وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی عێراق: داوا لە كۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەكەین، پشتیوانی پاراستنی سەروەری عێراق بكەن
  2024-01-24       365       

یەحیا ڕەسوول بڵاوی كردەوە، ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ سەر شوێنە سەربازییەكانی عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی جورف سەخاری و قائیم، زیانگەیاندنە بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەكەین، پشتیوانی پاراستنی سەروەری عێراق بكەن.

یەحیا ڕەسووڵ وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بارەی هێرشی شەوی ڕابردووی ئەمریكا بۆ سەر حەشدی شەعبی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ سەر شوێنە سەربازییەكانی عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی جورف سەخاری و قائیم، زیانگەیاندنە بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق، لە كاتێكدا لێكتێگەیشتنەكان سەبارەت بە ڕۆڵ و ئەركی ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و ڕێكخستنی پەیوەندیی داهاتوو هەنگاوێكی ئەرێنیی نراوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، ساڵانێكە بە ئاشكرا سەروەری عێراق پێشێل دەكرێت، لە كاتێكدا ناوچەكە بەدەست مەترسی فراوانبوونی ململانێ و كاردانەوەكانی دەستدرێژی بۆ سەر غەزە و دەرئەنجامەكانی ئەو شەڕەوە دەناڵێنێت، تەنانەت زلهێزەكان بە ئەمریكاشەوە لە بەرامبەر ئەم تاوانانە بێدەنگ بوون، دەبینین دێنە ناو كردەوەی شەڕانگێزییەكانی دژ بە خاكی عێراق و سەروەری .

دەشڵێت، داوا لە كۆمەڵگەی نێودوڵەتی دەكەین، پشتیوانی پاراستنی سەروەری عێراق بكەن، هەروەها ڕێگری لە هەموو سەرپێچییەك بكەن، كە مەترسی لەسەر سەقامگیری و سەروەری عێراق دروست بكات.

پێشتریش یەحیا ڕەسووڵ ئیدانەی هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركی بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق كرد بوو، چونكە هێرشەكانی توركیا پێشێلكردنی بڕگەكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پێشێلكردنی بنەما نەتەوە یەكگرتووەكانە، عێراق مافی خۆیەتی كۆتایی بەم پێشێلكارییانە بهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×