارەی داهاتووی هێزەکانی تورکیا لە سووریا، بە لەبەرچاوگرتنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا، لێکتێگەیشتنی دوولایەنە و دۆخی ئەمنیی سەر زەوی دەبێت".
سەبارەت بە عێراق، گولەر ئامادە نەبوو ژمارەی فەرمیی سەربازانی وڵاتەکەی لە خاکی عێراق و سووریادا ئاشکرا بکات کە سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیان لەنێوان ٨٠٠ بۆ ١٠٠٠ سەرباز مەزەندە دەکەن، و روونی کردەوە، قەبارەی هێزەکانیان لەسەر بنەمای پێویستیی مەیدانی و ئاستی هەڕەشەکان دیاری دەکرێت نەک تەنیا ژمارەی سەربازەکان.
لەبارەی هەنگاوەکانی چارەسەری و پڕۆسەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاشکرایکرد "پێویستە پەکەکە بە تەواوی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی جێبەجێ بکات دوای ئەوەی ساڵی رابردوو چەکەکانیان بەشێوەیەکی سیمبولی لەناوبرد و لەم مانگەشدا لە چوار بنکەی سەرەکیی خۆیان لە هەرێمی کوردستان کشانەوە، بەڵام بەرەوپێشچوونی ئەم پڕۆسەیە بە مانای سستکردن یان کەمکردنەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان نایەت".
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ کۆنترۆڵی بنکەی سەربازیی بەعشیقە لە نزیک مووسڵ رادەستی سوپای عێراق بکاتەوە، و پلانیان هەیە هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بۆ ئاستێکی بەرزتر لە داهاتوودا سەرپێ بخەن.