پێشبینی كەشناسی هەرێم بۆ كەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتو
  2024-05-03       152       

كەشناسی هەرێم رایگەیاند، لە 48 سەعاتی داهاتودا باران بارین بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆ هەینی پلەكانی گەرما زیاتر دادەبەزن و سبەینێ كەمێك بەرزدەبنەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان بەگشتی هەوری باراناوی دەبێت، بارانی مامناوەندو تاوەباران لە ناوچەی جیاجیا دەبارێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆ کاریگەرییەکە بەهێز دەبێت و هەورەتریشقەو لێزمەباران لەزۆربەی ناوچەکان دەبێت بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان، هەروەها بۆ کاتەکانی شەو پێشبنی دەکرێت کاریگەری ئەو شەپۆلە لەزۆربەی ناوچەکان بەردەوامی هەبێت بەڵام لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای هەولێر ئیدارەی سۆران و پارێزگای دهۆک زیاتر دەبێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەمڕۆ پلەكانی گەرما بە نزیكەی 2 تا 5 پلە نزمتر دەبن بەراورد بە تۆماركراوەكانی دوێنێ.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان هەورى باراناوی دەبێت و لێزمەباران و هەورە بروسکەی ناوبەناو لە زۆربەی ناوچەکان بەشێوەی پچڕپچڕ بەردەوامی دەبێت و لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکە کەمێک لاواز دەبێت و پلەكانی گەرماش كەمێك بەرزتردەبن لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 21 سلێمانی: 20، دھۆک: 21، کەرکوک: 25، ھەڵەبجە: 20، سۆران: 19، گەرمیان: 26 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×