جەنگی ئێران کە لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە بەردەوامە، پێ دەنێتە قۆناغێکی یەکجار هەستیار و ئاڵۆزەوە. جووڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی ئەم دواییە لەگەڵ جموجۆڵی سەربازی و لێدوانی توندی بەرپرسانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران یەکتریان بڕیوە؛ دۆخێک کە هیچ ئاماژەیەکی بۆ نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە تێدا بەدی ناکرێت.
ئاوێنە: ئەم پێشهاتانە تەنها ڕۆژێک دوای سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران دێن کە بە مەبەستی نێوەندگیری ئەنجام دران. هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانەدا، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا سەردانێکی ڕانەگەیەندراوی بۆ ئیسرائیل ئەنجام داوە کە تا ئێستا دەرەنجامەکانی ئاشکرا نەکراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان و لێدوانە فەرمییەکان، ئەگەری هەڵگیرسانی شەپۆلێکی نوێی پێکدادانەکان بەهێزتر بووە؛ تاران پێداگرە لەسەر مەرجە پێشوەختەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ، واشنتن ئاستی داواکارییەکانی بەرزتر کردووەتەوە، و تەلئەڤیڤیش فشار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان.
هەڵوێستی ئێران: نەخشەڕێگای ٧ ڕۆژە و پاراستنی ژێرخانی ئەتۆمی
لە بەرەی ئێرانەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە تاران هەوڵ بۆ ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و شەرەفمەندانە" لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەدات. عێراقچی ئەمەی بەستەوە بە نیشاندانی نیازپاکی و جددییەتی واشنتن بۆ ڕاگرتنی هەمیشەیی ئەوەی بە "دەستدرێژی" ناوی برد، و جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن.
لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" بڵاوکراوەتەوە، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتاکانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراقچی ئاشکرای کرد کە سەرەڕای جیاوازیی کارنامەکان، پەیامی ئێران لە هەموو دیدارەکاندا یەکگرتوو و نەگۆڕ بووە. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پلانێکی ٧ ڕۆژەی ڕادەستی لایەنی ئەمریکی کردووە کە هەنگاوە پێویستەکانی هەردوولا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دیاری دەکات. بەپێی پلانەکە، لە ڕۆژی شەشەمدا گەرووی هورمز بە تەواوی دەکرێتەوە و لە ڕۆژی حەوتەمیشدا دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دەست پێ دەکەنەوە. عێراقچی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم پێشنیارە هیچ داواکارییەکی تێدا نییە کە واشنتن پێشتر ڕەزامەندی لەسەر نیشان نەدابێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران پشتی بە خەمڵاندنەکانی ئاژانسی "مودیز" (Moody's) بەستووە کە ئاماژە بەوە دەکەن جەنگەکە لەمساڵدا نزیکەی ٢٦٥ ملیار دۆلار زیانی بە بەکاربەرانی ئەمریکی گەیاندووە، کە دەکاتە نزیکەی دوو هەزار دۆلار بۆ هەر خێزانێک، و بەرزبوونەوەی نرخی وزەش نزیکەی نیوەی ئەو تێچووە پێکدەهێنێت. هەروەها هێمای بۆ ئەوە کرد کە ئەم ژمارانە زیانەکانی ئابووریی جیهان و تێچووی بنکە سەربازییە زیانلێکەوتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ناگرێتەوە.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، عێراقچی دووپاتی کردەوە کە ئێران بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە، هەژموونێکی بێهاوتای بەسەر هاتووچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا دەمێنێتەوە و ئەو ڕێڕەوەش جێگرەوەی نییە سەرەڕای باسکردن لە ڕێگەی دیکە. وتیشی وڵاتەکەی بە نیازە ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە پاراستنی گەرووەکە و دابینکردنی ئاسایشی تێپەڕبوونی یاسایی کەشتییەکان بگێڕێت. لە کۆتاییدا هۆشداریی دا کە هەر پەرەسەندنێکی نوێی سەربازی، هاووڵاتیانی مەدەنی و ئابووریی ناوچەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە و گەڕانەوەی واشنتن بۆ بژاردەی سەربازی دەبێتە هۆی شکستێکی ستراتیژیی گەورەتر، و ڕایگەیاند: "ئێران بۆ هیچ هێزێک ناچەمێتەوە."
مەرجەکانی تاران لەسەر مێزی نێوەندگیری پاکستان
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، تاران بە فەرمی هەڵوێستی خۆی گەیاندووەتە ئیسلام ئاباد کە ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت، و بە هەموو شێوەیەک گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی بۆ دەرەوەی خاکەکەی ڕەتکردووەتەوە. هاوکات ڕاگرتنی هەڕەشەکان و هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکانی کردووەتە مەرجی پێشوەختە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە میانی پێشوازیکردن لە عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان ڕایگەیاند: "تەنانەت بڕێکی زۆر کەمیش لە ماددە ئەتۆمییە پیتێندراوەکان ناچێتە دەرەوەی ئێران"، و ئەو ماددانەی بە سامانێکی نیشتمانی وەسف کرد کە تایبەتە بە بەکارهێنانی ناوخۆیی. ڕەزایی جەختی کردەوە کە دانوستانەکان دەست پێ ناکەنەوە تا واشنتن هەنگاوی کردەیی بۆ دروستکردنی متمانە نەنێت، کە یەکەمیان جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێرانە.
هەریەک لە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار و محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەمان هەڵوێستیان لە بەردەم شاندە پاکستانییەکە دووپات کردەوە و پێداگرییان لەسەر جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکەی ئێران کرد بۆ بەدەستهێنانی متمانەی تاران. پزیشکیان ڕایگەیاند: "پێویستە ئەمریکییەکان سەرەتا هەڕەشە و سزاکان هەڵبگرن، دوای ئەوە دەتوانین دەست بە گفتوگۆ بکەین." ئاماژەی بەوەش دا کە گەلی ئێران ئەمڕۆ متمانەی بە ئەمریکا نییە و پێی وایە ئەگەر بچێتە ناو دانوستانەوە، دووبارە هێرشی دەکرێتە سەر. سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەممە بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە واشنتن ناتوانێت لە ژێر سایەی گەمارۆ و هەڕەشەدا چاوەڕێی گفتوگۆ بکات.
لە لایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی مەیدانی، لە گەرووی هورمز و دەریای عومان چوار کەشتیی نەوتهەڵگر بەهۆی پێکدادانیان بە مینی دەریاییدا لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون تەقینەوە. گوتەبێژی سوپای پاسداران بەردەوامیی داخستنی گەرووەکەی بە ڕووی کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکاندا پشتڕاست کردەوە و بانگەشەکانی واشنتنی سەبارەت بە توانای پاراستنی تێپەڕبوونی نەوت بە "بێ بنەما" وەسف کرد.
هاوکات کەناڵی "پرێس تی ڤی"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنییەوە بڵاوی کردەوە کە تاران خۆی بۆ جەنگێکی گشتگیر، فرەڕەهەند و بەرفراوان ئامادە دەکات. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە تاران بڕیاری کۆتایی داوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بەبێ هیچ سنوور و کۆت و بەندێک، و هێزەکانیان ئامادەن بۆ تێکشکاندنی بەرژەوەندییەکانی لایەنی هێرشبەر و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا.
هەڵوێستی ئەمریکا: بەردەوامیی گەمارۆکان و قورسیی ڕێککەوتن
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی کردەوە کە جەنگەکە بە هەر شێوەیەک بێت زۆر بە خێرایی کۆتایی دێت و لەگەڵ کۆتاییهاتنیشیدا نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. ترەمپ ڕایگەیاند کە تێچووی ئێستای جەنگەکە نرخێکی زۆر کەمە لە بەرامبەر ڕێگریکردن لەوەی "یەکەمین دەوڵەتی سپۆنسەری تیرۆر لە جیهاندا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی کە ئیدارەکەی کار دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و ئەوان کارێکیان کردووە کە دەبوو ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا زۆر دەمێک بوو ئەنجامیان بدایە. هەروەها بەرپرسانی تارانی بەوە تۆمەتبار کرد کە گرەو لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی جەنگەکە دەکەن بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس (Midterm Elections).
لەلایەن خۆیەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێڕای پێشوازیکردن لە هەوڵەکانی نێوەندگیری، گەیشتن بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران بە "یەکجار قورس" وەسف کرد. ڕوونیشی کردەوە کە هەر بڕیارێک سەبارەت بەوەی چی پەسەند دەکرێت لە دەستی ترەمپدایە، لە کاتێکدا ترەمپ و وەزیری جەنگەکەی ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر دووپات کردووەتەوە. ترەمپ جەختی لەوەش کردووەتەوە کە کۆتاییهێنان بە جەنگ بەستراوەتەوە بە گرەنتیکردنی ئەوەی تاران لە داهاتوودا چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ تاوتوێکردنی هەماهەنگیی هێرشبەری و بەرگری لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
سەبارەت بە دۆخی دەریایی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بانگەشەکانی داخستنی گەرووی هورمزی بە مین ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ٩٥%ی کەشتییەکان بە سەرکەوتوویی تێپەڕیون، و گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانیش بەردەوامە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەناردەی نەوتی دامەزراوەی "خارک" لە مانگی ئابەوە وەستاوە و ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە ١٠٠%، و دۆخی دارایی تارانی شوبهاند بە کۆمپانیایەک کە بەرەو مایەپووچبوون هەنگاو دەنێت. هاوکات ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" لە زاری جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپییەوە بڵاوی کردەوە کە ئێران لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و هەوڵەکانی گەمارۆی دەریایی و ئاسانکاریکردن بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەنداو سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش داوە کە واشنتن پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول هیچ هێرشێکی نوێ ناکاتە سەر ئێران.
هەڵوێستی ئیسرائیل: پلانێکی ئامادەکراو و چاوەڕوانیی بڕیاری واشنتن
لە بەرەی ئیسرائیلیشدا، ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کردووە کە بنیامین نەتەنیاهۆ هەوڵ دەدات هێرشە بەرفراوانەکان بۆ سەر ئێران دەست پێ بکاتەوە، و لە سەرەتای ئەم مانگەدا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە پلانی هێرشێکی نوێ و گەورە دابڕێژن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، سوپای ئیسرائیل پلانێکی بۆ هەڵمەتێکی بۆردوومانکردن ئامادە کردبوو کە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت و بڕیار بوو لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا جێبەجێ بکرێت. پلانەکە ژێرخانی مەدەنی و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دەکردە ئامانج و لە ڕووی توندوتیژییەوە هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلی تێدەپەڕاند کە لە مانگی شوباتدا دەستی پێ کرد. بەڵام بەهۆی دژایەتیی ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، پلانەکە جێبەجێ نەکرا.
لە ئێستادا بەرپرسانی ئیسرائیل، پشتبەست بە زانیاریی هەواڵگریی نوێ، لیستێکی نوێکراوەی ئامانجەکانی ناو ئێرانیان پێشکەش کردووە. سەرچاوەکان پێیان وایە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چەند هەفتەی داهاتوودا سیناریۆیەکی دوور نییە.
ڕاپۆرتەکەی فاینانشیاڵ تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە بژاردەی بەردەست لە ئێستادا یان "ڕێککەوتنە یان هێرشکردن"، و ئامانجی سەرەکیی ئەمریکاش ناچارکردنی ئێرانە بە قبووڵکردنی مەرجەکانی واشنتن لە هەردوو دۆسیەی گەرووی هورمز و بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا، و پێدەچێت ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی سوپای ئیسرائیل پێشنیاری کردووە، بەشێک بێت لە هەوڵەکان بۆ خستنەسەری فشاری زیاتر بۆ سەر تاران لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا.