وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ماهه‌نگی زۆر باشیان هه‌یه له‌گه‌ڵ توركیا‌و ئێران بۆ كردنه ده‌ره‌وه‌ی چه‌كدارانی كوردی باكور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌نێو خاكی عێراق.
ئاوێنه: حه‌یده‌ر عه‌بودی، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، به ئاژانسی ره‌سمی هه‌واڵه‌كانی عێراقی راگه‌یاند، راگرتنی كاركردن له دەروازەی "شه‌یب" له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌نگاوێكه له پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئامادەییی ته‌كنیكی و لۆجیستیی دەروازەکە و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه ده‌روازه‌كه له‌ڕوی هونه‌ری و ته‌كنیكی و پەرەپێدانەوە ئاماده‌نییه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه "زیاتر له دەروازەیەکی سنوری هه‌یه كه ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێیاندا له‌گه‌ڵ ئێران به ئاسانی و به بێ ئاستەنگ بەڕێوەدەچێت."
سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ش كه باس له بونی باره‌گای حوسییه‌كان له عێراق ده‌كه‌ن، عه‌بودی وتی "هیچ باره‌گایه‌كی تۆماركراو له‌م باره‌یه‌وه له ناو خاكی عێراقدا نییه و بابه‌ته‌كه پێویستی به هیچ هه‌نگاو یان بڕیارێكی حكومه‌ت نییه چونكه ئه‌وه شتێكه له بنەڕەتدا بونی نییه."
جه‌ختیشی كرده‌وه "بونی گروپی چه‌كداری وڵاتانی دیکە له ناو عێراقدا دژی بنه‌ما ده‌ستورییه‌كانه." و وتیشی "عێراق نابێته شوێنی ده‌ستپێك بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ و باوه‌ش بۆ هیچ گروپێكی چه‌كدار ناكاته‌وه كه به‌شداری له ململانێیه‌كی دیاریكراودا بكات."
ئاشكراشیكرد "هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر باشییان له‌گه‌ڵ توركیادا هەیە بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) و دەرکردنی چەکدارەکانیان له عێراق، سه‌ره‌ڕای بونی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێران له ڕێگەی لیژنه‌یه‌كی باڵاوه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی بونی چه‌كداره كورده ئێرانییه‌كان له ناو خاكی عێراقدا، به‌تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان."
جه‌ختیشی كرده‌وه كه "هه‌مو ئه‌م ئاماژه و ئاڕاستانەی حكومه‌ت دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه ڕێگه به بونی چه‌كداری وڵاتانی دیکە له ناو خاكی عێراقدا نادرێت" و "عێراق ڕێگه نادات له خاكه‌كه‌یه‌وه هه‌ڕه‌شه له وڵاتانی دراوسێ بكرێت."