سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، دەربارەی بڕیارێکی دادگای کارگێڕیی شارەکە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی دەرچووە تەنها پەیوەستە بە کەیسێکی دیاریکراوەوە، تا ئێستا پلەی بنەبڕیی (کۆتایی) وەرنەگرتووە و ناکرێت وەک بڕیارێکی گشتگیر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئاوێنە: لە ڕوونکردنەوەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پرسی خاوەندارێتیی موڵک و خانووبەرە لە سنووری سلێمانی، هاوشێوەی سەرجەم شارەکانی دیکەی عێراق، بەپێی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ڕێکخراوە. دادگاکە دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ ڕێگرییەکی یاسایی لەبەردەم هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراقدا نییە بۆ کڕین و خاوەندارێتیی شوقە و خانووبەرە لە شارەکەدا.
ئەم هەڵوێست و ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دادگای کارگێڕیی سلێمانی بڕیاری ژمارە (٥٧/ک/٢٠٢٦)ی دەرکرد. لەم بارەیەوە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوە بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی تەنها فەرمانێکی کارگێڕیی تایبەتی هەڵوەشاندووەتەوە و پەیوەندیی بە بنەما گشتییەکانەوە نییە، هەربۆیە مافی یاسایی و دەستووریی سەرجەم هاووڵاتییان بۆ خاوەندارێتی وەک خۆی پارێزراوە.