لە سایەی زیادبوونی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ئامادەکاریی سەربازی بۆ ئەنجامدانی گورزێکی نوێ لە دژی ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووەوە توانیویەتی تواناکانی پیتاندنی ئەتۆمیی تاران لەناوبەرێت. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە ئیدارەکەی هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئێران ئەنجام نادات و ئاماژەی بەوە دا کە "بەم زووانە شتێک بە جۆرێک یان شێوازێکی دیکە ڕوودەدات".
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ لە میانی وتارێکیدا کە لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور پێشکەشی کرد، ئێرانی وەک "گەورەترین دەوڵەتی سپۆنسەری تیرۆر لە جیهاندا" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو تێچوو و باجەی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە ئەنجامی لێکەوتەکانی ئەم شەڕەدا دەیدەن، کەمە.
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: "ئێمە دەتوانین هەر ئێستا پاشەکشە بکەین، بەڵام دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی ئەو دەستکەوت و ئەنجامانەی لە ئێران بەدەستمان هێناون بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام دەبن." ناوبراو جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ئێستا دڵنیایی دەدات لەوەی تاران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پێشی وابوو کە دەبوو ئەم هەنگاوانە چەندین ساڵ لەمەوبەر بگیرایەنەبەر.
سەبارەت بە ئەگەری هەنگاوی سەربازیی نوێ، ترەمپ ڕوونی کردەوە کە زۆربەی خەڵک پێشبینیی ئەوە دەکەن واشنتن لە دوای هەڵبژاردنەکان کارێک لە دژی ئێران ئەنجام بدات، بەڵام خۆی لە ئاشکراکردنی هەر وردەکارییەک لەوبارەیەوە بەدوور گرت و تەنیا بە وتنی "دەبینین چی ڕوودەدات" وەڵامی دایەوە، لە هەمان کاتدا دووپاتی کردەوە کە دەرگای دانوستان بەڕووی ئێرانییەکاندا داخراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشهاتێکی نوێ دێتە ئاراوە.
ئەم هەڵوێستەی کۆشکی سپی هاوکاتە لەگەڵ زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و بەرپرسانی ئەمریکی کە ئاشکرایان کردووە، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل نەخشەڕێگە و پلانی تایبەتیان بۆ دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران داڕشتووە، کە وا بڕیارە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا لە سێی مانگی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانە، پلانە سەربازییەکە پشت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی کورتخایەن بەڵام چڕ و بەرفراوان دەبەستێت. بۆ ئەو مەبەستەش هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل مەشق و ڕاهێنانە هاوبەشەکانیان چڕتر کردووەتەوە و فڕۆکە جەنگییەکانیان بەسەر ئاسمانی عێراقدا گەشتی ئاسمانییان ئەنجامداوە وەک پرۆڤەیەک بۆ مانۆڕی هێرشکردن. پێشبینیش دەکرێت ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە پێکهاتبن لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ژێرخانی کەرتی وزە، و جبەخانەی مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و سەربازیش، بەرپرسانی ئەمریکا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لەم هەفتەیەدا پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە سەردانێکدا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی دەستپێکردنی هێرشە نوێیەکان.
پاشخانی ڕووداوەکان و فشارە ئابوورییەکان
بەرپرسانی ئاگادار لە دۆخەکە لەو باوەڕەدان کە ئەنجامدانی خولێکی دیکەی هێرشی سەربازیی بەرفراوان، دەتوانێت ئابووریی ئێران بخاتە سەر لێواری داڕمان و دواجار تاران ناچار بکات دوای نزیکەی هەشت مانگ لە بەردەوامیی ململانێکان، مل بۆ سازش و پێدانی ئیمتیازاتی دیپلۆماسی بدات.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداریشدا، بەرپرسانی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو (١٩ی ١٠ی ٢٠٢٦)، دەیان فڕۆکەی جەنگیی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل مانۆڕێکی دوورمەودایان ئەنجامداوە و تا نزیک سنوورەکانی ئێران پێشڕەوییان کردووە.
ئەو مانۆڕە ئاسمانییە کە لە دووریی زیاتر لە ٨٠٠ میل لە سنوورەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدرا، تەنیا یەک هەفتە پێش هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی ئیسرائیل بەڕێوەچوو، و هاوکات بوو لەگەڵ هەمان ئەو ڕۆژەی کە تێیدا وەزیری بەرگریی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بنکەی هێزی ئاسمانیی "ئۆڤدا" کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.