بەكر حەمەسدیق: هیچ مەرجێكی یاسایی بۆ جێكردنەوەی "هەژماری من" لە تەوتین دا نییە
  2024-05-01       604       

به‌كر حه‌مه‌سدیق، پارێزەری سکاڵاکارانی داوای موچەی فەرمانبەران لە دادگای فیدراڵی رایگه‌یاند، هیچ مەرجێکی یاسایی بۆ جێکردنەوەی هەژماری من لەتەوتیندا نییە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی رونە کە باس لە بانکە فیدراڵییەکان دەکات.

ئاوێنە: به‌كر حه‌مه‌ سدیق، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "چ لە یاسای دادبینی شارستانی، چ لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکەشدا وشەیەکمان نییە بەناوی راستکردنەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، جا حاڵیان ئاوایە بۆیە رۆژیان گەیشت بەم حاڵە جوانە کە نەزانن دو دەستەواژەی یاسایی لێک جیابکەنەوە، دەستەواژەی راستکردنەوە بەکاربهێنن بۆ بڕیای دادگای فیدراڵی، لای خۆی راوێژکاری یاساییان هەیە جێی خۆیەتی دەستەواژەکان بۆ حکومەتی هەرێم راستبکەنەوە."

وتیشی: "مادەی 45 کە باسی هەموار دەکات، مەرجی داناوە، ئەویش، یەکەم، دەبێت پێویستی دەستوری هەبێت، دوەم، نابێت دەستکاری مافی بەدەستهاتو بکات، ئەو بڕیارە دۆخێکی یاسایی هێناوەتە پێشەوە کەپێشتر نەبوە، واتە مافی فەرمانبەران کە بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەدەستهاتوە، هەروەها میکانیزمی وەرگرتن و گەیاندنی مافەکەش بە فەرمانبەر، کە هەردوکیان پێشتر نەبوە، بۆیە نابێت ئەو هەموارە دەستکاری ئەو دو خاڵە بکات، کە بە بۆچونی من هەژماری من دەستکاری هەردوکییان دەکات، بۆیە ناکرێت هەموار بکرێتەوە".

باسی له‌وه‌شكرد: "من وەک پارێزەری داواکارانی ئەو سکاڵایە تەنها لە رێگای راگەیاندنەوە ئەو هەوڵەم بیستوە، رۆژانەش وێب سایتی دادگا دەکەمەوە هیچ وادەیەکی دانیشتنی دادگا سەبارەت بە بابەتی لەوجۆرە نەدراوە، بەڵام عادەتەن دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ناچێت لەڕوە یاساییەکەوە بکات رێی تێدەچێت چوبێت قسەی لەگەڵ ئەو هێزە سیاسیانە کردبێت کە لەپشت ئەندامانی دادگاوە وەستاون، بەڵام مەرج نیە ئەنجامی هەبێت ئەو هەوڵە."

به‌كر حه‌مه‌سدیق رونیشكرده‌وه‌: "هیچ مەرجێکی یاسایی بۆ جێکردنەوەی هەژماری من لەتەوتیندا نییە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕونە کە باس لە بانکە فیدراڵییەکان دەکات، باسی هج بانکێکی ئەهلی تێدانییە، تەنانەت باسی هیچ بانکێکی هەرێمیشی تێدانییە."

وتیشی: "بۆیە هەر گۆڕانکارییەک یەکەم کەس و لایەن کە عەیبدار دەبێت بریتییە لە خودی دادگای فیدراڵی، چونکە هیچ میسداقیەتی نامێنێ کە بکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسی چەند لایەنێکی سیاسی و هەرێم کۆببنەوە، بڕیاری خۆی بگۆڕێت، بڕواناکەم دادگای فیدراڵیش بەئاسانی ئەوە بکات، شتی وانییە دادگا بە رونکردنەوە بڕیاری خۆی بگۆڕێت بەڵام ئەوە کفری یاساییە، سەبارەت بەپاشگەزبونەوەش لە بڕیارەکە کە پەیڕەوی ناوخۆ باسی کردوە، کاتێک دەبێت کە بەرژەوەندی دەستوری هەبێت، ئەرێ بەس پێم بڵێن بەرژەوەندی دەستوری لە هەژماری مندا چییە؟ نابێت و شتی واناکرێت."

وتیشی"ئەوەشی بوترێت با هەژماری من و بانکەکانی حکومەتی عێراقیش هەبێ، بکرێتە ئیختیاری بۆ ئەوەی فەرمانبەری هەرێم کامیان هەڵدەبژێرێت، بەڕاستی لە هەرەمی کوردستان شت کە بوە ئیختیاری واتای ئیجباری، واتە شتێکمان نییە بڵێ ئیختیارییە لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە بۆ هاوڵاتییان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×