رونكردنه‌وه‌ی دادگای سلێمانی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای كارگێڕی سه‌باره‌ت به‌ خاوه‌ندارێتی خانوبه‌ره‌
  2026-10-21     

دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی سلێمانی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگای كارگێڕییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فه‌رمانێكی كارگێڕی پارێزگای سلێمانی رونكردنه‌وه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو بڕیارە پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتوه‌و ده‌شڵێت، بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق، دەستوور پاشان یاسا تایبەتەکان ڕێکیانخستوەو هیچ بەربەستێکی یاساییان تێدا نییە ڕێگر بێت لەبەردەم هاوڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق کە خاوەندارێتیی یاساییان هەبێت بۆ شوقە و خانوبەرە.

ئاوێنه‌: سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، ئه‌مشه‌و چوارشه‌ممه‌، له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند"ئەمڕۆ دادگای کارگێڕیی سلێمانی بڕیاری ژمارە ٥٧/ک/٢٠٢٦ لە ٢٠٢٦/١٠/٢١ دەرکردوە، کە بوەتە باس و خواسی ڕاگەیاندنەکان و لێکدانەوەی جیاوازی جۆراوجۆری بۆ کراوە، بەجۆرێک پێچەوانەی یاسا و هەتا مەنتوقی بڕیاری ئاماژەبۆکراویشە."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "ئەو بڕیارە تەنها لە مەنتووقەکەیدا هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی کارگێڕی لەخۆدەگرێت و ئەو بڕیارەش پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتوە و هیچ بەڵگەیەک (حوجییەتێک) پێک ناهێنێت، واتە ئەو بڕیارە تەنها تاوتوێی حاڵەتێکی تایبەتی لەخۆ گرتوە کە بە یەکلاکەرەوە دانانرێت هەتاوەکو بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرنەگرێت، لەکاتێکدا بڕیارەکە تەنها بڕیارێکی کارگێڕی هەڵوەشاندووەتەوە لە ڕووی تایبەتمەندێتیی (اختصاص)ەوە."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق، دەستوور پاشان یاسا تایبەتەکان و لە پێشیانەوە یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە ڕێکیخستووە، هیچ بەربەستێکی یاساییان تێدا نییە ڕێگر بێت لەبەردەم هاووڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق کە خاوەندارێتیی یاساییان هەبێت بۆ شوقە و خانووبەرە، چونکە بەپێی دەستووری عێراقیی بەرکار هاووڵاتیان یەکسانن لە ماف و ئەرکدا بەبێ جیاکاریی ڕەگەزی و تائیفی و ناوچەگەرێتی."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌"بەوەش ناکرێت هەر کەسە و لای خۆیەوە ڕاڤە و لێکدانەوە بۆ بڕیارێکی دادوەری بکات کە پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و گشتاندن بۆ ئەو حاڵەتە تایبەتە بکات کە ئەو بڕیارە تاوتوێی کردووە."

پێشتر پارێزه‌ر ئومێد جاف، له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ فه‌یسبوك، رایگه‌یاند، "لە ڕێکەوتی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دادگای کارگێڕیی سلێمانی لە دۆسیەی داوای ژمارە (٥٧/ك/٢٠٢٦)، بڕیارێکی مێژویی و بوێرانەی دەکرد، بۆ پاراستنی ناسنامەی دانیشتوان لەهەرێمی کوردستان، بریارەکە وەرچەرخانێکی دادوەریی گەورەیە، بۆ یەکەمین جارە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بریارێکی لەم شێوەیە دەردەچێت."

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه‌ وتویه‌تی "دادگا بریاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی کارگێڕیی ژمارە (٦٤٤٨ لە ٦/٦/٢٠١٦)ی پارێزگای سلێمانی، کە رەزامەندیان داوە بە (تۆمارکردنی شوقەو خانو بە ناوی هاوڵاتیانی عێراقی و هاوڵاتیانی بیانی هاوشێوەی هاوڵاتیانی سلێمانی...)، لەژێر ناوی 'گەشەپێدانی بواری گەشتیاری و ئابوری'."

به‌قسه‌ی ئومێد جاف، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پارێزه‌رانی دۆسییه‌كه‌، فه‌رمانه‌كه‌ی پارێزگا "هۆکاربوە بۆ کۆچی بە لێشاوی نیشتەجێبونی هەمیشەیی هاوڵاتیانی ناوەڕاست و خواری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و شێواندنی پێکهاتەی ڕەسەنی شاری سلیمانی کە ئەمەش پێچەوانەی ئامانجەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراقە، بۆ رێگریکردن لە گۆڕانکاری دیمۆگرافی و پێشێلکردنی مافە دەستوری و یاساییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان."

وتوشیه‌تی "ئەم هەنگاوەی ئێمە سەرەتایەکە بۆ ممارەسەکردنی مافە دەستوریەکانی خەڵکی رەسەنی کوردستان، کە لە دەقی ماددەی (٢٣/سێیەم/ ب)، بە شێوەی رەها(مطلق) قەدەغەی هەر جۆرە خاوەندارێتییەک دەکات، ئەگەر ئامانج لێی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بێت. فەرمانەکە پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە بە ژمارە (٦٥/ئیتحادی/٢٠١٣) لە ڕێکەوتی (٢٣/٧/٢٠١٣). ئێمە وەک پارێزەری خاک و خەڵک بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوەی و پاراستنی دیمۆگرافی کوردستانی خۆشەویست."

زۆرترین بینراو
مونیرە عەلی عەبدولعەزیز، عومەر شێخ موس بە (عومەر بێ نامووس) ناودەبات و دەڵێت: پیری ئاخر شەڕە
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی گومان دەخاتە سەر گێڕانەوەی فەرمیی حکومەتی عێراق لەبارەی تەقینەوەکەی حەشدی شەعبی
دوو کۆمپانیای نەوتیی لە هەرێم یەکیانگرت: سەرمایەکەیان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە سەروو ملیارێک دۆلار
کۆمسیۆنی عێراق جێگرەوەی سێ پەرلەمانتاری عێراقی کە کەرکوکییەکی تێدایە، دیاریکرد
دوران کاڵکان: پەکەکە تەواوی هێزەکانی لە سنوورەکان کشاندووەتەوە و ئەنقەرەش هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
فراکسیۆنی یەکگرتوو: ئامادەنین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پشتی لایەنێکی سیاسی بگرین
کۆشکی سپی لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی چەند ملیۆن دۆلارێک و گومانی "کڕینی پێگە" لە نزیک ترەمپ دەکات
شەپۆلێکی پاییزە ڕوو لە عێراق دەکات؛ بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ کەشوهەوا بە ناجێگیری دەمێنێتەوە
وەزیری بەرگری تورکیا: تا ئاسایشی سنوورەکان مسۆگەر دەبێت هێزەکانمان لە عێراق و سووریا دەمێننەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×