فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) ڕایگەیاند، لە بەرامبەر تۆپبارانکردنی ناوچەی کۆساڵان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هێزەکانیان لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆدا وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانییان پێ نەگەیشتووە.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی یەرەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە ناوچەکانی شاهۆ و مەریوان لە دژی گەریلاکانیان دەستپێکردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، یەرەکە هەر لە ڕۆژانی سەرەتای دەستپێکردنی جموجۆڵە سەربازییەکانەوە هۆشداریی داوە و لە بەیاننامەی پێشووتریاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکان، مافی بەرگریی ڕەوا لە خۆیان بەکاردەهێنن، بەڵام وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەو هۆشدارییانە هێرشەکانی سوپای پاسداران ڕانەگیراون.
سەبارەت بە وردەکاریی دوایین پێشهاتی مەیدانی، یەرەکە ئاشکرای کردووە کە لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمدا، هێزەکانی ئێران جارێکی دیکە بە تۆپخانەی قورس دەوروبەری گوندی "دەگاگا"یان لە ناوچەی کۆساڵان تۆپباران کردووە. یەرەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەو تۆپبارانە و هێرشەکانی پێشووتریش بۆ سەر ناوچەکە، لەلایەن بنکەیەکی سەربازیی ئێرانەوە ئەنجامدراون کە دەکەوێتە دەوروبەری هەمان گوند (دەگاگا).
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەیی یەرەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانیان لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆیان، وەڵامی سەرچاوەی تۆپبارانەکە و هێرشەکانیان داوەتەوە، هەروەها پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە ئەنجامی ئەو تۆپباران و ڕووبەڕووبوونەوانەدا، هیچ زیانێک بەر هێزەکانیان نەکەوتووە.