پەرلەمانتارێكی یەكێتی: خەڵك نیگەران مەكەن، موچە مانگانە لە بەغداوە دێت
  2024-05-03       238       

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویست ناكات خەڵك نیگەران بكرێت، ئەوە بڕیاری دادگای فیدراڵییەو موچە مانگانە لە بەغداوە دێت. ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لەزاری وەزیری دارایی عێراقەوە بڵاوكرایەوە كە وتویەتی، موچە نانێرم چونكە حكومەتی هەرێم پابەندی هیچ شتێك نەبوە.

ئاوێنە: كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی ئەوە "بڕیاری دادگای باڵای فیدرالییە موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان مانگانە لە بەغداوە دێت، پێویست ناکا خەڵک نیگەران بکەن، بڕیارەکانی دادگا هێندە بێهێزنین وەزیرێک بتوانێ جێبەجێیکردنی رابگرێ."

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"هەردو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدرالی نزیکن لە چارەسەری ئەژماری بانکی و تەوتین."

كاروان یاروەیس لەبارەی نوسراوی حكومەتی هەرێم بۆ حكومەتی عێراق لەبارەی بەشداریكردنی بانكی تی بی ئای لە پڕۆسەی تەوتین، وتویەتی"نوسراوەکەی حکومەتی هەرێم رون نییە ئایا بانکی TBI وەک بانکەکانی تر بەشدار دەبێ لە تەوتین یاخود حەسریەن خۆی بەتەنیا پرۆسەکە دەکات." 

وتوشیەتی"ئەم بانکە متمانە پێیکراوە، موچەی زۆربەی سەرۆکایەتیەکان و پلە تایبەتەکان و دامەزراوە گرنگەکانی عێراق لای ئەوان تەوتین کراوە بە پەرلەمانی عێراقیشەوە، لەزۆربەی وڵاتان کارتەکەی دەتوانرێ بەکاربهێنرێ و بانکێکی فیدرالییە."

قسەكانی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی دوای ئەوە دێن كە دوێنێ لە زاری تەیف سامی، وەزیری وەزیری دارایی عێراقەوە بڵاوكرایەوە كە گوایە لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم رایگەیاندوە، موچەی موچەخۆرانی هەرێم نانێرم چونكە "حكومەت هەرێم پابەندی هیچ شتێك نەبوەو تا ئێستا لیستی هێزە ئەمنییەكانی نەناردوەو پابەندی رادەستكردنی نەوت نین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×