بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە شاری هەولێر، وێڕای ڕەهەندە ڕۆشنبیری و مەعریفییەکەی، جووڵەیەکی دیاری بازرگانی و ئابووریی خستووەتە بازاڕەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە و چەندین کەرتی جیاوازی خزمەتگوزاریی بووژاندووەتەوە.
ئاوێنە: لە میانی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی پێشانگاکەدا، نیان ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی چاپ و بڵاوکردنەوە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر سنووری چالاکییەکی ڕۆشنبیریی تێپەڕاندووە و بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ دروستکردنی جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی لە شارەکەدا.
بە وتەی ناوبراو، لەم خولەی پێشانگاکەدا ٤٠٠ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدارییان کردووە کە نوێنەرایەتیی نێوان ١٨ بۆ ٢٠ وڵاتی جیاواز دەکەن، هاوکات نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێب تێیدا نمایش کراون، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و ئەرێنیی لەسەر بازاڕی ناوخۆ دروست کردووە.
سەبارەت بە کاریگەرییە ئابوورییەکان، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕوونی کردەوە کە سوودمەندبوونی دارایی تەنیا لە چوارچێوەی دەزگا و ناوەندەکانی فرۆشتنی کتێبدا قەتیس نەماوە؛ بەڵکوو بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیاران و شاندە دەرەکییەکان، کەرتەکانی هۆتێل، چێشتخانە، کافتریاکان، هێڵەکانی گواستنەوە و تەکسی، هەروەها بازاڕی کارە دەستییەکانیش بووژانەوەیەکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی چاپ و بڵاوکردنەوە تیشکی خستە سەر لایەنە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی ئەم چالاکییە و ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنان کرد. نیان ئەحمەد گوتی: "ئەم پێشانگایە بووەتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ زۆرێک لە کچان و ژنانی خاوەنکار، تا بتوانن کارە دەستییەکان و ئەو بەرهەمە ناوخۆییانەی خۆیان کە مۆرک و بۆنوبەرامی کوردەوارییان پێوەیە نمایش بکەن و سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ خۆیان دابین بکەن."
لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم بەشدارییە فراوانەی خانمان، نیشاندەری ئاستی کرانەوەی ئەرێنیی کۆمەڵگەی کوردستانە بەراورد بە دەیان ساڵ لەمەوبەر، بە جۆرێک کە لە ئێستادا ژنان بە شێوەیەکی کارا و کاریگەر هاتوونەتە ناو بازاڕی کارەوە.