گۆڕان: ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و یەكێتییەوەیە
  2024-05-02       177       

رێكخه‌ری ژوری یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگەیاند، به‌هۆی ململانێ و ناكۆكی نێوان یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌یه هیچ كاتێك هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا نه‌كراوه‌و لە دوساڵی رابردوشدا ئەوان هۆكار بون بۆ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن. جەختیش دەكاتەوە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەكاری بۆ پرۆسەكە كردوە و دژی دواخستنی هەڵبژاردنە.

ئاوێنە: چۆمان محه‌مه‌د، رێكخه‌ری ژوری یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە میدیای رەسمی حزبەكەی وت، له‌ ساڵی (1992)ـ‌وه‌ به‌هۆی ململانێ و رێكنه‌كه‌وتنی یەكێتی و پارتییەوە هیچ كاتێك هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا نه‌كراوه،‌ تا ئێستا حه‌وت جار تەمەنی پەرلەمان درێژكراوه‌ته‌وه‌ هەروەها له‌ دو ساڵی رابردوشدا ئه‌و دو حزبه‌ هۆكاربون بۆ ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان له‌ واده‌ی خۆیدا.

وتیشی: بۆ ئەوەی دۆخەكە نەگات بە ئەم قۆناغەی ئێستا، بزوتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەی یه‌كه‌م هێزی سیاسی بوین پڕۆژه‌ یاسای بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا پێشكه‌شكردوه‌ بەپەرلەمان كردوەو كۆمسیۆنی هەرێمیش پڕۆسەكە بەڕێوەببات، بەڵام‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ئاسته‌نگیان دروستكرد.

لەسەر ئامادەكارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن، چۆمان محەمەد، جەختی كردەوە، گۆڕان دۆخی باشبێت یان خراپ، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ واده‌ی یاسایی خۆیدا، ئێستاش كه‌ واده‌ی هەڵبژاردن دیاریكراوە، بزوتنەوەی گۆڕان رێكاره‌كانی پڕۆسەكەی جێبه‌جێكردوه‌، لیست و كاندیدانی پێشكه‌شی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كردوه‌، بۆیه‌ هیچ هێزێك ناتوانێت موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر گۆڕاندا بكات.

لەوەڵامی ئایا هەڵبژاردن بۆ ئەو وادەی دوادەخرێت ئەنجام دەدرێت، رێكخه‌ری ژوری یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دۆخی ناوخۆیی و ئیقلیمی ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز بوه‌ هیچ گره‌نتیه‌ك نیه‌ هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ی دیاریكراوه‌ یان ئه‌و واده‌یه‌ی كه‌ بۆ دواخستنی باس ده‌كرێت ئه‌نجام بدرێت، بۆ پێدانه‌وه‌ی ره‌وایه‌تی و شه‌رعیه‌ت به‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن زۆر پێویسته‌.

چۆمان محەمەد راشیگەیاند: به‌رده‌وامی ئه‌م دۆخی ململانێ و ده‌ستبادانه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر چه‌ند كورسییه‌ك، ده‌روازه‌ی مه‌ترسی زیاتر به‌ روی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ هەروەها گریمانه‌ی ئاڵۆزبونی دۆخه‌كه‌ی لێده‌كرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×