بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "ئەلئەخبار"ی لوبنانی، لە ئێستادا جوڵەیەکی سیاسی چڕ لە عێراق بەڕێوەدەچێت بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ دۆسیەی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران (حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان). دیارترین هەنگاویش کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پێشنیاری گواستنەوەی ئەندامانی ئەو گروپانە و خێزانەکانیانە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق. ئەم پێشهاتەش هاوکاتە لەگەڵ خێراتربونی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران، کە تێیدا ئێران بە توندی جەخت لەسەر بنەبڕکردنی بونی ئەو هێزانە لە نزیک سنورەکانی دەکاتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و ئێران گەیشتوەتە قۆناغێکی وەرچەرخان کە لە چەند دەیەی ڕابردودا وێنەی نەبوە. لە ڕوانگەی تارانەوە، مانەوەی ئەو گروپانە لەسەر سنورەکان وەک "بۆشاییەکی ئەمنی" سەیر دەکرێت کە لەلایەن نەیارەکانییەوە دەقۆزرێتەوە، هەر بۆیە هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەمەبەستی پاراستنی سنورەکان لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە.
لەو چوارچێوەیەدا، محەمەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، ئاشکرایکردوە کە لە پاش کۆبونەوەیەکی لیژنەی ئەمنی هاوبەش کە بە سەرپەرشتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەڕێوەچوە، گەیشتونەتە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەو گروپانە لە هەرێمی کوردستان دەربکرێن، یان ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێنەوە.
باڵیۆزەکەی ئێران ڕونیشیکردوەتەوە کە ئەم هەنگاوە پێداگریی تاران نیشان دەدات بۆ کۆتاییهێنان بەو چالاکییانەی کە بە "تێکدەرانە و ناسەقامگیرکەر" وەسفی کردون، هاوکات ئەمریکا و ئیسرائیلیشی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە پاڵپشتی و چاودێریی ئەو هێزانە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەکە لە زاری چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی پرسی کوردەوە گواستویەتیەوە کە ئەم پێشهاتانەی دوایی نیشاندەری درکپێکردنێکی زیاتری هەردوو حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێم لە هەولێرە سەبارەت بە پێویستیی پێداچونەوە بە سیاسەتەکانی پێشودا لەبەرامبەر ئەو گروپانە، بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران.
لەبارەی لێکەوتە مەیدانییەکانەوە، ئیبراهیم ئەلمەندانی، توێژەر و سیاسەتمەداری شارەزا لە دۆزی کورد، پێیوایە کە ئاڕاستەی دورخستنەوەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران دەرئەنجامێکی فەرزکراوی بارودۆخی مەیدانیی ئێستایە. ئەو دەڵێت کە ئەم هەنگاوە دەچێتە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکانی پێشوی نێوان بەغدا و تاران، و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆشی بە پێشهاتە مەیدانییەکان و ئەو فشارانەوە هەیە کە ڕوبەڕوی هەرێمی کوردستان بونەتەوە.
ئەلمەندانی ڕونیشیکردوەتەوە کە بونی ئەم گروپانە بارگرانییەکی قورسی سیاسی و ئەمنیی بەسەر حکومەتی هەرێمدا سەپاندوە، بەتایبەتی پاش ئەو زنجیرە هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کرانە سەر بارەگاکانیان، کە هاوکات بوو لەگەڵ هۆشدارییە توندەکانی ئێران.
لەژێر سایەی فشاری بەردەوامی ئێران بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی، سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان بە ڕۆژنامە لوبنانییەکەیان ڕاگەیاندوە کە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق، بەتایبەت لایەنەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"، ژمارەیەک پێشنیاریان لەسەر مێزی گفتوگۆ داناوە. دیارترین پێشنیاریش بریتییە لە چۆڵکردنی بارەگای گروپە کوردییە ئێرانییەکان لە هەولێر، سلێمانی و کۆیە، و گواستنەوەی ئەندامەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست یان باشوری عێراق.
سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکراکردوە کە پارێزگای موسەنا، و بەتایبەتیش شاری سەماوە، وەک یەکێک لە دیارترین ئەو ناوچانە پێشنیار کراوە بۆ ئەوەی کەمپ یان ناوەندێکی نیشتەجێبونیان بۆ دروستبکرێت، بە مەرجێک ئەو ناوەندە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی حکومەتی فیدراڵی عێراقدا بێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە هەماهەنگییە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنورەکان بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەک لە هەڵوێستەکاندا دەبینرێت؛ لە کاتێکدا ئێران داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی فراوانتر دەکات بۆ چارەسەرکردنی بونی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە هەرێم، لایەنی کوردی جەخت لەسەر پابەندبون بە بەڵێنە ئەمنییەکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ناوچە سنورییەکان دەکاتەوە.