ئاژانسی تەسنیم-ی سەر بەسوپای پاسداران لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە دەڵێت "ئۆکرانیا هەزاران (مینی درۆن) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچوکی لەکوردستانی عێراق جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بە دوژمنایەتی دەزانێت و وەڵامی دەداتەوە".
ئاوێنە: تەسنیم لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکەوە ئاماژە بەوە دەکات کە چەند وڵاتێکی دەوروبەری ئێران میوانداری هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەکاتی گونجاودا بڵاودەکرێنەوە، لەنێویاندا هێزەکانی ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەناو هەرێمی کوردستان جێگیرکردووە.
سەرچاوەکە ئەمە بەکردەوەی دوژمنکارانەی ئۆکرانیا ناودەبات و دەڵآێت "تاران ئەم کارەی ئۆکرانیا بە بەشێک لە کارە دوژمنکارانەکانی ئەوروپا و ناتۆ لە دژی ئێران دەزانێت و بژاردەی گونجاو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتە لەبەرچاو دەگرێت".
هەروەها ئەم "کردەوە پیلانگێڕییانەی بەهەوڵێکی شکستخواردوو و سکانداڵ" بۆ ئۆکرانیا ناودەباتو دەڵێت "مێژووی ئۆکرانیا لەهێرشکردنە سەر کەشتییەکی ئێرانی لە دەریای خەزەر دەستپێکی ئەم کارە دوژمنکارانەیە بوو، بەڵام ئێران مۆڵەت و فەزای پێویست ناداتە ئەوروپا و ئۆکرانیا بۆ پێشخستنی ڕێوشوێنی دژە ئێران. ئۆکرانیا لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لە دژی ئێران، لە بابەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بەشداری کردوە لە چالاکییەکانی دژ بەئێران".
دەشڵێت "پێشتریش باس لەبوونی هێزەکانی ئۆکرانیا لەڕۆژئاوای ئاسیا کراوە بەمەبەستی ئەنجامدانی چالاکیی تێکدەر و ڕاهێنانی تیرۆریستان لەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شرۆڤەکاران ئەو وڵاتەیان بە قۆڵی نوێی ئۆپەراسیۆنی ناتۆ لە ناوچەکە وەسف کردووە. هەر لەو پێوەندییەدا لەهاوینی ساڵی ٢٠٢٥، پۆلیسی سلێمانی لە باکوری عێراق ڕایگەیاند کە سێ ئۆکراینییان دەستگیر کردووە کە سەرپەرشتی ڕاهێنانی گروپێکی ناوخۆیی بوون لە بەکارهێنانی مایکرۆ درۆن. پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، مەبەست لە مەشقپێکردنی ئەم گروپە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردن بووە لەڕێگەی دابینکردنی دارایی و سەرپەرشتیکردن بۆ هێزەکانی گروپێکی تیرۆریستی لە ناوچەی باکوری عێراق".
تەسنیم ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەمە یەکەمجار نییە کە تێوەگلانی ئۆکرانیا لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبیسترێت، بەو پێیەی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە وەک بەکرێگیراو لە ناوچە جۆربەجۆرەکاندا لە بەرامبەر پارەی ئەمریکا، بەریتانیا و ڕژێمی زایۆنیدا مامەڵە دەکەن. یەکەم دەرکەوتنی ئۆکراینیەکان لەم ناوچەیە بە ئامانجی تێکدان دەگەڕێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر مەراسیمی دەرچوونی ئەکادیمیای ئەفسەرانی حۆمس بوو لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ کە لانیکەم ١٠٠ کەس کوژران، زۆربەیان خێزانی ئەفسەرە گەنجەکانی سوریا بوون".